
شلێر ئارۆشا - کامیاران
دزێک بوو
پێش ئەوەی هەموو چتێکم ببا
پێکەنینەکانی خۆر بوون
پێش ئەوەی بە چنگە تیژەکانی
یەخەم بدڕێ ،
بۆ بردنی دڵی قورسم
فووی ئەکرد لە گڕی سینگم
ئەیلێستەوە
خۆڵەمێشی بێقەراریم
ئینجا پۆکی لێئەدا و هەڵیئەمژی
تەواوی وزە و ڕۆح و گیانم
قەپی ئەگرت لە چناکەی خەمم
ئینجا خۆی ئەکرد بە دوکتورم
هاتبوو بۆ دزی
منیش هەرچی شتمە خستە نێو زار و مشت و گیرفانی
هاتبوو خاڵیم بکات
لە وەسوەسەی دووبارەی ڕامووسان
وتی:
تۆ کانیاوی
و منیش ڕێبوارێکی تینوو
تێپەڕی
تێپەڕیم
تێپەڕی…
وتی:
مەگەر تۆ کاتێ ئۆتۆموبیلەکەت خراپ دەبێ
ئەگری بۆی؟!
منیش
درگاکانم بە قۆفڵ و زەنجیر داخست و
کلیلەکەشم بەرەو دەریای فەرامۆشی بڕک دا