دوو کۆ دوو  دەکاتە یەک

 

ئەرسەلان حەسەن

 

ئارا لەگەڵ دایک و باوکی لە ژوورەوە دانیشتبوون. ژوورەکە تەواو ئارام و بێدەنگ بوو،  بەهێواشی خشەی پەڕەی کتێبەکەی باوکی و دەنگی تەلەڤزیۆنەکە دەهات. باوکی لەسەر کورسییەک دانیشتبوو و کتێبی دەخوێندەوە، دایکیشی تەماشای بەرنامەی دەستڕەنگینیی منداڵانی دەکرد لە تەلەڤزیۆنەکەدا.

ئارا، ئەرکەکانی ماڵەوەی تەواو کردبوو، گۆڤارێکی منداڵان و مێرمنداڵانی دەخوێندەوە کە باوکی بۆی هێنابووەوە.

لە گۆڤارەکەدا ئۆپەرێتێکی دەخوێندەوە باسی هەر  چوار پارچەی کوردستانی دەکرد، بە ناوی پایتەختەکانیانەوە.

ئارا سەری بەرزکردەوە و لە باوکی پرسی:

– باوکە، بۆچی دەڵێن چوار پارچەی کوردستان؟

باوکی کتێبەکەی پێوەدا، تەماشای ئارای کرد و بە هێمنی پێیوت:

– ئاراگیان، کوردستان تەنیا ئەو شوێنە نییە کەئێمە لێی دەژین. سەردەمێک کوردستان وڵاتێکی گەورە و یەک پارچە بووە، بەڵام ئەوانەی چاویان بە کورد و کوردستان هەڵنەدەهات، ئەو وڵاتەیان بەسەر چوار دەوڵەتدا، دابەشکرد: (عێراق، تورکیا، ئێران و سوریا).

ئارا کەمێک بیری کردەوە و دواتر پرسی:

– ئەی باشە، کورد هەوڵی یەکگرتنەوەی نەداوە؟

دایکی ڕووی لە ئارا کرد، دەستێکی لەسەر شانی دانا و بە دڵنیاکردنەوە وتی:

– با ئاراگیان، کورد لە هەموو پارچەکاندا بەردەوام هەوڵی داوە و هەروەها هەوڵ دەدات. ئەو ئاواتە لە دڵی هەموو کوردێکدا زیندووە. دڵنیا بە، ڕۆژێک ئەو ئاواتەمان دەبێتە ڕاستی.

باوکیشی قسەکەی بۆتەواو کرد:

– هەر کات لە پارچەیەک کورد پێویستی بە پشتیوانی بوبێت، کوردەکانی پارچەکانی دیکە دەنگیان بەرز کردووەتەوە و بەهانایانەوە چوون.

دایکی بە هەناسەیەکی قووڵ وتی:

– وەک ئێستا، کە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێویستیان بە پشتیوانییە. لە هەر شوێنێک کوردێک هەبێت، دەنگی بەرز دەکاتەوە بۆ پشتیوانیان.

ئارا بێدەنگ بوو. چاوەکانی لەسەر گۆڤارەکە لابرد، بەڵام بیری لای قسەکانی دایک و باوکی بوو.

دوای کەمێک، ئارا بە زەردەخەنەوە وتی:

– ڕاستە لە بیرکاریدا دوو کۆ دوو ناکاتە یەک و هەڵەیە، بەڵام ڕەنگە لە ژیاندا ڕاست بێت. ئێستا تێگەیشتم بۆچی ئەو ڕۆژە لەسەر لافیتەیەک نووسرابوو: دوو کۆ دوو دەکاتە یەک.

دایک و باوکی سەیری یەکتریان کرد. هیوایەکی گەورەیان لەو زەردەخەنەی منداڵەکەیاندا، بەدی کرد.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا