
حەسەن هەندرێن
گلەیی بێ، گلەیی
ئەی نەگبەتی
چیتر بەو سادەییە لێم دەرمەکەوە
چیتر سەری کۆڵانەکانم
پڕ مەکە لە سڵاو
چیتر بە بزە شیرینەکانت دوای خۆتم مەدە
چیتر دڵۆپە خۆشنوودەکانی ئاسوودەییم
لێ مەکە هەڵم.
دەمەوێ چیتر فریوو نەخۆم
بەو قسە نەرمانەت، کە وەک نەشتەر
بە خوێن و دەمار و ماسولکەمدا
دەچنە خوارێ
دەبنە ئۆخەیەک
ئۆخەیەکی ئادەمی
ڕەنگە کوشتەی ئەوەبم، کە ئادەمییم.
هاتووم ئەو ئاسوودەییە ڕەهاکەی
کە بۆی هاتووم
چیتر پشت خۆتی مەدە
دێم، بە ڕژانی خوێنی خۆم ڕازیم
تەنیا ئەو ئاسوودەییە ڕەهاکە
با ببێتە دوا ساتی فڕینم
فڕین.
٢٠٢٦/١١/٢٣ گوندی بێخاڵ
