
بەرزان عەلی
دۆزەخ لێرەوە تێپەڕی
ڕوخسارێکی نورانی هەبوو
تک تک ئاوی لێدەچۆڕێت ،وەک ئەوەی کۆڵە پشتەکەی سەهۆڵ بێت
دڵی پڕ بوو کاتێک پێیان ووت ،هەمووجەستەت بەئاگر تاتۆ کراوە
چەند گوناه دیاربوو کاتێک ووتی ، بۆدەبێ من مرۆڤ بسووتێنم لەکاتێکدا خۆم سوتێنراوم
دەمزانی قوربانی دەستی ئەفسانەیەکە
مڕۆڤێکی هەیکەلی جوانی لەگەڵدا بوو
دەمامکی بەستبوو تانەناسرێتەوە
نایشارمەوە سەرسام بووم بەبێدەنگییەکەی
وەک مڕۆڤێکی ڕۆژهەڵاتی فزوڵ پێم ووت
ئەزیزم ئەمە پاسەوانتە یان هاوڕێتە
سەیرێکی ئەملاو لای خۆی کرد
ووتی باکەس نەزانێت ئەوە هاوڕێمە ناوی شەیتانە
ئاخر بۆ ڕوخساری خۆی داپۆشیوە بەوهەموو جوانییەوە
ووتی تاوانبار کراوە ڕوخساری بەبەرد شێوینراوە
دڵم پڕبوو بۆی دەمزانی بێ تاوانە
لەوشەوە بێ کۆتادا
دەمویست خۆم موتوربەی دۆزەخ بکەم
تامنداڵێک بهێنینە دونیاوە دڵی سەهۆڵ بێت
چەند مڕۆڤێکی سەیرین
بەشەودا حەزدەکەین شەیتانی بین پارەی سێکس نەدەین لەنێو خەیاڵدا بژین
کەچی بەڕۆژدا حەزدەکەین فریشتە بین شەیتان بکوژین تالەتاوان ڕزگارمان بێت
بەشەیتانم ووت ،بۆچی خودا زیندانی کردی
ووتی خودا ئازادی خۆش ناوێت
کاتێک قسەی دڵم کرد ،لەماڵەکەی خۆیدا زیندانی کردم ،بەبێ دادگایی
تۆزیندانی وەک منت بینیوە بێکەس بێت
کاتێک خودا میوانی دێت بۆدڵ خۆشی خۆیان بەرد بەڕوخساری مندا دەکێشن
گوناهن مڕۆڤەکان کاتێک وابیردەکەنەوە کەمن فیری تاوانیان دەکەم لەزیندانی خودا دا
مڕۆڤەکان بۆئەوەی ببنەوە بەئاو جلی سپی دەپۆشن
بێ ئاگان لەوەی کەخوداش نیگەرانی هەیە
جلی ڕەش دەپۆشێت لەهەموو وەرزەکاندا
خودا لەتاریکیدا دەبینرێت ،هەمووشتێک لەتاریکیدا دەدرەوشێتەوە
دۆزەخ هاتەگۆ ووتی پێم سەیرە کاتێک دەبینم مرۆڤ ئەم هەموو خودایەی هەیە دەیەوێت لەلای من بیان کاتە پەناهەندە
تۆتارمایت ؟
نامن مرۆڤم وشاعیرم
شاعیرەکان دژی ئێوەنین
شاعیرەکان زمانیان لەدڵیان نەرمترە
دۆزەخ ووتی لەماڵەکەی مندا مەلەفی شاعیرەکانم
بەدەستی فریشتەکانەوە بینی
پێدەچێت هەمووتان ببنە پەناهەندە
شەیتان وەک ئەوەی دڵی بۆم بسوتێت
وتی ڕەنگە شاعیرەکان نەدۆزەخی ،نەبەهەشتی
بەڵکو چەشنی هەوا ڕۆحیان دەفڕێت نامێنن
بابچینە ژورەوە بمان بینن منیش دەکوژن
کاتێک هاتنە نێو ژورەکەم ،سوجدەیان بۆ کتێبە کان برد
شەوێکی سارد بوو
دۆزەخ لەسەرمادا دەلەرزی کاتێک کۆڵە پشتەکەی داناو خۆی خزاندە نیو زۆپاکەوە
شەیتان دەمامکەکەی داناو ڕوخساری دەگە شایەوە
ئەوشەوە دەرگام داخست ،گڵۆپە کانم کوژانەوە
وەڵامی تیلی کەسم نەدایەوە
ئاخر دەترسام میوان بێت
ئەوکات قیامەت بەرپا دەبوو
دۆزەخ لەتاو سەرما ڤۆدکای بەخەستی دەخوارد
شەیتان نەرم نەرم ملی بیرەی دەشکاند
کاتێک هەموومان مەست بوین
ژیان جوانتر خۆی نیشان داین
مرۆڤ کاتێک مەستە بێت کەری لێ دەبێتە شاجوان
کاتێک بەدۆزەخم ووت لەم شەوە ساردەدا ،
دەمەوێت لەباوەشی گە رمی تۆدا بنووم
سەیرێکی شەیتانی کردو بزەی خستە سەر لێوی
شەیتان ڕوخساری تێک چوو ،نیگەرانی بە برینە کانی ڕوخسارییەوە دیار بوو
کۆتا بیرەی نەخواردەوە
کاتێک هەستم کرد خەریکە شەوە خۆشەکەمان تێک دەچێت بەئەسپایی پێم ووت دەردی تۆچیە ؟
من چەندین شەو لەباوەشی تۆدا نووستووم ،خەیاڵم پڕکردویت لەجوانی،پڕم کردیت لەماچ
ئیستا دوپێکی خوێڕیت خوار دۆتەوە
دەتەوێت بەبەر چاوی خۆمەوە خیانەت بکەیت
من بەوهەموو جوانییە وە نابینی کەچی دەتەوێت لەباوەشی دۆزەخدا بخەویت
بەرنەفرەتی ئەوبکەویت وەک چۆن ئێمە بەر نەفرەتی کەوتین
کاتێک بە تێکشکاوی هەستام پانتۆڵەکەم تەڕبوو
ئەوان ڕۆشتبوون
حەزەکەم بێنەوە
دونیایەک پرسیارم هەیە.
You sent
