
حەمەسەعید حەسەن
ڕووناکبیر زینده‌وه‌رێکی هێنده ده‌گمه‌نه، ڕه‌نگه له کوردستاندا، تاقه‌که‌سێک شک نه‌به‌ین، بێ دوودڵی ئه‌و ناوه‌ی پێ ڕه‌وا ببینین. هه‌موو ڕووناکبیرێک ڕه‌خنه‌گره، ڕووناکبیر هه‌ر له ڕه‌خنه‌گرتن که‌وت، ئیدی پێی ناگوترێت ڕووناکبیر. له‌سه‌ر شانۆی ژیان ڕووناکبیر ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گر وازی ده‌کات، ڕووناکبیر ئه‌کته‌رێکی هێنده لێهاتوو نییه، توانای نمایش‌کردنی هه‌موو ڕۆڵێکی هه‌بێت، ئه‌کته‌رێکه ته‌نیا توانای بینینی یه‌ک ڕۆڵی هه‌یه، ئه‌ویش ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گره. مه‌به‌ستم له ڕه‌خنه‌گر، که‌سانی وه‌ک میشیل فۆکۆ، ئێدوارد سه‌عید، نوام چۆمسکی و هادی عه‌له‌وییه. تکایه با ئه‌وانه‌ی ستوونهجنێو ده‌نووسن، خۆیان لێ نه‌بێت به ڕه‌خنه‌گر، ئاخر هیچ کام له‌وانه، شایانی ئه‌وه‌یش نین، پێیان بگوترێت، هه‌واڵنووس، با سه‌رنووسه‌ریش بن.
ده‌سه‌ڵاتداری نادیموکرات که زه‌نده‌قی له ڕه‌خنه چووه، هانا بۆ کڕینی توانای، یان بڕینی زمانی ڕه‌خنه‌گر ده‌بات، وه‌لێ ڕه‌خنه‌گر نه له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و په‌لاماردا به چۆکدا دێت و نه بۆ پله و پایه ده‌نوشتێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار ئه‌وانه به ڕووناکبیر ده‌زانێت که به باڵایدا هه‌ڵده‌ڵێن، یان له ئاستی ستهمکارییهکانیدا بێده‌نگ ده‌بن. خۆ به (ڕووناکبیر)زانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار، جه‌ماوه‌رێکی خۆش ده‌وێت ته‌نیا چه‌پڵه‌ی بۆ لێ بده‌ن، ڕکی له‌و جه‌ماوه‌ره ده‌بێته‌وه ده‌یخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه. خاڵێکی هاوبه‌ش له نێوان (ڕووناکبیر)ی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار و ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار خۆیدا، ئه‌وه‌یه: هه‌ردوو لایان سه‌رقاڵی به مێگه‌لکردنی جه‌ماوه‌رن.
ڤۆڵتیر (١٦٩٤ - ١٧٧٨) له‌سه‌ر ساتیرێک که دژی میرێکی ده‌نووسێت، یازده مانگی ژیانی له زیندانی (باستیل)دا به‌سه‌ر ده‌بات. ڕه‌نگه ناودارترین ساتیرهڕۆمانی ڤۆڵتیر، (کاندیده) بێت که به مانای (خۆشباوه‌ڕ) دێت، تێیدا له ڕێی (مشتومڕی تهوسئامێز)ه‌وه،(*) وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێکی بوێر، ئاوڕ له نادادپه‌روه‌ری و دووڕوویی ده‌داته‌وه و فه‌لسه‌فه‌ی گه‌شبینی که له‌و خۆشباوه‌ڕییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ده‌داته به‌ر ڕێژنه‌ی تهنزهڕهخنه.
ڕووی تیری ڕه‌خنه‌ی ڤۆڵتیر زیاتر له کەنیسە بوو، نه‌ک له ئایینی مه‌سیح، ئه‌و یه‌که‌مین که‌سێک بوو، دروشمی (بڕووخێ کەنیسە)ی بڵند کرده‌وه. مه‌به‌ستی له‌وه، کۆتایی پێ هێنانی کاریگه‌ریی کەنیسە بوو له‌سه‌ر قوتابخانه. خه‌باتی ڤۆڵتیر له‌و بواره‌دا، له پێناوی بڵاوکردنه‌وه‌ی گیانی تۆلێرانسدا بوو، به‌رانبه‌ر هه‌موو تێگه‌ییشتنه ئایینییه‌کان. به‌ناوبانگترین گوته‌ی ڤۆڵتیر له پێناوی چه‌سپاندنی تۆلێرانسدا، ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێت: (من با وه‌کوو تۆیش بیر نه‌که‌مه‌وه، وه‌لێ ئاماده‌م له پێناوی ئه‌وه‌دا تۆیش بیروڕای خۆت ده‌رببڕیت، خۆم به کوشت بده‌م.) گوته‌یه‌کی ناوداری دیکه‌یشی هه‌یه که تێیدا مه‌به‌ستی له ده‌سه‌ڵاتدارانی کەنیسە و کۆشکه که به ته‌وسه‌وه پێیان ده‌ڵێت: (ئه‌وان پیرۆزن، که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه خۆی له قه‌ره‌یان بدات،) که لای خۆمان ده‌بێته، ئه‌وان قوللەی قافن و ئێمه مێشووله، وا باشتره به گژیاندا نه‌چینه‌وه.
ڤۆڵتیر چونکه ڕه‌خنه‌ی ته‌وساوی و توندی ده‌گرت، لای پیاوانی کەنیسە، میر و (خانه‌دان)ه‌کانی سه‌رده‌می خۆی خۆشه‌ویست نه‌بوو، هه‌ر به هۆی ئه‌و ڕه‌خنه زبرانهیشهوه، دووچاری هه‌ڵاتن و ئاواره‌یی ده‌بووه‌وه. ئه‌و سه‌روه‌خته ئه‌وه شتگه‌لی تازه بوون که ئه‌و داوای ئازادیی دەربڕینی بیروڕا و جیاکردنه‌وه‌ی کەنیسەی له ده‌وڵه‌ت ده‌کرد. ئه‌وێک که ده‌یگوت: (هاوڕێکانم خۆش ده‌وێن، ڕکم له دوژمنه‌کانم نییه،) ئه‌وێک که بڕوای به خودا پته‌و بوو، کەنیسە به زه‌ندیقی له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
ڕۆشنبیر که‌سێکه وه‌ک ژان ژاک ڕۆسو که ڕێ بۆ شۆڕشی فه‌ره‌نسا ته‌خت و خۆش ده‌کات، یه‌کێکه وه‌ک ژان پۆڵ سارته‌ر که له شه‌ڕی نێوان جه‌زائیر و فه‌ره‌نسادا، لایه‌نی یه‌که‌میان ده‌گرێت، ڕۆشنبیر شاعیرێکه له چه‌شنی ئه‌مه‌ل ده‌نقه‌ل که له ساڵانی شه‌ست و حه‌فتادا له میسر، خۆی به ته‌نیا به گژ بێدادیدا ده‌چێته‌وه و گوته‌کانی (سپارتاکۆس) وه‌بیر کۆیله‌کان ده‌هێنێته‌وه،(**) که‌سێکه وه‌ک ڤۆڵتیر، ده‌سه‌ڵاتداران ده‌توانن له زیندانی توند بکه‌ن، یان له زێدی خۆی دووری بخه‌نه‌وه، وه‌لێ پێیان ناکرێت، مه‌لی وشه‌یه‌کی له فڕین بخه‌ن.
*
(*) نووسین به‌و شێوه‌یه به گه‌لێک له زمانه ئه‌ورووپایییه‌کان، وه‌ک: ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی و سوێدی polemic ی پێ ده‌ڵێن.
(**) دوا وشه‌گه‌لی سپارتاکۆس، ناوی شیعرێکی ئه‌مه‌ل دهنقهله.