
بەیان ئیبراهیم
من ئەمزانی ….
لە ژێر ڕەهێڵەی ئەم بارانەدا !
دەبێ باخچەکەمان ئاو بدەم ،
دەمزانی دەبێ …..
بۆ هێورکردنەوەی ڕەشەبا
دەبێ شەماڵ لە زریان مارە بکەم ،
دەشمزانی ….
ژیان بەسەر ئەم چڵە ڕزیوەوە بەردەبێتەوە ،
چی لەم ڕۆحانە بکەین ،
چیتر ناتوانین !
ڕەنگەکانی پەلکە زێڕینە لێک جیا بکەینەوە ،
ناتوانین کانیەک دڵخۆش بکەین !
دەبێ ژنێتییم لەبن گا بەردێکدا بشارمەوە ،
دەمەوێت ڕۆحم ببخشمە چنارێک ،
ئەو کاتانەی شیعر ئاوەچۆڕ دەکات ،
دەبێت بەدوای ڕۆحی خۆمدا بگەڕێم ،
ئەو کاتانەی تاوسێک پڕ دەبێت لە جوانی ،
ئەم ڕۆحانە چی لێبکەین !
بە کام ڕێگای ڕووناکیدا بیگوازینەوە بۆ فەنابوون ،
بە چی گیاندارێکی بسپێرین
نامەکانی پەپۆسڵێمانە ،
بە گۆزەیەکەوە لەناو بەفردا بۆ ئاو دەگەڕێین ،
دارچنار بە دارشەقێکەوە سەوزایی دەفرۆشێت ،
ڕووبار پردەکان هەراج دەکات ،
جۆگە مەحکەمەی بەردەباز دەکات ،
شاخ دژی پێدەشت و
چیا لوتکە دادەڕوخێنێت ،
من و شیعر لە مەنفادا تەنیایی دەمانخنکێنێت ،
ڕۆحەکان بازدەدەن تا
بۆشایی گیانێکی تر داگیربکەن
