بەهرە هەولێری
وەک گولەگەنم
لە خاکی گەنجێتیدا سەرم
دەردەهێناو
گەشەم دەکردو دەشنامەوە
ووردە ووردە
وەرزی دروێنە هات و
داسە هەسانکراوەکان
بۆ دروێنەی رۆحە سپییەکان
هێرشیان هێنا
لەدەمی تیژی چەندین داس
دەربازم بوو
هەتا ڕۆژێ
کەوتمە ئامێزی داسێکی دەم هار
خۆویستانە
کلیلی دڵمم پێسپارد
کەزیم دایێ
خۆشەویستیم بدا لە دار...
لەو ڕۆژەوە
قسەکانی دەستاڕبەدەست
ڕامدەپێچنە نێو
بەرداشی ئاشێکەوە...
لەنێو دەستە زبرەکانی
هەرجارە و دەبم بەشتێک
ڕۆژێ دەبم بە ساوار و
دەکوڵێندرێم..
ڕۆژێکی دی دەبمە ئارد و
دەشێلدرێم..
کەچی دیسانەوە
بەقسەیەکی شیرین
دەبمەوە گوڵەگەنمەکەی پێشوو
هەمان تاس و
هەمان حەمام
دیسانەوە
ڕۆژێ داس و
ڕۆژێ دەستاڕ و
ڕۆژێ ئاش...
وەلێ هەرگیز بێزار نابم
دیسانەوە...
لەخاکی خۆشەویستی
سەر دەردێنم و باڵا دەکەم..
تەموزی 2017