
بەکۆڵانەکاندا دەڕۆیشتم سەر شۆستەکان پڕبوون لە سەگ.
پڕبوون لە ورتکە نانی فڕێدراو،
پشیلەیەکی سەرمابردەم بینی نوزەی دەگەیشتە ئاسمان.
سەرمای سەگەکان لەناو گیانی من،
لە ڕۆحی درەختەکان،
لە سەر شەختەی شۆستەکان دەڕژا!
بە ڕووناکی ئێوارەکانەوە هەڵدەزنا.
پیرە مێردێکی نەخۆش، دەیگوت: لەگەڵ سەرما خۆم ڕادێنم،
ژنێکی بێوەژنی حەفتاساڵە، دەیگوت، سەڵام قەت کەسم نەما، چۆن بەرگەی لەرزینی ئەوساڵ بگرم؟
ناکاو گوێم لە فڕینی پەڕەسێلکەیەک بوو، لە گوێمدا گۆرانی ماڵ خرابوونی دەگوتەوە.
کەمێک خۆر بەدەرەوە بوو، بینیم، خێزانێک کۆمپلێت هاتنە دەر،
خۆیان لەبەر هەتاوەکە هەڵدەخست، بەیەکەوە چغەیان لە سەگەکان کرد،
بەبەردپشیلەکەیان ڕاونا،
کەسێک نەبوو بۆ وێرانبوونی ڕۆحی سەگەکان خەم بخوا!
چیتر سەگەکان لێرە، لە کۆڵانی ماڵی ئێمەناخەون.
سەگەکانمان ڕاونان و ئەوەندە هەتاوەی بەدەرەوە بوو داگیرمانکرد،
سەرما بەسەر جلکەکانمانەوە داگیرساوە،
سەرما لەسەر دڵمان داکوتراوە،
سەرما وەک ژەنەڕاڵێکی چاوچنۆکی وێرانکەر،
وەک ترسانێکی ڕەدوکەوتوو،
وەک شەیتانێکی حەرامزادە دێت و منداڵەکان دەکوژێ.
پەککەوتوەکان دەخاتە سەرجادە،
ناهێڵێ مردوەکانمان بشارینەوە،
ناهێڵێ کتێب بخوێنینەوە،
ناهێڵێ دڵمان بەشیعر خۆش بێت وجارێکیدی هەتاوی ئاسوودەیی بێتەوە.
بەکر ئاڵەیی
