
رۆمان
بەشی(٣١)
ماڵی مەلامان بە نیمچە زویربوون و سووکە شەڕێک جێهێشت.
مەلای دێیەکەی ئێمە، مەلاسەمەد، وەک گوتم مەلایەکی مەشرەب دەروێش بوو. شتی زۆر نالۆژیکی لەسەر مینبەر باس دەکرد. شتگەلێک، کە بە هیچ کلۆجێ نەدەچوو بە ئەقڵ و لۆژیکەوە.
ڕۆژێک من و هێمن بڕیارمان دا شەو بڕۆینە ماڵی مەلاسەمەد سەبارەت بە بیدعە و سەربڕین و(ولاء و براء) و یەکتاپەرستی و بیروباوەڕی ئیسلامی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین.
شەو ڕۆیشتینە ماڵی مەلا. پێشووتر مەلاسەمەد، لەسەر مینبەر چەندجارێک بە ناڕاستەوخۆ، هێرشی بۆ سەر من و هێمنەڕێوی کردبوو و بە وەهابی و کافر و لە دیندەرچوو وەسفی کردبووین.
من و هێمنەڕێویش لەناو خەڵکی دێ دەمانگوت ئەو مەلایە دەروێش و نەزانە و ئەو شتانەی ئەو باسی دەکات هەمووی درۆ و خورافە و قسەی گیرفانی شێخ و دەروێشەکان خۆیانە و هیچ پەیوەندییەکیان بە قورئان و سوننەتەوە نییە.
لەوێوە حەساسییەتێک و دژایەتییەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوانماندا دروست ببوو.
ئەو شەوە کە بێ ئاگادارکردنەوە من و هێمن ڕۆیشتین بۆ ماڵی مەلاسەمەد، تۆزێک شۆکێک بۆی دروست بوو و هەستی کرد من و هێمن شتێکمان لەژێر سەردایە.
مەلا چۆن گوتی بەخێرهاتن، یەکسەر ئێمە دەستمان پێکرد:
تۆ بۆچی لە پێشەکی وتارەکەت بە عارەبی ئەو فەرموودەیەی پەیامبەر(كل محدثة بدعة وكل بدعة ضلالة) ناڵێیت؟
خۆت بیدعەچیت بۆیە!
ئێوەی دەروێش هەمووتان بیدعەچین.
پەیامبەر دەفەرموێت((من أحدث في أمرنا هذا ما ليس منه، فهو ردٌّ)) رواه البخاري ومسلمٌ، وفي روايةٍ لمسلمٍ: ((من عمل عملًا ليس عليه أمرنا، فهو ردٌّ)).
ئێمە ئەو فەرموودانەمان پێشووتر لە شەرحی چل فەرمودەکە(ٲربعین نووی)ئەزبەرکردبوو.
کە وامان گوت، خراپ دەماری مەلاسەمەدمان گرت و لە جەویمان دا. مەلا دەهری بوو و گوتی ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە تەنها بیدعە نەبێت! دەزانن کە ئێوە ئەقڵ و تێڕوانینتان زۆر منداڵانە و سادەیە!
ئەوە کێ ئەو قسە بێمانا و فیکرە قۆڕەتان فێردەکات و وا دەروون و مێشکتان وێران دەکات و جیهانی منداڵی و هەرزەکاریتان دەشێوێنێت؟
مامۆستائاکۆ وای فێرکردوون؟ کاکە لە ڕاهی خوا لەو مامۆستایە دوورکەونەوە. ئەو کەسێکی ئیسلامی و وەهابییە.
ئینجا دوای جەدەلێکی بێزەنتییانەی درێژ و شەڕە دەنووکێکی زۆری من و هێمن لەگەڵ مەلاسەمەد، ئەوجارە لە مەلامان پرسی: مەلاکان کە واریسی پەیامبەرانن، چۆن دەبێت حەقیقەت وەکو خۆی نەگەیەنن و ڕاستییەکان لە خەڵک بشارنەوە؟
بە تووڕەییەوە گوتی: ئێستا پێم بڵێن ئێوە بە ڕوونی مەبەستتان چییە؟
من و هێمن گوتمان سەربڕین لە قورئان هاتووە یان نا؟
ئێمە پێشووتر ئەو ئایەتانەی کە باسی سەربڕین دەکات لە بەرمانکردبوو و خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەلاسەمەد باش ئامادەکردبوو.
کە بابەتی سەربڕینمان لە مەلاسەمەد پرسی، گوتی بەڵێ، هەیه. بەڵام بۆ ئێستا نییە و لەگەڵ کافرەکانی سەردەمی پەیامبەر و کاتی جەنگ و قیتالیەتی و ئێوە بە هەڵە لێی تێگەیشتوون.
دەمەقالە و چەڵەحانێکەمان تا دەهات توندتر دەبوو.
لە کۆتاییدا پێمان گوت تۆ مەلایەکی ترسنۆکیت و لە ترسی حکوومەت ناوێریت ڕاستییەکان بڵێیت. حکوومەتی عەلمانی و کافر، بە ئاشکرا ئەو هەموو فەساد و فیسق و فجوور و کوفرە بڵاودەکاتەوە، بۆچی نققەت لە خۆت بڕیوە؟
کەناڵی فەرمی حکوومەت، بە ئاشکرا ڕەوشتی کۆمەڵگا تێک دات و فیلمی دەم لەناو دەم و ڕووت پەخش دەکات.
کە وامان گوت، زیاتر دەماری مەلامان گرت. گوتی ئەگەر ئایین ئەوەبێت وەک ئێوە دەیڵێن، دەی من کافرم. سەرەنجام هیچ لێک حاڵی نەبووین و ماڵی مەلامان بە نیمچە زویربوون و سووکە شەڕێک جێهێشت.
ڕۆژی دواتر لە وتاری هەینی، مەلاسەمەد ئاگر لە چاوەکانی دەبارین و هێشتا کاریگەری تووڕەیی شەوی لەسەر مابوو و دووبارە ناڕاستەوخۆ هێرشێکی زۆرتوندی کردە سەرمن و هێمن و گوتی: ئیماندارینە، ئەو وەهابییانە زۆر زیرەکن. پەیامبەر سەبارەت بەوانە گوتوویەتی((يخرُجُ في آخرِ الزَّمانِ قومٌ أحداثُ الأسنانِ سُفَهاءُ الأحلامِ يقولونَ مِن خيرِ قَولِ النَّاسِ يقرءونَ القرآنَ لا يجاوزُ تراقيَهُم يمرُقونَ منَ الإسلامِ كما يَمرُقُ السَّهمُ منَ الرَّميَّةِ فمَن لقيَهُم فليقتُلهم فإنَّ قتلَهُم أجرٌ عندَ اللَّهِ لمن قتلَهُم))
واتا لە ئاخر زەمان قەومێک دێن و لە دین دەچنەدەر، وەک چۆن تیر لە کەوان دەڕواتەدەر. ئەوانە ئەو وەهابییانەن. بە قوربانتبم یا ڕەسوولەلڵا، چۆن قسەکەت هاتە جێ!
موسوڵمانان، پەیامبەر دەفەرموێت: لە هەر کوێ گەیشتن بەو وەهابییە کافرانە، بیانکوژن و قەتڵیان حەڵالە.
وەلڵاهی، سومە وەلڵاهی، سومە وەلڵاهی، ئەوانە کافرن و سەربە ئیسرائیل و جوولەکەن، بەڵام ئێوە هەرزەکارن و هیچ لە حەقیقەتی بابەتەکە نازانن. ئەوانە مووچەیان لە ئیسرائیل بۆ دێت. کە وای دەگوت، هەر بە تیلەی چاوەکانی سەیری من و هێمنە ڕێویشی دەکرد.
ئینجا گوتی: کاکە من دەرەقەتی حکوومەت نایەم، ئەیهاوار من چی بکەم؟
کەناڵی فەرمی حکوومەت قەحپە دەهێنێتە سەر شاشەکەی، ئێ من چی بکەم؟
کاکە ئێوە هەرزەکار و خوێنگەرم و سەرگەرمن، مادام بەرگەی بەرەڵایی و فەسادی حکوومەت ناگرن، بڕۆنە شاخ و ئاقار بژین. کاکە پەیامبەر گوتوویەتی لە ئاخری زەمانێ، دین دەبێتە پشکۆی ئاگر! دەستی دەیتێ، دەستت دەسووتێت، وازیشی لێ بێنیت، ماڵت وێران دەبیت!
ئا ئەوە ئەو ڕۆژەیە ئیمانداران.
دوای وتارەکە، خەڵکی دەیانگوت هەر ئێستا حکوومەت دێت و مەلا دەگرێت و دەیبات، بەڵام هیچ ڕووی نەداو مەلاسەمەد بە سەلامەتی لێی دەرچوو.
ڕۆژی شەممە کاتێک مامۆستائاکۆ لە شارەکەی خۆیان و سەردانییەکەی گەڕایەوە دێ، من و هێمنەڕێوی ڕۆیشتینە قوتابخانە و هەموو شتێکمان پێی گوت.
مامۆستائاکۆ گوتی گوێی پێ مەدەن، ئەو کۆلکە مەلایە جاهیل و سەربە تاغووت و پیاوی حکوومەتە.