
رێگای کوردستان
لە ڕۆژی ٧ی ١١ی ٢٠٢٦، کاتژمێر ٤ی ئێوارە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە هۆتێلی شاری جوانی سلێمانی بەڕێوەچوو، هونەرمەند عەدنان کەریم ئەلبوومی نوێی خۆی بە ناوی «گوارە» بڵاوکردەوە و ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمەی بۆ ئامادەبووان و ڕۆژنامەنووسان ڕوونکردەوە.
ئەلبوومی «گوارە» لە ١١ گۆرانی پێک هاتووە، کە زۆربەی ئاوازەکانی لەلایەن خودی هونەرمەندەوە دانراون. هۆنراوەکانی ئەم ئەلبوومەش لە شیعرەکانی شاعیرانی وەک نالی، دڵزار، حەمدی، مەولەوی وەفایی، ئەحمەد موختار بەگی جاف، جەگەرخوێن و مامۆستا خامۆش وەرگیراون. هەروەها یەک گۆرانیی فۆلکلۆری بە ناوی «مانگی تابان»یش لە ئەلبوومەکەدا هەیە.
کاری مۆسیقیی ئەم بەرهەمە لەلایەن گروپی مۆسیقیی ناسراوی کورد، کامکاران، ئامادە کراوە.
شایانی باسە، هونەرمەند عەدنان کەریم پێشتر چەندین کاری هاوبەشی لەگەڵ گروپی کامکاران ئەنجام داوە، لەوانە ئەلبوومەکانی «ئەمشەو»، «وەفایی» و «خاتوون»، هەروەها چەندین کۆنسێرتی هاوبەشیان پێشکەش بە ئامادەبووان کردووە.
