
شۆڕش
پیرەمۆتەیەکی گۆج، ڕدێن شۆڕەوەبوو، دەست و قول بەڵەک، هاسکە هاسک، توورەکەیەک بە شانەوە، بە شەلەشەل بەڕێی حەشارگەکەیەوە بوو. گەییەوە. چووەوە ژوورێ. توورەکەی لە شانەوە کرد. مەندیلە ڕەشەکەی کە سەروچاوی پێ هەڵبەستبوو کردەوە و قیت لەسەر بەستییەوە. چووە سەر شێرەکە و دەست و پەلی توند ڕێخست، تاوەکوو خوێنەکەی لێبێتەوە. شوشتی و پاشان بە عەباکەی ویشکەوە کرد. کەوڵ ڕاخرابوو؛ ڕازابووەوە و بۆنی سەر و پێ وڵاتی داگرتبوو. مۆتەی ژنیشی دەست لەژێر چەنە، چاوەڕێی، بەدیار خوانەوە دانیشتبوو. دانەنیشت. دەستبەجێ توورەکە ڕزقەکەی دەست دایە و چووە ژێرخانەوە. کلیلە ژەنگاوییەکەی دەرێنا و لە دەرگاکەی نا و کردییەوە. چراکانی هەڵکرد. توورەکەکەی بە کۆگاکەدا هەڵپەسارد. داهاتەوە؛ لاقێکی لێ ڕاکێشا و بەدیارییەوە دانیشت:
- یەک... دوو... سێ...
پەنجاو حەوت... پەنجاو هەشت...
شەست و شەش... شەست و حەوت...
حەفتاو حەوت... حەفتاو هەشت...
هەشتا و حەوت... هەشتاو هەشت...
نەوەد و شەش... نەوەد و هەشت...
وەەەە ئەوەششش سەدووووبیستووووشــــەشش!
هەستا سەر پێ. دەرگاکەی داخستەوە. کلیلی دا و لە باغەڵی نایەوە. چراکەی کووژاندەوە و مۆتکەمۆتک، بە خێسەخێس وەسەر کەوتەوە. چووە سەر خوان و دەستی کرد بە نانوچا خواردن:
- ئمممم... ئەوە هی کامە نێچیرە؟
⁺ هی ئەوەی وا لە حەوشە هەڵت واسیبوو!
- زۆر بەتامە... بەڵام تۆ لەوانە گەڕێ ژنەکە! چل و حەوت هەزار و حەوسەد و نەوەدم ڕاست کردووەتەوە. ئەو ڕاوەیان قۆڵی لێ هەڵماڵم و بچمەوە، هەم گرێوەکەم دەبەمەوە و هەم خەڵاتی ئاغا! هەتا گێرمم وچان نادەم. هەر ئەم بەیانییە دەچمەوە. مۆتەکە'ی کۆج مڕ بوو؛ کشایەوە. هەستا سەر پێ و خەپک و فاقە و داوی لە توورەکە هاویشت. پاشان چووە نێو جێگاوە و لێی خەوت؛ هەتا بەیانی زوو هەستێ و بڕواتەوە ڕاو.
بەرەبەیان زوو، لەگەڵ دەرکەوتنی زەردەپەڕ، مۆتەی ژنی هەرای لێکرد. هەرای لێکردەوە و ڕایتەکاند. بەڵام لە خەو ڕانەبوو! پیرە مۆتەی ڕاوچی، لەڕێی چوون بۆ دوایین ڕاویدا بوو... .
بۆکان - سەرماوەزی ٢٠٢٣
تابڵۆ: «ئاڵا ٦»، ڕێبوار خالید