بەرزان عەلی

کۆڵەپشتی ١٣
​لەرینەوەیەک خۆی دەكێشێ بە چرپەی بێدەنگیی نێو دەنگێکدا،
دەردەچێت چەشنی تیرێک؛
لاشەم دەشۆم بە کانیی گەڵاکان،
ژمانم پڕ دەبێت لە ڤیتامینی ڕەنگ.
کۆڵەپشتەکەم دەڕشێتەوە؛
لەودیوی دارستانەکەوە قیژە دێت،
پێدەچێت شارێک خۆی بکوژێت،
شارێک چەشنی تارمایی دیارە.
میمۆریی غوربەتم نووساوە بە دڵمەوە،
غەریبیم لەنێو فۆڵدەرێکدا ڕاکشاوە.
لەنێو بۆشایی پەنجەرەکەوە دەڕوانم:
چیایەکی نییە دڵی کون نەکرا بێت،
دارستانێک نییە ماتەم نەبێت.
مڕۆڤ شەپۆل دەدات و ناوەستێت،
بە چەندین زمان دەدوێن،
چەندین جۆر جل دەپۆشن،
تەنیا کەمتیار و قەلەڕەشەکان نەبێت کە لەنێو ڕەنگی سپی و ڕەشدا دەژین.
تاریکی ڕووخساری داپۆشیوە،
باڵەخانەکان سەریان لە هەور گیرە،
ڕادەکەن تا بگەن بە شەمەندەفەرێک؛
کەللەسەریان بووە بە گیرفان،
هێندە پیایاندا کێشراوە ڕووخساریان تێکچووە، قورسیی ژیان دەڵێم.
نیگەرانم، چەندین ساڵە لە تاراوگە دەژین بە تامی ئارامگرتن،
گوناهن؛ نە دەمرن و نە زیندوو دەبنەوە.
دەنگی بۆمبەکان نیگەرانم دەکات،
دڵم خەریکە پڕ دەبێت بۆ ئەو ڕۆژانەی غەریبیم دەیقیژاندا لەم شارەدا.
​لە ئەوپەڕی شارەکە گێرسامەوە،
چەشنی قەرەچ دەوارم هەڵدا،
لەنێو خۆڵ و خاشاکدا دەژیم.
شەوان کارتۆن دادەخەم، سەیری ئاسمان دەکەم و بیر لە زۆر شت دەکەمەوە،
دەترسم دووکەڵ خۆی بکێشێ بە شادەمارەکانمدا و ئازار و تەنیاییم بخنکێنێت و بۆ هەمیشە لێرە بم.
هێواش‌هێواش چاوەکانم دەکرێنەوە،
زمانم خۆی نیشان دەدات بە خواری،
قاچەکانم خەریکی هەنگاونانن.
قەرەباڵغیی ئەو شارە هیچ لە ژیانی منێکی نامۆ ناگۆڕێت،
هیچ ناونیشانێک لە گیرفانمدا نییە،
وەکوو سەگێکی وێڵ بۆ لەتێ نان دەگەڕێم و هیلاک نابم لە ڕۆشتن.
​ئاغا کاریگەر! نمیخای؟
ڕۆژانە دڵم دەشکێنن،
ئازارەکان خەریکە گەورە دەبن،
بۆ ئەوەی گیرفانم خاڵی نەبێتەوە،
کولێرەیەکی بەربەریی بە تامی سیغە دێنم.
دڵتەنگیم خەریکە شەق دەبات،
کاتێک ئالوودەبوویەک بە مردوویی دەبینم،
پەراسووەکانم خەریکە دەبنە ئەفریقی،
چەند ڕۆژێکە لەنێو ژیانێکی ناخۆشدا دەژیم، هێشتا کاتم ماوە تا بژیم.
​دەچمە سەرکار، ئاهێک دێتە نێو ڕۆحم،
لە کوچەی هەژدەی ولنجەک،
ژوورێکی هەژار باوەشم پێدا دەکات؛
هیتەرێکی دڵسووتاو و پەتوویەکی موعتاد دەبنە هاودەمی غەریبیم.
شەوان بە جل و بەرگی کارەوە دەنووستم.
دوو ساڵ چەشنی کۆیلە ڕۆحیان کێشام،
ماندوو بووم، برسی بووم، بەڵام نەکەوتم.
هێندە بە عیشقەوە کارم دەکرد چێژم لە سەختییەکان دەبینی؛ ئەندازیارەکەم کاتێک ئاواهی منی بینی، پلەکەی بەرز کردمەوە و بووم بە سەرکار، 
کە بوویت بە سەرۆک یادەوەری دێت، کۆیلەکان ڕیز دەبەستن تا دەستت ماچ بکەن، لە پێڵاوەکانتدا شۆربا دەخۆن.
تەنیاییی خۆم گوشی و لە ژوورەکەدا هەڵم خست، تا خۆم بیر نەچێتەوە.
​جلی کارەکانم خستە مۆزەخانەوە،
شەقێکم لە تەنهایی و غوربەت و نیگەرانی هەڵدا لەنێو شیعرێکدا.
کۆڵەپشتی سیانزەم ناشت،
وەکوو کوڕێکی تاران، باڵاشەڕ، کۆدی ژیان دەکەمەوە لەنێو خەیاڵدا.
دەستڕەنگینیی ئەم شیعرە پێدەچێت
لە کۆڵەپشتی چواردەدا بدرەوشێتەوە.
​ئەی شیعر،
گێڕانەوەی نۆ ساڵ غەریبی لەنێو یادەوەرییەکی شێواودا،
تەنها بە بەرزان عەلی دەکرێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا