عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

 

(لۆدفیگ جۆزێف یۆهان فیتگنشتاین 1889-1951) فەیلەسوفی نەمساوی هەڵگری رەگەزنامەی بریتانی، جولەكە ئایین، بە یەكێك لە گەورەترین فەیلەسوفانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێت، نووسینەكانی لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا شۆڕشێكی گەورەی لە فەلسەفە و فەلسەفەی زماندا نایەوە، لە بوێریدا بە سوكرات ناس دەكرێت. سەرەڕای شێوازە ئاڵۆزە نیتشەوییەكەی توانی بیركردنەوەی فەلسەفیانە و رێگای مامەڵەكردن لەگەڵ مەسەلە فیكرییەكان بگۆڕێت، چونكە لای ئەو ئەركی فەلسەفە نییە جیهان بگۆڕێت، یان راڤەی بكاتەوە، بەڵكو ئەركی فەلسەفە ئەوەیە (شت)ەكان وەك خۆی بە روونی ببینێت و رۆشنایی بخاتە سەر بیركردنەوە. ئەو بیركردنەوە (راسل)ییە، پێماندەڵێت فەلسەفە دیاریكردنی ئەوەیە كە دیاری دەكرێت و ناتوانرێ‌ بگوترێت‌. كەواتە ئەركی فەلسەفە بەرهەمهێنانی (دۆزە) فەلسەفییەكان نییە، بەڵكو روونكردنەوەیانە لە رووی زمانەوە.

 

(تراكتاتۆس)

پەیوەندی زمان و جیهان

لە كتێبی (تراكتاتۆس- پەیامی لۆژیكی- فەلسەفی) ئامانجی فیتگنشتاین دیاریكردنی پەیوەندی زمان و جیهانە. واتە چۆن دەكرێ بە شێوەیەكی ورد و لۆژیكی لە رێگای وێنەكێشراوەكانی جیهانەوە گوزارشت لە وێنە شیمانییەكانی زمان بكرێت. فیتگنشتاین دەیەوێ‌ شیكاری چەمكەكانی (جیهان) و (زمان) بكات، جیهان بە نسبەت فیتگنشتاین دنیای واقیعی یان بوونی دەرەكییە، بۆیە سەرەتا لە شیكردنەوەی جیهانەوە دەستپێدەكات، چونكە پێیوایە بە شێوەیەكی لۆژیكی جیهان پێش زمان دەكەوێت. بەڵام دواتر لە زمانەوە شتە ئاوێتەكان شیدەكاتەوە و بەرەوە رەگەز و بنەما سەرەتاییەكانیان دەباتەوە و زمان بە سەرجەمی دەستەواژەكانییەوە دیاری دەكات. پێیوایە ئەوەی لە زماندا گوزارشت لە خۆی دەكات، ناشێ‌ ئێمە لەمیانی زماندا گوزارشتی لێبكەین، بەس دەتوانین بیخەینە روو! بۆ نموونە (ئاسمان ساماڵە) (زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە) هەر یەكەیان وێنەن بۆ راستییەكی دیاری كراو: یەكەمیان، وێنەی دۆخێكی تایبەتی كەش و هەوا دەكێشێ‌. دووەمیان، وێنەی راستییەكی گەردوونییە. واتە زمان پەیوەندی وێنەیە بە نیگارەوە، یان زمان پەیوەندی وێنەی زمانەوانییە بە نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە، یان دەرەكییەوە.. وێنەكان بیرۆكەن و لە زماندا خۆیان دەنوێنن، وێنەبۆكێشراوەكان دەرەكیین و لە جیهانەوەن. هەر لێرەشەوە دەگەینە ئەوەی كە بیرۆكە و هزر هیچ نین، جگە لە دەستەواژەی زمانی پڕ واتا نەبێت.

بەڵام (لۆژیك) بنەمای فەلسەفەیە، لۆژیك زمانمان بە شێوەیەك دادەڕێژێت، كە شیاوی گوتن بێت، بەو مانایەش ئێمە و دۆزەكان دەكەوینە دەرەوەی زمان و دەرەوەی نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە.. لۆژیك وەك پێویست لە دۆزەكان، یان بە گشتی لە زماندا رەنگدەداتەوە، هەموو ئەوەی لە زمانیش رەنگدەداتەوە، ناشێ‌ زمان نوێنەرایەتیان بكات.

 

وێنە و نیگارەكێشراوەكان

(زمان و جیهان)

زمان وەك وێنەی شیمانەیی، راستی وێنەكێشراوەكانی جیهان دەگەیەنێت، رستەكان رەنگدانەوەی راستییەكانن، رستە وەك وێنەیەك وایە، كە بەشەكانی بەشێوەیەكی رێكوپێك بەیەكەوە گرێدراو بێت، وەك چۆن لە واقیعدا شتەكان بە بەیەكەوە گرێ دراون، كەواتە زمان لە واقیع دەچێت. رستەكان دەشێ راست بن، یان درۆ، بەپێی ئەوەی كە لەگەڵ واقیع دەگونجێن. راستی پەیوەندی وێنەیە بە وێنەكێشراوەكانەوە، ئێمە بۆ خۆمان وێنەی فاكتەكان دەكێشین (ئاسمان ساماڵە) (زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە) (خەڵكانێك بە جیهاندا گوزەر دەكەن) هەر یەكەیان وێنەن بۆ فاكتێكی دیاری كراو، بەڵام بونیادی وێنەكێشراوەكانی جیهان ئەو رێگایەیە كە رەگەزەكانی وێنەی كێشراو بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

كەواتە زمان، جیهان لە دۆزی پۆزەتیف و نێگەتیف پێكهاتووە، دۆزە پۆزەتیفەكان وێنەی دنیای كردەیی دەكێشن، بەڵام دۆزە نێگەتیفەكان وێنەی واقیعێك دەكێشن كە شیاوی بوونە، بەو مانایەش دەكەوینە نێوان بوون و نەبوون. كەواتە جیاوازی نێوان وێنە و وێنەی كێشراو ئەوەیە كە وێنەكێشراوەكان هەبوونن بە كردە، بەڵام وێنە شیانی هەبوونە بە كردە. بە مانایەكی دیكە جیهان بە كردە هەبوونە و زمان بە كردە شیانی هەبوونە.

 

ئەوەی جیهان دەرنەخات، دەبێ وسبەی لێبكرێت

لەو دەستەواژەیەی سەرەوەدا كورتەیەك لە هەڵوێستی فیتگنشتاین لە بارەی پرسە میتافیزیك و ئایینییەكان دەبینرێت، نواندنی ئەو كورتە هەڵوێستە دەكەوێتە دەرەوەی وێنەگرتنی راستییەكانەوە، راستی (فاكتی) دۆزەكانی زمانیش لەسەر راستی (فاكتەكانی) جیهان وەستاوە. بەو مانایەش ئەگەر فاكتێك بۆ حوكمدان لە ئارادا نەبوو، ئیتر دەكەوینە باری نە راستی و نە هەڵەیی.. (وەك میتافیزیك) نە راستی و نە هەڵەیی تەنها بوونێكی زمانەوانی هەیە و وێنەی هیچ فاكتێك نانوێنێت، واتە هیچ پردێك بە واقیعی نابەستێتەوە. ئەوەش ئەو قسەیەمان بیر دەخاتەوە كە ئەوەی خۆی دەردەخات و فاكت دەرناخات، ناتوانرێت بگوترێت، ئەوەیشی ناگوترێت پێویستە بێدەنگی لێبكرێت.

كتێبی تراكتاتۆس لەسەر بنەمای ئەو بیركردنەوەی سەرەوە، مشتومڕی میتافیزیكی رەتدەكاتەوە و جەخت لە پەیوەندی زمان و جیهان دەكات. لێرەوە تەنیا تیۆری وێنەكێشراوەكانی جیهان بەرز دەكاتەوە و وسبە لە فاكتە گوتراوەكانی زمان دەكات. هەموو ئەوەی كە ناشێ‌ بیری لێبكەینەوە، ئەوەی كە ناتوانرێت گوزارشتی لێبكرێت، ئەوەی كە وسبەی لێدەكەین، میتافیزیكایە، بەو مانایەش تراكتاتۆس كتێبێكە لەسەر میتافیزیكا.

 

(پاش تراكتاتۆس)

لە رووی فەلسەفییەوە هەر دۆزێك، ئەزموون یان لۆژیك تێپەڕێنێ، بێ مانا دەكەوێتەوە. ئەگەرچی فیتگنشتاین سەرەتا لە زمانەوە دەستپێناكات، بەڵام شیكردنەوەكانی زمانەوانییە، ئیتر لە پاش كتێبی تراكتاتۆس بیرۆكەی یارییە زمانییەكانی پێش دەخات، بەڵام نەك وەك ئەوەی زمان وێنەیەكی جێگیری جیهان بێت، بەڵكو وەك ئەوەی زمان یارییەكی كراوەبێ لەگەڵ جیهان… وەك ئەوەی یارییەكی كراوەبێ بەسەر ئایین… ئەو دنیابینییە كۆمەڵێ راڤەكردنی جۆراوجۆری بە رووی جیهان و ئایین و ئەزموونی رۆحی لێكەوتەوە.. راڤەكردنی جۆراوجۆر چونكە هەموو چالاكییە مرۆییەكان یاسای زمانەوانی جۆراوجۆری خۆیان هەیە.. كەواتە مانا لە زماندا پشت بە چۆنێتی بەكارهێنانەوە دەبەستێت و دەكەوێتە چوارچێوەی گەمەی زمانەوانییەوە، نەك چۆنێتی جێبەجێكردنی بەسەر جیهاندا، هەر لەو راستییەوە زمان لە یاری نزیك دەبێتەوە، بۆیە فیتگنشتاین هەرگیز لەگەڵ جێگیربوونی مانا نەبووە، پێیوابوو وشە هەڵگری مانای چەسپاو نییە. وشە مانا لەخۆ ناگرێ‌، بەڵكو ئەوە ئێمەین پڕ مانای دەكەین، وەك چۆن بیرۆكەی بوونی تاكە زمانێكی لۆژیكی یان ئایدیالی بۆ نوێنەراتیكردنی راستییەكان، رەتدەكاتەوە. لەوێشەوە زمانی سادەی بۆ فەلسەفە پەسەند دەكات، بەو مانایەش رووكردنە لۆژیك واتە رووكردنە روونی زمان، هەر لەوێشەوە لە راستی تێگەیشتن لە لۆژیكی زمانەوە رێگای بۆ زۆر لە كێشە فەلسەفییەكان دەدۆزێتەوە.. كەواتە فەلسەفە تیۆر بونیاد نانێت، بەڵكو گوزارشت لە كاركردنی زمان بە شێوەیەكی روون دەكات.

 

فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكی زمان

تراكتاتۆس تا ئەو پەڕی ئەنتی ئەفلاتوون و ئەنتی فەلسەفەیە. دەستەواژەی فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكی زمان، خودی زمان بۆ كۆمەڵێك دۆز شیدەكاتەوە، بە دوای ئەو دۆز و نۆرم و راستیانەدا دەگەڕێت، كە پەیوەندییان بە فیكر و واقیع و لۆژیك هەیە. دوای تراكتاتۆس لای فیتگنشتاین زمان فیكرە، هیچ زمانێك بێ‌ فیكر بوونی نییە، بەڵام لە بیرمان نەچێت فیكر بەرهەمی ئازادییە، چونكە خەیاڵ رابەرایەتی دەكات! كاتێك فیتگنشتاین پێیوایە زمان فیكرەكانمان بەرجەستە دەكات، ئەوە بەو مانایەیە، كە زمان ئازادییمان دەنوێنێ‌.

فیتگنشتاین لە قۆناغی تراكتاتۆسدا جەختی لە پەیوەندی زمان و جیهان دەكردەوە، بەڵام لە قۆناغی پاش تراكتاتۆس جەخت لە خودی زمان دەكاتەوە، وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی، كە پشت بە بەكارهێنانە جیاوازەكان دەبەستێت، هەر بەو مانایەش بیرۆكەی عەقڵ و ئاگایی سەربەخۆ دەخاتە دەرەوەی زمانەوە. لە كتێبی (لێكۆڵینەوە فەلسەفییەكان)دا دەڵێت: زمان قسان دەكات و خۆی رۆناك دەكاتەوە، یان ئازادی خۆی دەخاتە روو، ئەوە ئێمە نین ئەو ئازادییە بە زمان دەبەخشین، چونكە ئازادی ئێمە بە تێگەیشتنی زماندا دەڕوات و تێگەیشتنی زمانیش هەر دەبێ‌ بە زماندا بڕوات، هەر دەبێ‌ زمان گوزارشتی لێبكات، هەر دەبێ‌ زمان رۆناكی بكاتەوە

لە رووی فەلسەفییەوە شیكارخوازان سێ‌ ئاراستەیان هەیە: یەكەم: ئاراستەیەك كە هەوڵدەدات پراكتیزەكردنی چەمك و فیكرەكان بە شێوەی بەش بەش شیبكاتەوە… ئەوە ئەو ئاراستە دیالكتیكەیە كە سوكرات كاری لەسەر كردووە… دووەم: ئاراستەیەك كە مەعریفەكانی مرۆڤایەتی شیدەكاتەوە و دەیانباتەوە سەر كۆمەڵەی سادە و رەگەزی سەرەتاییەوە، وەك لای جۆن لوك (فیكر كاغەزێكی سپییە) و دیكارت (زانستەكان سروشتین- یان لەخۆیانەوە هەن)… سێیەم: ئاراستەیەك كە بە شیكردنەوەی ئەو دەستەواژانە هەڵدەسێ‌ كە خاوەنی مەعریفەی جێگیرن (فەیلەسوفانی زانكۆی كمبردج- مۆر، راسل، فیتگنشتاین، پۆزەتیفزمە لۆژیكخوازەكان و قوتابخانەی ئۆكسفۆرد)…

 

زمان و روونكردنەوەی زمان

پێویستە فەلسەفە و لۆژیك راستی و ناڕاستی زمان و پەیوەندی زمان بە واقیعەوە دیاری بكات، وەك چۆن پێویستە فەلسەفە گرنگی بە گرامەری زمان بدات. فیتگنشتاین پرنسیبی هۆكارئامێزانە رەتدەكاتەوە و پێیوایە ئێمە ناتوانین هیچ شتێك لە مەعریفەی شتێكی دیكەوە بە دەست بهێنین، بۆ نموونە ناتوانین بڵێین بەیانی خۆر هەڵدێت، بە هۆی ئەوەی بەردەوام هەڵدێت. هەموو هۆكارێك دەبێ‌ پێداویستییەكی لۆژیكی لە پشتەوە هەبێت. بەمجۆرە فەلسەفەی فیتگنشتاین لە زمانەوە مشتومڕێكی هاوچەرخ و نەرم و نیان و تێگەیشتنێكی ناتەقلیدی لەبارەی زمانەوە خستەڕوو، زمانی ئازاد کرد لەو سنوورە تووندانەی کە فەلسەفەی کلاسیک و لۆژیکی فۆرماڵی بەسەریدا سەپاندبوو. زمانی وەک بوونێکی زیندوو و فرەچەشن و فرەجوڵە بە ژیانی مرۆڤەوە گرێدا.

فیتگنشتاین فەیلەسوفێکی ناوازە بوو، نەک تەنها لەبەر ئەوەی پەیوەندی نێوان زمان و جیهان پێناسە کردۆتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەحەدای ئەو بناغە فەلسەفیانەشی کرد کە زۆر بیرۆکەی تەقلیدی لەسەر بنیات نراون. لە قۆناغی یەکەمدا دیدێکی تووند و ئایدیاڵی زمانی وەک ڕەنگدانەوەی وردی واقیع خستەڕوو، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا سنوورداربوونی ئەم دیدەی درک پێکرد و پەرەی بە دیدێکی نەرمتر و مرۆڤدۆستانەتر كرد، کە زمان لە رێگای فرەییەکەیەوە وەك کۆنتێکست و یارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینێ.

فیتگنشتاین فێری کردین کە فەلسەفە تەنها بەدواداچوون نییە بۆ ڕاستی ڕەها، بەڵکو فەلسەفە دەتوانێ لە رێگای روونکردنەوەی زمانەوە یارمەتیمان بدات باشتر لە خۆمان و جیهانەکەمان بگەین. وەك چۆن فەلسەفە بنیاتنانی تیۆرە نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئاڵۆزییە فیکرییەکانە کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی زمانەوەیە.

زیاتر لە حەفتا ساڵ بەسەر کۆچی دوایی فیتگنشتاین تێپەڕیووە، كەچی هێشتا کاریگەری فەلسەفەکەی لەسەر بوارەکانی وەک زمانەوانی، دەروونناسی، ئەنترۆپۆلۆژی، زانستی کۆمپیوتەر و تەنانەت توێژینەوەی ئایینی ماوەتەوە. لە کۆتاییدا فەلسەفەی فیتگنشتاین وەک شایەتحاڵێک دەمێنێتەوە بۆ توانای هزری مرۆڤ، بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، بۆ پرسیارکردن لەوەی کە پێمان وایە دەزانین. فیتگنشتاین ئاوێنەی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا سەردەمی خۆی تێپەڕاند و بوو بە هێمایەکی فیکری بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 

هەولێر 31/1/2025

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە