ئەکتەرەکان/ڕەقیبی ژمارە چوار(کاروان)نوێنەری کۆمپانیا+ ئاری(کارمەند).

شوێن/گرتوخانەی قەعقاع.

پەردەی دەیەم

بەشی٤٦

ئیمپڕاتۆڕییەتی پڕۆلیتاریا

 ڕەقیبی ژمارە چوار: تۆ تۆمەتێکیتریشت لەسەرە.

 ئاری: تۆمەتی چی!؟

 ڕەقیبی ژمارە چوار: هاندانی کرێکاران، لە دژی کۆمپانیا.

 ئاری:من تەنها هانم داون لەئاست ناحەقی و نادادی بێدەنگ نەبن. سیستەمی کۆیلایەتی ڕەت بکەنەوە.

 ڕەقیبی ژمارە چوار: تۆ، بەڕێوەبەری کۆمپانیا

زوو ئاگاداری کردیتەوە، کە بۆخۆت نانی خۆت بخۆ و لەخۆتی تێکمەدە و کارێکت دەستکەوتووە و شوکرانەبێژی خودای لەسەر بکە.

 ئاری: بەڵام لە خەونیشدا من هەرگیز نانی سەرشۆڕی و کۆیلایەتی قبووڵ ناکەم.

 ڕەقیبی ژماره چوار: تۆ لە کۆمپانیا دەرکراویت.

 ئاری: ئێستا تۆ پێم بڵێ بۆچی هاتوویت بۆئێرە؟

خۆ ئەوەی ویستت، کردت.

 ڕەقیبی ژمارە چوار: بەرلەوەی تۆ بێیت بۆ کۆمپانیاکەمان، کارەکان زۆر بەڕێک و پێکی و بێ کێشە بەڕێوە دەچوون و هیچ ئاژاوەیەک نەبوو، وەلێ ئێستا هەموو ڕۆژ مانگرتن و ئاژاوەگێڕی بەردەوامە و خەریکە ئاگری ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە تۆ هەڵتگیرساند، هەموو وڵات دەسووتێنێت.

بۆیە تکام وایە، پێیان بڵێ دەستبەرداری ئەو تێکدەری و ئاژاوەگێڕییە بن. ئێمە بەڵێن دەدەین کرێی کاریان بۆ زیادبکەین و دەوڵەتیش هەر ئێستا تۆ ئازاد دەکات. بەڵام  بەمەرجێک، نەگەڕێیتەوە سەر ئەو ئاژاوەگێڕییەی بەرێت و دەست بەرداری بیری یاخیبوون و ئاژاوەگێڕی بیت.

لە کۆمپانیاکەشمان دەگەڕێیتەوە  سەرکارەکەت و دەتکەین بە جێگری دوومی بەڕێوەبەری کۆمپانیا.

 ئاری: گوێ بگرە باش، ئەگەر بمکەن بە ئیمپڕاتۆڕی هەموو مەملەکەت، مادام لەسەر حیسابی چەوسانەوەی مرۆڤەکان و مژینی خوێنی هاوڕەگەزەکانم بێت، نامەوێت.

 من ئەوکاتە دەبم بە ئیمپڕاتۆڕ، کاتێک ئیمپڕاتۆڕییەتی پڕۆلیتاریا جاڕبدەم و تەخت و تاراجی سەرمایەداری تێک و بێک بشکێنم.

 ڕەقیبی ژمارە چوار: من بۆتۆمە  و تۆ بۆ کێتە؟ ئاقڵ گیان، بۆ سەری نەئێشای پەڕۆی تێدەئاڵێنیت. تۆ مرۆڤێکی کەللـەڕەقیت و لەوە دەچێت بەو کەللـە ڕەقیییەشت، سەری خۆت بەفەتارە بدەیت و ببیت بە قوربانی بۆ خەڵکی تر.

 ئاری: ئەفسووس  بۆتۆ،  تا دوێنێ خۆت بە هەزار پاڤێلی پالەوانی ڕۆمانی (دایک)ی ماکسیم گۆرگی نەدەگۆڕییەوە و سوێندت بە گۆڕەکەی گیڤارا دەخوارد و مارکست به کەعبە و مانیفێستی کۆمۆنیستیشت کردبوو بە کتێبی پیرۆزت، کەچی ئەمڕۆ پارووێک نان کوێری کردوویت و سەد و هەشتا پلە باتداوەتەوە و ڕیزی کرێکارانت جێ هێشتووە و بۆ پلە و پایەیەکی بێبەها، خۆت و هەموو بەها و ڕەوشت و مۆڕاڵێکی خۆتت فرۆشتووە ! بەداخەوە کە تۆ کوڕی مام ئاکۆ و برای بەهاریت.

 ڕەقیبی ژمارە چوار: ژیان واتا بەرژەوەندی. کرێکاریش بۆ پارەی خۆیان کاردەکەن و هیچ خێرێک و چاکەیەکی بێبەرامبەر بە کۆمپانیا پێشکێش ناکەن.

 ئاری: تۆ و هاوفیکرانت لە سەرمایەداران و سیستەمەپۆخلەکەت(سیستەمی سەرمایەداری) وادەزانن کرێکار لە ئامێرێک زیاتر نییە !

 ڕەقیبی ژمارە چوار: واز لە فەلسەفە و قسەی قۆڕ بێنە و به قسەی من بکە، زیان ناکەیت.

 ئاری: بڕۆ و لەبەرچاوەکانم ونبە، بێ بەهای خۆفرۆش.

 لەگەڵ چەپڵەی ئامادەبووان، پەردەکە دادەرێتەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا