مستەفا غەفور

شیعر وێنەیەكی ئاخێوەرە و تابلۆش شیعرێكی بێدەنگە . بەهرەی هزری شاعیر و وێنەكێش شیعر و وێنەیە. دەكرێ‌ بڵێین: توانای بەكارهێنانی وشە یان هەر كەرەستەیەكی زمانی، وەك توانای وەستایەكە، كە لە دروستكردنی بینایەكدا، لە زەوق و سەلیقە و بەكارهێنانی كەرەستەكانیدا دەردەكەوێت، سەلام عومەر لە دەرژێمە منداڵیمەوە هەم وەستا و هەم ئەندازیارێكە وشە و زاراوەی سادەی، وەك خشڵی جوان و پڕ بەها بەسیمای وێنە شیعرییەكانییەوە هەڵواسیوە.

كە وێنەیەك هەڵدەواسی، مانا، جوانی و پەیامی وێنەكە، بەهایەك بە وێنەكە دەبەخشن، ناكرێ‌ وێنەیەكی ئاسایی، سواو، دووبارە، بێ‌ رەمز و راز، بەدەر لە واقعی ژیان، رەنگدانەوەی خەیاڵێك بێ‌، بێ‌ پرنسیپ، بێ‌ ئاڕاستەو جڵەوی بەرهەڵدا كرابێ‌، بێ‌ گوێدانە هێما و مانای میتافۆڕی، رەنگ فرێداتە سەر تابلۆ، بێ‌ ریتم فڵچە بە ڕووی تابلۆدا بێنێ‌.

ناكرێ‌ چوارچێوەی تابلۆكە بەرجەستەتر بێ‌ لە وێنە و رەنگەكانی، ناكرێ‌ بێ‌ لەبەرچاوگرتنی سیمای گشتی، بێ‌ هاوتەریبی ئەندازەكان، بێ‌ مەبەست لە گۆشەیەك هەڵبواسرێ‌، بێ‌ پێكەوە گونجانی سیمای وێنەكە لەگەڵ دیوارەكە وەك باكگراوندێك، ئاوێتە بكرێن. ناكرێ‌ هەڵبژاردەی شوێنی وێنەكە ناشایستە و لەگەڵ بۆنەی هەڵواسینەكەی جیاوازییان ئاسمان و ریسمان بێ‌.

وێنەی شیعری بە وشەكان دەنەخشینرێ‌ و بە رستەكان بەرجەستە دەبێ‌، ریتمی رستەكان كاریگەرە لەسەر مانای دەقە شیعرییەكە، هەستی شاعیر كاریگەر لەسەر پەیام و زمانی شیعر و پەیامەكە دەخەمڵێنێ‌. شیعرەكانی (دەرژێمە منداڵیمەوە، كۆمەڵە وێنەیەكی بێدەنگن، گەرم وەك ژیلەموی ژێر خۆڵەمیش، كە بەهەر خوێندنەوەیەك پتر دەگەشێتەوە و پەیامەكە بەهێزتر دەكەن.

شیعرەكان تەنیا رەنگدانەوەی نۆستالیژیای كەسێك نین، رەنگدانەوەی نۆستالیژیای كونجێكی ئەم نیشتمانەن، كە میژووی خەباتی بە خوێنی رۆڵەكانی خۆی نووسیوەتەوە. رەنگدانەوەی حەزوو ئارەزوو نین، رەنگدانەوەی ناسۆر و كارەساتەكانی گەلێكی زۆڵم لێكراون، كە دوای سەدان هەزار قوربانی، لێشاوێك لە كەمئەندام، ئاپۆڕایەك لە بێوەژن و منداڵی بێ‌ سەرپەرست بەجێما و لە سەت ساڵ خەباتی سەخت و تێكۆشان و سی ساڵ دەسەڵاتی خۆماڵی، هێشتا نەهامەتییەكان بەرۆكیان بەرنەداوە.

دەڵێن نووسین پەنجەمۆری زەینە، هەڵەم نەكردووة ئەگەر بڵێم، كۆمەڵە شیعری دەڕژێمە منداڵیمەوە، رەنگدانەوەی ئەو هەستەیە، شاعێرێكی خاوەن هەڵویست و رۆڵەیەكی سەنگەر و تێكۆشەرێكی ئەو چینەی هەمیشە سووتەمەنی شۆڕش و راپەڕین بووە، بە خامە رەنگینەكەی لە دووتوێی دیوانێكدا تۆماری كروون... تەمەن و جوامێریت، خامە و بەرهەمت بەرەكەت كاكە سەلام.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا