عومەر خدر كاكیل

لەسەرەتای هەشتاكان، كاتێ دەستم بە خوێندنەوەی كتێب كرد، لەپاڵ ئەو چەند شاكارە ئەدەبیانەی ئەو سەردەم بەردەست بوون، خوێندنەوەی چەند گەشتێكی ڕۆژهەڵاتناسان، كە سەردانی كوردستانیان كردبووسەرنجیان ڕاكێشام و بەشەوقەوە دەمخوێندنەوە، لەوانە(ژیانی كوردەواری- تۆمابوا، حەمەسەعید حەمەكەریم وەریگێڕاوە-1980.. كچانی كورد- هێنی هەروڵد هەنسن، ناجی عەباس وەریگێڕاوە-1980..هی تریش ). بێگومان ئەو نووسەرانە نێردراوی دەوڵەتەكانیان بوون، بە دوو مەبەست گەشتەكانیان ئەنجام دەدا، یەكەمیان: شارەزابوون لە دابونەریتی میللەتان، دووەم: لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامان و كانزای ئەو وڵاتانە، واتە ئەو ڕۆژهەڵاتناسانە بە بەرنامە و مەبەست گەشتەكانیان دەكرد و لەسەر گەشتەكانیان بە وردی شتیان دەنووسی.

خۆشبەختانە چەند ساڵێكە بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لە كوردستان هاتوونەتە ئاراوە، تێكەڵبوونی خەڵكی ئێمە بە دونیای دەرەوە و گەشتی بەشێك لە نووسەرانمان، ئەوانیش گەشتەكانی خۆیان نووسیوەتەوە، بەڵام مەبەستی ئەوانەی خۆمان تەنها ناساندن و نووسینەوەی یادوەرەكانیان بووە.لەوانەش كەریم كاكە و محەمەد باوەكر و چەندانی تر ئەزموونی گەشتەكانیان بەشوێوەیەكی ئەدەبی جوان یاداشت كردووە.

ئەوەتا گەریدە و شاعیر و كەژەوان (محەمەد باوەكر) لە كتێبی (گەشتنامە)* لەگەڵ خۆیدا بەرەو 15 وڵاتمان دەبات و بەكورتی شارەزامان دەكات بە دابەریتی ئەو وڵاتانە، نووسەر لەم گەشتانەیدا بەچاوێكی شاعیرانە لە شتە وردەكان ڕادەمینێ، دابوونەریتە جیاوازەكانمان بۆ دەگێڕێتەوە، هەر لەخواردنە جیاوازەكان وەك گۆشتی تیمساح و بۆق و كرمەكان تادەگاتە میوە جیاواز و نامۆكان، ئاخر گرینگەكەی گەشتیار لەوەدایە، گەشتی هەر وڵاتێك بكات خواردنیان تاقی بكاتەوە و چێژی لێوەرگرێ، چونكە ڕەنگبێ جارێكی تر ئەو جۆرە خواردن و میوە نەبینیەوە، ئەوكاتە ڕەنگبێ لەدڵت بمێنێ كە تامی ئەوان نەكرد! محەمەد باوەكر چونكە خۆی كەژەوانێكی بەسەلیقەیە و چێژ لە ناو سروشت وەردەگرێت، لە گەشتی ئەم وڵاتانەشدا زیاتر بە كەژەوانی و گەڕان بەناو سروشتدا وێڵ و سەرگەردانە، هەمیشە لە گەڵ شەپۆڵی دەریاكان سەما دەكات و بەردەوام چاوی لە لوتكەكانە، بەناو دارستانە چڕەكاندا بەدوای تولە ڕێكاندا دەڕوا و بێ ئەوەی ترسی بزربوونی هەبێ، كەمتر بە ناو شارە جەنجاڵەكانیاندا دەگەڕێ، وە ئەوەی مایەی سەرنجە بۆ من، بە ئاسانی تێكەڵبوونیەتی لەگەڵ كەسانێك كە ڕەنگە زمانیشیان نەزانێ، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كەسێكی كۆمەڵاییەتی و خۆشەویستە.

ئەوەی محەمەد باوەكر لەم گەشتانەی و لە كەژەوانیەكانی ناوەخۆش پەیڕەویان دەكات هەمیشە ڕێگای پڕ لە مەترسی و دژوار، بەتەنیا تاقی دەكاتەوە و چێژیان لێوەردەگرێ، ئەوەتا لە لاپەڕە 32 دەڵێ: "لەدڵی خۆمدا گوتم مردن لە هەر كوێیەك بێت با بێت، نێوانی ژیان و مردن، تەنها چركەیەكە، كەواتە با بە دڵێكی خۆش لەبۆی بچین، پێویستە بەدڵی خۆت و حەزی خۆت بەرەوپیلیەوە بڕۆی و بڕیاری لێوە بدەیت، جا لەژێر دەریا بێت، یان لە بەرزایی ئاسمان بێت، یان لە كۆشی دایك، یان خێزان."

ئەوەی جوان و گرینگە لەم گەشتنامەدا، لە دوای گێڕانەوەی هەر گەشتێك كۆمەڵێ وێنەی فۆتۆگرافی دانراوە، كە شوێنە جوانەكان و دابوو نەریتەكان و سروشت و گوڵی جوان و خواردنەكان نیشان دەدات، بێگومان ئەمەش بۆتە پاڵپشتیەكی جوان بۆ گێڕانەوەكانی..

ئەوەی خۆشحاڵیشی كردم لە خوێندنەوەی ئەم كتێبە، نەبوونی هەڵەی ڕێنووسی بوو، دیارە لەم ڕوەشەوە سەلیقەی وردی (سەركەوت وەلی) دەوری هەبووە، كە هەڵەچنی بۆ كردوە. من تەنها تێبینیم لەسەر دوو هەڵە هەیە پێم خۆش بوو ڕاستیان بكەمەوە، بۆ بەرچاو ڕوونی نووسەر و خوێنەران، یەكەمیان: لە لاپەڕە 58 هاتووە (ڕەنگەكەی وەك ڕەنگی سەلكە پەنیری ناو پێستەی ڕەوەندەكانی لای خۆمانە، كە لە كونە پەنیرەكانی حاجی ئۆمەران، بەهاران دەری دەهێنن،...). هەڵەكە ئەوەیە پەنیر لە پایزان لە كونەبا دەردەهێنرێ،نەك بەهاران، بەو شوێنەش كە پەنیری لێ دادەنێن پێی دەڵێن (كونەبا)، نەك كونە پەنیر. دووەمیان: لە لاپەڕە 157 یش دەڵێ ( ئەو ئاوەی بە پیرۆز و موبارەكی دەزانن هەروەك ئاوی زمزمی مەككە و ئاوی شێخی باڵەكیان...)، باڵەكیان هەڵەیە باڵەك ڕاستە، لای هەموومان ڕونە باڵەك ناوچەیەكی پان و بەرینی عەشیرەتی (باڵەك)ە، بەڵام (باڵەكیان) ناوی گوندێكە كەوتۆتە دەستە ڕاستی دەروازەی قەزای سۆران..

لە كۆتایدا هیوای بەردەوامی بۆ كاك محەمەد باوەكر دەخوازم و هیوادارم بەرگی تریشی بەدوادابێ..

*گەشتنامە ــ محەمەد باوەكر

بابەت: گەشتنامە

بەرگی یەكەم، ساڵی 2024

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە