
سۆران محهمهد
چی دەتباتەوە سەر قەڵەمبازەکانی سەر تولەڕێی نێو چیا سەختەکان؟
ڕێگاکان شوشەیەك بوون و شکان
وەکو بیرۆکەی دوای خەوەنوچکەیەك تێپەڕین
هەرچی بکەی ناگەڕێیتەوە سەریان
ئەمڕۆش دەبێتە بزەیەك لە نێو ساتە شەتەکدراوەکانی سبەینێ
پێبکەنە بەدەم ناسۆرە ڕووت و ڕەجاڵەکانەوە
ئەوەی ئەوان هەیانە دڵێکی پڕ سۆزو دەستێکی کورتی پڕ بەخشینە
ئەمڕۆ ئەوەی پانتاییەکان ڕووپۆش دەکا دەمامکە درۆزنەکانن،
پەیڤە پفدراوەکانن..
زمانە تەڕەکانن کە هیچ تۆڕێك نایان بەستێ
چی دەتباتەوە سەرچاوەی کانیلە زولاڵەکانی ژێر کەپرەکانی دڵسافی؟
کە ئەوڕۆ هەموو کوێربوونەتەوەو زیندانی کەڕولاڵ لەشوێنیان مرخەی دێ!
بۆخۆت بدوێ دوور لە هەموو قەرەباڵغيەکان
کە دەستت لەنێو دەستی سێبەری ڕۆژە سپییەکان ناوە
بێ دەربەست لە مەرگ
دووراو دوور دەڕوانی لە تەپ وتۆزی ژێر سمی وڵاخەکانی قەدەر
بەرەو کوێوە دەچن؟ نازانی تیرەکانی نەمری کێ دەپێکێ؟
نامەکانی قاسید بە کێ دەدرێ؟
لە هەر بازنەیەکی بووندا سەدایەك دێتە گوێ و ڕێسایەك بۆ گوتن دەبینرێ
دواتر هەمووشیان لە سەرتەختە ڕەشەکانی قوتابخانە بێ پەنجەرەکان
کاڵ دەبنەوەو بە خەتێکی لەرزۆك لە سەریان دەنووسرێ:
دوا وانە .. پشووە، بۆماڵی تەنگوتار ڕێبڕین دەربەستە
جارجاریش ڕووبەرێك بە وێنەی بیردۆزی بیرکای
ئەنجامی شاز دەبێ و لە دەری یاساکان دەکەوێ
بە کۆمەڵ خۆکوژی بە چەشنی (جۆنز تاون)
ڕووپەڕی ئاسۆکان دەتەنێ
تەماشای کوێ دەکەی بۆ بینین؟
بۆ زانینی کات و چاوانی دۆخ گۆڕین؟
پەیڤی سرك، بە چەشنی ڕووناکی لەتە ئاوێنەیەك
دەدا لە دیواری کۆڵانێك پڕاوپڕ، دروشم
نازانرێ کە شەوقی کام دەروون و ناخە
ئاماژەی هاتنی وەرزی پێنج، یان جەستەی بەش بەشم؟
زۆر ئاسان ئاوەها کە بەدەست ناگیرێ
بە مشتێ خاشاکی بریقەدار ناكڕدرێ
شەبەقێ بشكێنە لەو شەختە دڵڕەقە،
کيشوەری ڕەهایی دوور نییە، بەوێنەی شەفەقە
گوریسێ ڕایی کە بۆ نێو بیری فەرامۆشیی
داخۆ چەند بزەی سیس چاوەڕێی تروسکەن پڕ خۆشیی؟
بنواڕە لە کوێدا سەری دوند شکاوە؟
لە ناو کام دەسڕی سوور، نامەیەك نێژراوە؟
چ ڕۆژێکی نەحسە پڕ کۆڵانی شیعر، وا دەڵێن
جاڕدەرەو بە تەپڵی ئاگاهیی دەگەڕێ
بۆ لاقی پەڕیوی خامەیەك
دەستێکی دوو پەنجەی وشەیەك
گەردنی بڵندو بزری سەدایەك
لە لێواری ئاوابوونی چاخێکی برینداری ئاوەها
کێ ئەسڕێ لەسەر ڕووی ئەسرینێ پەڵەیەك؟
چی دەبوو ئەرستۆ ئەو هەموو پرسیارەی نەکردبا
لەسەری سوقراتا ئەو هەموو شوشەیە نەشكابا..
دانیشتن بۆ ساتێ لە وێزگەی هارمۆنیا
جێپێکان هەر وەکو هێڵێکی ئەندێشەی دەم سەحەر
دەچنە سەر تولەڕێی نێو دۆڵ و نشێوی پڕ کەسەر
ئەمجارە لەوێوە ڕێیەکی تر بگرە
بنواڕە دەفتەری کاروانی خۆرهەڵات، کەی دەگەن؟
جزمەکان لەوێدا پەرت بوون و
دەمێکی درێژە بۆ پێکان
چاوەڕوانیی دەکەن.
***