هەمزە گوڵانی

 

دەسوتێم و

خۆڵە مێشی سووتانم ناڕوێتەوە

ژیلەمۆی هەستێک نیە،

بەگڵپەی یادەوەریەکانمدا بگەڕێم

تا لە نوسینی "ئاگرنامە"یەکدا

کۆتایی بە جەنگی نێوان دوو تاوەر بهێنم

کە خوێنی ئەلف و بای لاویمی تێدا ڕژا.

بە خەمی خاک داهێزرام و

پێستم گەیشتە خاراوگە

لە جەمع و قەسری سەفەردا ،

نوێژە فەوتاوەکانی باوەڕم تازەگیرا نابن

چونکە ئیمزای خودایان لەسەر نیە.

دەگریم  بەکوڵ دەگریم و لەو دڕندەستانەدا

کە ڕۆژ نیە خەیاڵم زیندە بەچاڵ نەکرێ،

گریانم هەتیو کەوتووە!

پەرۆشی نیگایەکم،

لەچاوی ئەو کانیاوانەی بناردا وشک بوو

کە سەرقافڵە کلاوچیەکان

بۆسەیان بۆ تێنوێتی تۆ داناو

لە گەڵ  هەزاران ڕێبواردا بووی بە قوربانی

ئیستا  کە دەمەوێت ئاو بنوسمەوە

کوا زمانێک بۆ مانیفێستی ڕێگا،

تا لە هەڵکشانی پیتەکانیدا

خودا پەسندی بکات؟

ڕەنگە بڵێن:

ئەوە نیە زمانێکت هەیە:

"نالی" کردووە بە  ڕووگەی شیعر؛

"خانی"  خولیای دوا ڕۆژی نوسیوەتەوە

بە کەمانچەکەی موچتەبای میرزاده

بولبولێکی بۆکانی ،

ئاهەنگی سەرتاسەری عیشقی گێڕاوە؟

بەڵێ وایە،

لێ هەرکەس  بزانێ

دەردی زمانم لەکوێدا کاریە،

خاڵۍ کۆتایی بۆ شیوەنی من دانانێ!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا