
ئەشکان فەهیم (چنار) - مەهاباد
لە ئاسمان ئاگر دەباری. کۆلێر لەسەر خێراترین دەوری خۆی دەسووڕا، بەڵام بە گەرمای نێو ژوورەکە نەدەوەستا. لە پەنجەرە ڕا تەماشای ئەمسەرئەوسەری شەقامی کرد و لە گۆڕستانی بەرامبەری ماڵەکەی ڕوانی. پشووی با نەدەهات، کەس لە دەرەوە نەبوو، دەتکوت دار و بەرد و تەنانەت مردووەکانیش داهێزاون. ئازای ئەندامی وەک تەندوور دایسا. لە پەنجەی پێ ڕا تا تۆقی سەری چڵی دەدا. نەیدەتوانی بەسەر لەرینەوەی دەستەکانی دا زاڵ بێت و دڵی وەک دڵە چۆلەکە لێیدەدا. بەو حاڵەوە بە نیوەڕووتی لەبەر ئاوێنەی مێزی تووالێت دانیشتبوو، بێ ئەوەی چاو لە چاوانی خۆی بکات، قژی دادەهێنا. بیری ئاڵۆز، دە مێشکی دا زەنا زەنا بوو. بۆ چرکەیەک لە چاوەکانی ورد بۆوە. هەستێکی غەریب وەک دەستێکی بێ بەزەیی دڵی ڕێک گووشی. ژانێک سینگی داگرت. دەتکوت هەزار هەزار قیژە دە ئەوکیدا پەنگ دەخواتەوە. بە پڕتاو شانەکەی دەستی فڕێ دا و لە جێی خۆی هەستا. وەک ئەوەی هێڵنجی هاتبێت و نێو گەدەی گەیشتبێتە زاری، ددان و لێوەکانی کەپس کردبوو. بە پەلەپەل سنەیێکی سووری زەقی دەبەر کرد. قژی لە پشتەوەڕا بەست. شاڵێکی سووری بەسەری دادا. لەولاولای جینای بەرداوە. موبایل و کلیلەکانی هەڵگرت و بە جووتێک دەمپایەوە لە ماڵ دەرپەڕی.
ڕێگای ماڵ تا گۆڕستانی کردە چوار شەقاو. لەپشت دەروازەی گۆڕستان لە ژێر سێبەری شۆڕەبی، پۆلێک بەلەدێ بە خەواڵوویی هەڵکورمابوون. شووستەکە هاڵاوی لێ هەڵدەستا. بەلەدێکان بە دیتنی ڕابردنی ئەو هارووژان. کاتژمێر دووی نیوەڕۆ، تێپەڕینی ژنێکی تەڕپۆش و لەبار دە نێوەڕاستی جەهەنەمدا هەستی نێرانەیانی دەبزواند. تا دوور دوور نەکەوتەوە چاویان لە سمتی هەڵنەگرت. هەر لە مردووشۆرڕا هەنگاوی خۆشتر کردبوو. تەقریبەن هەڵدەهات. قیژە دە گەروویدا پەنگی دەخواردەوە. ئەوکی خەریک بوو لەبەر یەک بچێ. ئەژنۆی بە تووندی لە کێلێک کوتا. چاوی پڕ بوو لە ئاو. کوڵی گریانی هەستا. تاقەتی نەما. چاوێکی بە دەوروپشتیدا گێرا. هەموو وڵات مردبوو. هەر ئەو کێلەی لە ئامێز گرت، ڕوومەتی بە کێلەکەوە نووساند و پڕ بە ئەوکی قیژاندی. ئەو قیژە تەواو بوو قیژەیەکی دی، ئەویش تەواو بوو یەکی دی، یەکی دی و یەکی دی. سییەکانی بۆش بۆش بوو. ئەو جار بە کوڵ گریا. ئەو جار بە کوڵ گریا و جار بە جار سەری لە کێلەکە ڕادەکێشا. موبایلەکەی پەیتا پەیتا زەنگی دەخوارد. ((ژن دەبێ بپاڕێتەوە هەرگیز مەرگی مێردەکەی و بێوەژن بوونی خۆی نەبینێ.)) پیرێژنێکی قەڵەو بە هانکە هانک ئەوەی کوت و بە شەلە شەل لێی تێپەڕی. موبایلەکەی هەڵگرت. نووسرابوو (ئاغاکەم) و ئیمۆجی دڵێکی سووری لە پێش بوو. ((لە کوێ ژنەتیوە قەح... نیو سەعات نابێ بە جێم هێشتووی. لەسەر دەستی ئەو باب و برایانەت شەرت بێ کوتانێکت بوکتم ئەوەی ئەوڕۆت لە چاو وی تۆزتەکێن بێ...))
8ی ئۆکتۆبری 2025
بەندیخانەی مەهاباد