لەتیف فاتیح فەرەج
دیوانە شیعری پەیكەرێك لە تەنهایی " دیوانە شیعری شاعیری زیندە یاد تانیا ئەحمەدە" ، ئەو شاعیرەی تەنها پەنجاو چوار ساڵ ژیاو ساڵانێكی تەمەنی شەڕی دەستەو یەخە بو لە گەڵ نەخۆشی شێر پەنجە،دیوانەكەی شەش ساڵ دوای مەرگی خۆی چاپكرا لە ڕێی خوێندنەوەی ئەم شیعرانەوە ئێمە دەرگیری تانیا دەبین وەك شاعیر ، شاعیرێك كە دەیەوێت لە ڕێگەی شیعرەكانیەوەخەم و ئازاری خۆی ، دەورو بەرەكەی ، ژن ، هەروەها كۆمەڵًگە بگێڕێتەوە.
تانیا شاعیرێكی سەرگەردەو وێڵگەشتەی ژیانە،ئەوانەی شاعیرن ئەگەر تامردنیش گرێبەند و گرێدراوی یەك شوێن بن، لە گەشتی هەمیشەیدانگەشتی سۆراغی بون ، گەشتی دەستبردن بۆ ئاگرو بۆ نادیارەبڤەكانی ژیان، گەڕان بە دوای وێنەلە قوڕی وشە ،شێلانێكی جیاواز لەوانی تر، ئەفراندن ، شیعر هۆیەكە بۆ شێلانێكی جیاواز تر لە هەمان ئەو قوڕٍی وشەیەی سەدان ساڵە دەیشێلین، تا نیا ئەحمەد هەر ئەوەی دەستی بردووە بۆ ئەو قوڕی وشەیە شاعیرە، شاعیرێكی تر، شاعیر هەمیشە وەكو مناڵ كایە دەكات، كایەی شاعیر بە وشەیە نەك مت و مۆری و كەل و پەلی تر، مت و مۆری وشەڕەنگە شاعیر بكاتە فریاد ڕەسی هەزارانی تر لێ هەرگیز فریاد ڕەسی خۆی نیە، رامبۆی شاعیر هێشتا شیعرەكانی بە دەست كچ و كوڕی فەڕەنساو دنیاوەن لێ ژیانی خۆی لیپی نەهامەتی بوو، شۆڕش بێ ئەلیكساندەر پوشكین ناتەواو بوو، لێ چیرۆكی خۆی چیرۆكی نەهامەتی و سەركێشی بوو.
تانیا فریاد ڕەسی خۆی نەبوو، لە بەر ئەوەی دڵی لە دڵی خۆیدا نەبوو،دڵی لە شوێنی دیكە بووتا نیا خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت:
دڵم لەو دیوو پەنجەرەی دڵمە خوا یە گیان
لە خواكانی ئێرە دەڕوانێ
دڵی رۆیشتوەتە پشتی پەنجەرەی دڵیەوە
هەر ئەوەندە نا تەنانەت هەر گومانی لەبونی دڵیشی هەیە بۆیە بە خودا دەڵێت
ئەگەر هەبوایە دڵم
خۆشەویستی تۆم دادەنا لە ناویدا
لە كۆتای یاری كردن بە وشەكاندا دەڵێت
شوێنی دڵم كارخانەی تەنهایە
ناڵێ دڵم دەڵێا شوێنی دڵم ، بە دەر لە قسەكردن لە بارەی شیعرەكەوە ئەو تێكشكاندنە رێزمانیە سەرنجی راكێشام ، كە ئەمە تەنها ئیشی شاعیرەكانەو ئیشی كەسی تر نیە، لە وتنی ئاسایدا مرۆڤ دەڵێت ئەگەر دڵم هەبوایە نەك ئەگەر هەبوایە دڵم، دیارە شاعیر ئەوە دەڵێت كە كەسانیتر پەی پێنابەن .
تا نیا بە دیار ڕۆیشتنی ئاوەوە دادەنیشێت و دەڵێت " لە ئاو جوانتر دەڕۆم بۆ سەفەر"
سەفەرێگی گەرچی زۆر نزیكیش بێت " سەفەری ئەو دیو پەنجەرە " ئەو باسی نەوەستان و بێئۆقرەی ئاو دەكات بەڵام وەك گەشتیارێك ، لێ دەڵێت من لەو جوانتر ئەو گەشتە دەكەم ،كەچی هەمیشە هیلاكە " من لە سەفەر هیلاك ترم.
وێنەی گەشتێكی ماندومان بۆ دەكێشێت ، ئەم ماندویەتیە لە خۆڕانیەو دواتر دێتەوە سەری ئەم ماندویەتیە بەو جەهەنەمەوەبەستراوەكە پیاو بەستویەتی بەڕەوشتی ئەوانەوە،ئەو وێنە دەكێشێت و دەڵێت " ساڵ لە خۆم گەورەترە، منیش لە ساڵ پیر ترم " چەند جوان دوو ڕەگەزەكە ئاڵاوێر دەكات " رومەتی بێگەردی ئێمە ، سمێڵی بابڕی ئێوە نیە " ئەو زۆر جارو لە زۆر شیعرا زۆر ناباوانە دەدوێت ، ئەو دەیەوێت وێنەیەكیە جیاواز بكێشێت ، كە وێنەی دەستی ئەوەو دەستی كەسی تری تیا نیە،" تەسبیح دەگرم بە دەستمەوەو دەڵێم لائیلاهە ئیلا خۆشەویستی " دیرۆكی تانیاو هەموو تانیاكان دیرۆكی ئەم سەرزەمینە خوێناویە لە شەڕ زیاتر نیە، بۆیە دەڵێت "ئێمە دەبێت لە سەنگەردا باسی دڵداری بكەین " تەنانەت خودی دڵداری لە سەر زەمیبنی ئێمە شەڕێكی خوێناویە ، لە شیعری فەلسەفەی عەشقا ، زۆر بە وردی باسی ئەو نەهامەتیانە دەكات كە عاشقان پێوەی گیرۆدە دەبن ،" تا چەشنە خۆشەویستیەكمان بۆ یەك هەبێت هەموو یاسا دژەكان تێبگەن " .
تانیا لە ناو نا ئومێدی و ئازارێكی هەمیشەیدا بە وشە جوانی دەهۆنێتەوە، ئازار دەكات بەوێنەو رستەی شیعریی ماناداربۆ خۆی بۆ ئێمە بۆ ژیان دەڵێت :
هیوا بە چی ئەخوازی كە دوای ئەو هەموو جەنازەیە
فاتیحا بۆ ڕوحیان ئەنێری
كاتێك تەرمەكان یەك یەك دەڕۆن و ئیدی ئاوڕ نادەنەوە، تۆر جگە لەنزاو سروتێكی ئاینی چی ترت هەیە پێیان ببەخشی تا بۆنی هیوای لێبێت لەو شیعرەدا كە بۆنی شەڕی لێدێت لە كۆتاییەكەیدا دەڵێت :
من لە نێو مەملەكەتی ژاكاودا گوێم لە خۆمە
بە ئاستەم دەنگم دەگا بەیانیان بڵێم باش
بە شەوان بڵێم شاد
لە نێو بەلەمێكی شكاودا
نیشانەی غەرق بونمەئێستا
لە شیعرێكی دیكەیدا بە زمانێكی زۆر سادە پێمان دەڵێت:
بڵێم نیشتمانەكەم من ئاخرین رۆڵەی تۆم
پاشە بەرەیەكی خێر نەدیوم... تا سەدام بوو شوێنمان نەبوو
ئێستاش لە دوای ئازادی لە دەست تیرۆرو درۆو بوختان
تۆ بە جێدەهێڵم هۆ نیشتمان
ئەم شیعرە كە ناونیشانەكەی " یەكەم جارمە ماڵئاوایی لە سێو بكەم " گێڕانەوەی چیرۆكی تراژیدی كیمیاباران و ئەنفالی ئاوێتە كراوە،" لای خوا نەبێ لای كەسی تر شكاتم نەكرد "
وای كوڕە كوردەكەكاتێ من تۆم بینی
تۆ لە مەم جوانتر بووی
بەڵام ئێستا بۆنی زیندان وكێبڵ و زنجیرت گرتوە
كاتێك باسی ئازادیش دەكات بە نا ئومێدیەوە دەڵێت ئێستاش دەبێت لە دەست تیرۆرو درۆو بوختان پشت بكەمە تۆو بە جێت بهێڵم، چونكە ئازادی لە گەڵ خۆیدا دەرگای جۆراو جۆر دەكاتەوە مەرجیش نیە هەموو دەرگاكان هێوری و ئارامیان لێوە بێتە ژورەوەتیرۆرو درۆو بوختانیش لە سەردەمی ئازادیدا خۆیان دەكەن بە ژوردا، عەلی ئەشرەفی دەروێشیان لە چیرۆكی ئاگر لە كتێبخانەی مناڵەكاندا باسی ئەوە دەكات چۆن ئەو كەسەی لە ساڵی 1979 لە سەردەمی شا كتێبخانەكە دەسوتێنێ ، كتێبخانەی مناڵەكان ، بە بیانوی ئەوەی كە كتێبی یاساغی تیایە ، هەمان كابرا لە دوای روخانی شا لە سەردەمی كۆماری ئیسلامیدا لە هەمان شوێن دەبێتە بەرپرسی رۆشنبیری و دیسان ڕێگە نادات كتێبخانەكە بكرێتەوە، كابرا تەنها جلەكەی دەگۆڕێت و ریش و تەسبیح هەڵدەگرێت ، ئازادی ئەو بەزمەشی هەیە ، زۆر جار لە سەردەمی دوای ستەمدا درۆو بوختان زۆر شت ئاوەژوودەكاتەوە ، زۆر خائین دەبێتە نیشتمان پەروەری ساختەو زۆر نیشتمانبەروەر دەبێتە دژە شۆڕش ، لە فیلمی مارمێلكدا دەرهێنەر دەیەوێ بڵێت ئەوە جل و بەرگە حوكمی ئێرە دەكات نەك ئاوەزو ئاكار .
لە شیعری دەنگی دەف لە دور دێت وێنەی پیاو سالارانەی كۆمەڵگەمان نیشان دەدات و ژن وەك كەۆەسەی چێژی پیاو وێنا دەكات ودەڵێت :
چاوەڕێم هەر لەوێ چاوەڕێ
هەموومان چاوەڕێین
پیاو مارەمان ببڕێت
چاوەڕێین حیزب مارەمان ببڕێت
چاوەڕێین دین مارەمان ببڕێت
چاوەڕێین غەیری دین مارەمان ببڕێت
چاوەڕێین كۆمەڵگە مارەمان ببڕێت
ئێمەی گەلحۆ چاوەڕێی ئەم هەموو مارە بڕینە دەكەین
دڵمان بە حیزبی پیاوینەزۆر خۆشە
وا دەزانین سەلماندنی ژن لەوێدایە
بەم زمانە سادەیە ئەم دەقە یەكێكە لەشاكارەكانی تانیا ، ئەو زۆر بە سادەیی دیرۆكی پیاو سالاریمان نیشاندەدات و لەو جیهانەدا كاڵا بونی ژنمان بۆ دەگێڕێتەوە، دەقەكە بە گشتی نەفرەتی ژنیش دەكات كە بەو جۆرە بووە بە بەشێك لە بیركردنەوەی پیاوئەو ئەوەی لێتێكەڵ دەبێت ئایە ئەم دوو ڕەگەژە كامیان كامیان داگیرو گیرۆدە كردوە ، لێرەدا ژن لە نێو مەنگەنەی پیاو سالاریدا دەهاڕرێ ، بەڵام خودی ژن خۆیشی بەشێكە لە پرۆسەكە، بەشێكە لەو هارٍینە، یانی ئەوە ژنیشە درێژە بەو ستەمگەراییە دەدات بەوەی كاڵابوونی قەبوڵەو هەر ئەوەی كە دڵی پیاوێك بەرێت پێی وایە ئەو داگیركەری پیاوە نەك بە پێچەوانەوە.
تا نیا شاعیرێكی جیاوازە لە شیعرەكانیدا هەم باسی مێیینەیی خۆی دەكات ،هەم بونی مێًینە وەك ئازارێكی گەردونی،ئەوە جگە لەوەی ئەو نایەوێت مێینە وانیشان بدات كەبونەوەرێكەبۆ ئەوە هەیەو بوونی هەیە تا نێرایەتی كەوی بكات ، بە گژا چونەوەكەش لەو ڕوانگەیەوەیە، رەخنەگرتن لە مێیایەتی خۆی لەوێدا دەردەكەوێت كە وەك گەلحۆیەك وێنای خۆیان دەكات و دڵیان بەوە خۆشە لە حزبە پیاوینەكانداجێیەكیش بۆ ئەوان هەیە ، لە چەند دەقێكی تری نێو ئەم دیوانەدا تانیا بەو جۆرە ڕەخنەلە ڕەگەزەكەی خۆی دەگرێت.
ئەو باڵندەیەكی فڕیوە كەتا فەنا بوون نایەوێت ئازاد بێت ئازادی لەو ئاسمانە بەرینەدا كە هەمیشە دەبێت تێیدا لە فڕیندا بیت جۆرێكە لە ئازادی نا ئازادانە، یان خودی نا ئازادیە .
ئەو نزاو نوێژو سروتە ئاینیەكان بۆ لێخۆش بوون و گەیشتن بە بەهەشت ناكات ، ئەو خۆی دەڵێت :
پێنج فەرزە دوعا دەخوێنم
تا كە هاتم بمناسیتەوە من كێم
تائەو جێیەی دەڵێت :
خودایە من لە گوێی ئەم گۆڕە ئەلەرزم
دانەچۆقەم دێ بۆ مەرگ
ئەو سروتە ئاینیەكە دەباتەوە سەر چیرۆكی مێیایەتی خۆی و دەڵێت :
لە سەر ئەم بەرماڵە ئەجۆشام ئەی خودا
سەرم نەوی ئەكرد بۆسەربەرزی
هەر لە مناڵیەوە خوڵقەتم گرتوە
فێری ئەم سەردانەوانە بم
ئەم دەقە وێڕای دیوە سۆفیگەریەكەی كە لە زۆربەی شیعرەكانیتانیادا دەتوانی بیبینی ،دەقێكی گیان ئاوێزانیە تێكەڵ بوونی ئەفرێنراو لە گەڵ ئەفرێنەرلێ دیسان كێشەكانی ژن بوون بە تۆخی تێیدا دەردەكەوێت .
تا نیا لە شیعرێكی كورتا دەڵێت :
خۆشەویستم ئەگەر مردم
پێنوسێك بخە دەستمەوە
بڵێ خانمەكەم بنوسە
چرپەی ئەو دڵۆپە بارانەی
لە سەر شوشەی پەنجەرەكەم
چڕ بونەوە چڕ دەبون
ئەمە چیرۆكی دوای مردنە ، دوای ئەوەی دەمرێت بە خۆشەویستەكەی دەڵێت قەڵەمێكم بدەرێ و پێمبڵێ هەموو چرپەو سرتەكانی پێشتر بنوسم
من لە زۆربەی دیوانەكەدا ئەو ڕستە مانادارە قوڵە شیعریانە سەرنجیان ڕاكێشاوم كە هەم ئاوازی ناوەكیان تیایە هەم وێنەی سەرنجڕاكێشن ، لەم نووسینەدا زۆر جار ئەو رستانەم دەرهێناوەو هەڵوەستەم لە سەر كردون ، دڵنیام ئەگەر تانیا تەمەنی بواری دابا پێش چاپی ئەم دیوانە بە زۆر دەقی خۆیدا دەچوەوەو زۆر رستەی شیعری دیكەی بۆ بە جێدەهێشتین .
ئەو لە جێیەكدا دەڵێت :
ون بووم
تا درەنگانێك هەر بە دوای خۆم مناڵ و خوێندا ڕامدەكرد
ئەم ڕستەیەو دەقە شیعریەكەش بە گشتی قسەی زۆر هەڵدەگرن ، تەمەن دەڕوات و ئەو بە دوای بون و ژیان و گڕو گاڵی مناڵ و چیرۆكی ژنایەتی خۆیدا ڕادەكات ، ئەم ڕستەیە دەكرێت ڕستەی هەزاران كیژو كناچەی ئەم سەرزەویە بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی بن، تا نیا لێرەدا باسی خۆی و خەونی خۆی دەكات، ئەو ون بووە چونكە تەمەنێك بیری لە مناڵ و ژن بون كردوەتەوە، خوێنیش لە گێڕانەوەی ژندا چیرۆكی خۆی هەیە.
تانیا زۆر تەنها بووە ، ئەو خۆی ئەوە دەڵێت ، هەمیشە هەستی بە گیانی تەنهای خۆی كردوە ، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت:
شتێك شكنابەم لە خۆمدا غەیری
قەفەسێكی گەورە نەبێت لە سنگمدا
شتێك شكنابەم لە دڵمدا غەیری
ئەو باڵندە دورە نەبێت كەناتوانێت بفڕێت
بەڕاستی وێنەیەكی زۆر ناوازەو سەرنجڕاكێشە .
تا نیا لە زۆر شوێنی شیعرەكانیدا بە جۆرێك باسی كۆست و نەهامەتی گەلەكەی دەكات، باسی ئەنفال و هەڵەبجە ، هەندێك جار بە ئاشكراو هەندێك جاریش بە ئاماژە لە شیعرێكدا كە ناونیشانەكەی ئەنفالە ، دەڵێت:
داگیرسا سەدو هەشتاو دوو هەزار چرا
لە چاوانمدا ئێوەم بۆ كۆناكرێتەوە
بۆنی ڕژاوی ئێوە ونی كردوم
ئێوەم پێنادۆزرێتەوە
چەند جوان لە شوێنێكا گازی گوڵێ دەكات :
هۆ گوڵێ گیان خۆ خاپوریان كرد نیشتمان
تۆ بە دیار شكانی ئەو گۆرانیەوە چی دەكەیت
ئەو زۆر جار ئاوێزانی ئەفرێنەرەكەی دەبێت و ناتوانێت ئەو راستیە بشارێتەوە وەك چۆن لە شوێنێكا هاوار دەكات " من خواو بارانم خۆش دەوێت "
چەند جوانی كچ بوونی خۆی دەخاتەشیعرەوە ، چەند جوان باسی خۆی دەكات
من قورسترین جانتای كۆڵە پشتی باوكم بووم
پڕ پڕ بووم لە نەگبەتی و چەرمەسەری و
قەیرەیی و زیز بوون و دابڕان و
كەوتن و هەستانەوەو
مردنی دوای باوك
كە باوكم زەوی قوتی كرد
من لە سەر زەوی مامەوە
ئیتر بە تەنیا ئەو هەموو پریاسكانەم
دەكردەوەو دادەخستەوە
هەندێكیان دەبوون بە گرێكوێرەو
هەندێكیان دانەدەخران
ئەمە جگە لە گێڕانەوەی نائومێدی دەڵێت كە لە پشتی باوكیشم دەگوازرێمەوە تا ئەو كاتەی ئەویش سەفەری مەرگ دەكات و دوای ئەویش من هەمان چیرۆكی نەگبەتی و چەرمەسەریم.
ئەم رستانە بەراستی وێنەی سەرنج راكێشن
لە شیعرێكدا بە ناوی شێرپەنجە دەڵێت:
"لە ڕەنگە ئەم ژورە
ئەم ناوە پڕ ئەكەم لە تۆ"
یان لە جێیەكدا دەڵێت
"تاریكی بەرماڵی من نابینێت"
لە جێیەكدا ڕوولە خودا دەڵێت :
"ئای خوایە لەم دەرگا بێ ماڵە
لەم مرۆڤە بێ دەرگایە "
بۆ هەڵەبجە نوسویەتی
" ژەهریان لە سێو دەركردوەو
ئێوارەیەك
بەخشیویانە بە هەڵەبجە"
رستەگەلی لەم جۆرەش هەن
"سەفەری ئاو بەتیشكی ڕەناكی "
" دەستەكانم پڕ لە غوربەتن "
" من لە هەر كوێ بم تۆ لە مندای"
" لە سەر مەرگی هەنار سەوز بوم هەناری ترش"
" دڵم
لە زامێكی بەر خەنجەرولە ماڵێكی بێ چرا دەچێ
لە خەیاڵی خاڵی دەچێ"
زۆرم مەبەستە بەم دەقە شیعریەی خوارەوەكۆتای بەم كورتەنوسینەبێنم ، بەر لە نوسینی دەقەكە ، دەمەوێ ستایشی شێخ سدیقی برای تانیا بكەم ، كە ئەم دیوانەی چاپكرد و چوی ئێمەی بەم شیعرانە ڕەنكردەوە ، هیوادارم چاپی دوەم ئەو هەڵەو كەم و كوڕیانەی تیا نەبیبَت .
پرچم ڕەشماڵی باوكم بوو
شەرەفم چەتری براكەم
عادەتم كلتوری دایكم بوو
بێدەنگیم سەلاری خوشكەكەم
چەند جوان مێ بوونی خۆی دەنوسێتەوە .