
چیم نەکرد بۆ ڕاڤەکردنی حەرفەکانی ئەوین؟
تا گۆزەی ئەشق لەنێو دەستەکانتدا نەشکێ
خۆ دەزانم...
ئێستاش چاوەکانت لەنێو گوڵدانی چاوەکانم دەچنی
ڤژت بەسەر شانە ڕووشاوەکانم دادێنی
دەتەوێت وەك گۆزە دڵم پڕکەی لە سۆزو
ئامێزم پڕ لە کانی خۆشەویستی..
ئیدی ناکرێ نا بەدەفی حەزەکانت گۆرانی بچڕی و
بەنیگای چاوەکانت خەمەکانم لەگەڵ بەشکەیت
ڕۆژانێك بوو...
دڵم لەسەر سینی خۆشەویستیت هەڵخستبوو
بەجریوەی خونچەی لێوەکات پێدەکەنیم
بەقافییەی درۆیەکانت شاییم دەکرد!
بەڵام ئیدی گەڵا و گوڵی بەختت وەری
دەزانم کاڵێ...
فرمێسك بۆ یادگارییەکان هەڵدەڕێژیت
لێم گەڕێ با تەنیابم
چیدی ئەشقت ئەو پیرۆزییەی نەما
وەك ئاوی زەمزەم تێنوتیم بشکێنێ!!
لێم ببوورە
ئیدی پاپۆڕی ئەشقت لە دەریایی ئەوینمدا لەنگەرناگرێ
بڕۆ دڵت لەکام مەزاری ئەشق دادەنێی داینێ
نامەوێ دوای هەناسەی پەشیمانیت بکەوم
گۆزەی دڵم بە بەردی خۆشەویستیت شکا؟
چیدی هەناسەی شیعرم ناچێتە گیرفانی دڵتەوە
ئیدی تەریقەت لەچاوەکانت وەرناگرم
دوعاش لەسەر بەرماڵی ئەشقت ناکەم
دوا نوێژ لەسەر تابووتی ئەوینت دەخوێنم..!!
هەناسەێکم بۆ قەرەباڵغی قیامەت هەڵگرتووە
لەوێ دەبینی...
ئازارەکانم چۆن جگەرە بەڕۆحت پێدەکەن
لێم گەڕێ با تەنیابم
چیدی ناتوانم سۆزی دڵت ڕاگرم
بڕۆ دەرگای دڵم لەدوای خۆت داخە
هەوارت بۆ کوێ دەبەی ببە.
رۆستەم عەزیز
