
زاهیر ئیبراهیم
مێژووی کۆن و نوێ وامان پێ دەڵێت؛ لەناو بەهێزترین سیستەمی ترس و تۆقاندن و زیندانە تاریک و تۆقێنەرەکانی دەستەڵاتە تووندڕەوەکاندا، خەونی مرۆڤ بۆ ڕزگاری و ئازادی، تێکۆشان بۆ دنیایەکی دادپەروەرانەتر چرۆی کرد. تا ئەمڕۆ ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، هەر تەنیا ئەوەی بۆیان چووەتە سەر بتوانن تیرۆرکاری بکەن، دەست و جەستەی مرۆڤە ئازادیخوازەکان کەلەپچە بکەن، بەڵام ئەوەی نەیانتوانی بیکەن و پێی نەگەیشتن، کۆتوبەندکردنی خەیاڵ و بیرکردنەوە بوو بۆ ئازادی و داهاتوویەکی نوێ. هیچ ڕژێمێک لەم ڕێگەیەدا نەیتوانی ئامانجەکەی وەدەست بهێنێت. وەک "شێرکۆ بێکەس"ی شاعیری گەورەی کورد، دەڵێت:
«ئێوە دەتوانن ئازارمان لە پێکەنینی خۆتاندا بتوێننەوە
دەتوانن و دەتوانن و دەتوانن
بەڵام ئەوەی لە خەونی گورگەبۆرەکەی یەکەمەوە
نەهاتە دی و نایشێتە دی
ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێت
سڕینەوەی ئازادییە لە ڕۆحماندا
کوشتنی عەشقی ئەبەدیی دار و بەردە لە ناخماندا
ڕاماڵینی خۆشەویستیی دیاربەکر و کەرکووکە لە دڵماندا».
لەبەرامبەر داگیرکاریی سوپای بێمۆڕاڵی ستەمکاردا، هەمیشە سەکۆی وەستانەوە و بەرەنگاریش هەبووە. هەرچی ڕژێمی دیکتاتۆرە لە مێژوودا ڕێگەی تۆقاندن و تیرۆری بەرامبەر ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان و بیرمەندەکانی گرتە بەر، بەڵام دواجار هەر خۆی شکا، دەسەڵات و سیستەمە توندوتیژەکەی هەرەسی هێنا.
هیچ یەکێک لە سەرکردە دیکتاتۆرەکان، نەیانتوانیوە درێژە بە ستەم و نادادی بدەن، چونکە خەون و پەیامی ئازادیخوازان و ئیرادەی شۆڕشگێڕان و گەلی هۆشیار، لە سیستەمی سەرکوتکار و سوپا کاریگەرتر و باڵاتر بووە.
لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی، پڕن لە داستانی قارەمانێتیی مرۆڤە شۆڕشگێڕەکان، وانەکانیان بوون بە هەوێنی سەرهەڵدانی خەونی ئازادی و لەدایکبوونی ئومێد لەناو سیستەمێکی یەکگرتووی تۆتالیتاردا. سیستەمێک کە بەهێز و لەبننەهاتوو بووە، بەڵام هەوڵ و کۆشش بۆ بەدیهێنانی گۆڕان و ئازادی، وانە مەزنەکانی شۆڕشگێڕان، ئیرادەی بەرەنگاری دروستکرد. ئەوان توانییان حکوومەتە داپۆشراوەکان بە تۆقاندن و تیرۆر، حکوومەتی چەک و هێز، مەحکووم بە سزای گەلی زەحمەتکێش و ستەملێکراو بکەن.
ڤلادیمێر لینین، ڕابەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی کۆمۆنیزم، کاتێک باسی یەکخستن و گرێدانی نێوان تیۆری و پڕاکتیک دەکات، دەڵێت: «شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە نابێت تەنیا تیۆریست یان تەنیا چالاکوانی سەر شەقام بێت، بەڵکوو دەبێت هەردووکیان بەیەکەوە ببەستێتەوە.» هەروەها دەڵێت: «تیۆر لە بنەڕەتدا ماهیەتەکەی ڕێنیشاندەری کردارە، کرداریش پشتڕاستکەرەوەی تیۆرە.».
هاوڕێ کاوە، ناسراو بە جەمال شوشە، دەبێتە یەکێک لەو شۆڕشگێڕانەی کە تیۆر و پڕاکتیک بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەبێتە یەکێک لە دەرکەوتە دیار و خەباتگێڕەکانی مێژووی پڕ لە شکۆ و شانازیی حیزبی شیوعی. بە خوێندنەوە و سەرنجدان لە کتێبەکەی "گەڕانەوە لە مەرگ" و ئاشنابوون بە وێستگەکانی تێکۆشانی، دەگەیتە ئەو ئەنجامەی، هاوڕێ جەمال شوشە، ڕێک ئەو ئازادیخوازەیە کە سنوورە کۆنکرێتی و ئەمنییەکان دەبڕێت، ڕووبەڕووی ستەم و زۆرداریی ئەو ڕژێمە دەبێتەوە.
لەناو بەهێزترین سیستەمی هەواڵگری و سەربازی و جاش و دەزگای ئەمنیدا، هاوڕێ جەمال شوشە، بڕیار بۆ تێکۆشان لە ڕیزی حیزبی شیوعیدا دەدات. بێترس سنوورە توند و ئەمنییەکانی ڕژێمی سەدام تێدەپەڕێنێت، پاڵەوانئاسا ئەرکەکانی بەجێدەگەیەنێت، پەیام و بانگەوازی حیزب بۆ نەهێشتنی ستەم و نادادی و داگیرکاریی بەیان دەکات. کەچی ڕژێم، تەنیا دەرەقەتی کۆنتڕۆڵکردنی دەست و جەستەکەی دێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئایدۆلۆژیا و دنیابینینە مرۆڤدۆستییەکەی، هەست و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و خاک لە بیرکردنەوەی هاوڕێ جەمال شوشەدا دەستەمۆ بکات.
کەسایەتیی شۆڕشگێڕیی هاوڕێ جەمال هەر لە بوون بە پێشمەرگە تا ڕۆژانی زیندان، ئەو ڕاستییە بەرجەستە دەکات کە زیندان، نەک هەر نەیتوانی هزری ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازی دیل بکات، بەڵکوو زیندانەکان بوونە هەوێنی گەشە و پتەوتربوونی بنەماکانی بەرەنگاری و هزری ئازادی. بۆیە چەندان کتێب و شیعر و چیڕۆکی مەزن لە زیندانەکاندا لەدایک بوون. لە زینداندا بڕیار لە تێکۆشانی دەرەوەی زیندان درا. نموونەکان لەم ڕووەوە یەکجار زۆرن. هەر زیندانەکانی ڕژێمی بەعس بەسە بۆ ڕوونکردنەوەی شکستی حکوومەتە توندڕەوەکان کە نەیانتوانیوە بیری ئازادیخوازی بە ڕێگەی تۆقاندن و زیندان داگیر بکەن. وەک مامۆستا هێمنی شاعیری کورد دەڵێت: «قوڕبەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە».
هەروەک شیعری "زیندان"ی شاعیر "موزەفەر نەواب" توانی قۆناغێکی تری بەرەنگاریی دژی ڕژێمی بەعس بباتە پێش. شیعرەکە ڕۆڵی مێژوویی خۆی بینی لە بەهێزکردنی گیانی بەرگریدا. دەیان نووسەر و شاعیر لە زیندانەکاندا داهێنانیان لە وشە و بیرکردنەوەکانیاندا کرد. دەیان ئازادیخوازی شیوعی لە زیندانەکاندا وانەی خۆڕاگری و بەرەنگارییان داهێنا. لە زیندانەکاندا پڕۆسەی هزریی پێشکەوتنخوازی و ئیرادەی شۆڕشگێڕییان بردە پێش.
لە مێژووی گەشەی هزری و سیاسی لە جیهاندا، نموونەکانی ڕادەستنەبوون بە فشار و گوشارەکانی زیندان، کۆڵنەدان، هەروەها گۆڕینی کەشی سەختی زیندان بۆ دروستکردنی ئومێد، بۆ لێکۆڵینەوە و ئافراندن، نموونەکان کاریگەرتر و فەلسەفیتر دەردەکەون. ئەنتۆنیۆ گرامشی بەرهەمی ڕۆژانی زیندانە. گرامشی لە ساڵی (١٩٢٦) لەلایەن ڕژێمی مۆسۆلینییەوە خرایە زیندان. لە ماوەی زیندانیبوونیدا، لە نێوان ساڵانی (١٩٢٩ تا ١٩٣٥) توانی نزیکەی ٣٠ دەفتەری تیۆری و شیکاری بنووسێت کە دواتر بە ناوی «یادداشتەکانی زیندان» ناسران.
نامەکانی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، لە زیندان بۆ هاوسەر و هاوڕێ و نزیکەکانی بوونە میراتێکی تری مێژووی هزر کە بەرهەمی ڕۆژانی زیندانە. تێڕوانینی لەبارەی مرۆڤ و ئازادی و کۆمەڵگە، دامەزراندنی هزر و تیۆری فێمینیستی بوو کە هەر لە زیندان گەشەی پێ دا.
مێژووی عێراق، بەگشتی، بەدیاریکراویش مێژووی شووم و خوێناویی ڕژێمی سەدام، نموونەیەکی نزیک و بەرجەستەیە بۆ تێگەیشتن لە بوون و دامەزراندنی دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی لەسەر بنەمای هێز و چەپاندن و تۆقاندن، وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی گەل بە چەک و هێز. شۆڤێنیزمی بەعس لە ماوەی حوکمڕانیدا هەموو شێوازەکانی کۆمەڵکوژی و تیرۆر و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدی تاقی کردەوە. خاوەن یەکێک لە بەهێزترین سوپا بوو، دەستی بۆ هەموو ئەو ئامرازانە برد کە پێی وابوو دەتوانێت هەمیشە پێیان بمێنێتەوە. وەک زیندانیکردنی نووسەران و شاعیران، تیرۆر و زیندانیکردنی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان. وێرانکردنی سروشت و ژینگە و ڕاگواستن، قەدەغەکردنی زمان و هەوڵەکانی بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد.
هەڵبەتە لەناو ئەم دەسەڵاتە خوێنڕێژەدا، هێز و ڕەوتی بەرەنگاری و ئازادیخواز سەری هەڵدا، لە مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت و تێکۆشان بۆ هێنانەدی دادپەروەری و ڕزگاری. بەدڵنیاییەوە حیزبی شیوعیی عێراق و کوردستان، مێژوویەکی زێڕینی هەیە. پێگەیەکی بەرز و ڕابردوویەکی پرشنگداری هەیە. ئەو حیزبە لە قۆناغی خەباتی چەکداریدا بۆ ڕووخانی دیکتاتۆرییەت، هەزاران ئەندام و سەرکردە و قارەمانی بەخشی. کاروانەکەی پڕە لە ڕێبواری ماندوونەناس و چاونەترس و لێهاتوو. بنەما هزری و ئایدۆلۆژییەکانی شیوعییەت؛ ڕوئیا و سیاسەتی بۆ داکۆکی لە مافی زەوتکراوی کرێکاران و هەژاران و زەحمەتکێشان، بەرنامە و ڕوانگەی بۆ مافی مرۆڤ بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزی، کۆی ئەم بنەمایانە بوونە هەوێن بۆ پێگەیشتن و دروستبوونی چەندان ڕەمزی شۆڕشگێڕی قارەمان لە ڕیزی ئەو حیزبەدا. هەروەها گەشەکردن و بەجەماوەریبوونی حیزب، بڵاوبوونەوەی بیری شۆڕشگێڕی و ئەدەبیات و بەرنامەکەی لە سەرانسەری عێراق و کوردستان. کە دواجار حیزبی شیوعی دەبێتە گەورەترین هێزی بەرەنگاری دژی بەعس و حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی عێراق. بۆیە هەرگیز باسکردن و نووسینەوەی ئەو مێژووە، بەبێ ناوهێنان و پەراوێزخستنی حیزبی شیوعی و تێکۆشەرەکانی ناڕەوا و نادادپەروەرانەیە.
کتێبی "گەڕانەوە لە مەرگ" بەشێک لە خەباتی ڕۆژانی پێشمەرگایەتیی هاوڕێ جەمال و هاوڕێکانی دەخاتە ڕوو. ڕووداوەکان پێمان دەڵێن: جەمال شوشە وەک کێوێک وەستاوەتەوە لە ئاست جەبر و گوشارەکانی یەکێک لە دڕندەترین حکوومەتەکان. خولانەوەی لەناو ڕووداوە تراژیدییەکاندا، کەوتن و هەستانەوەکانی، بەردەوامبوونی لەناو سەختییەکاندا، ڕێک لە سیزیف دەچێت.
سیزیف لەلایەن خوداکانەوە سزا دراوە، بۆ هەتاهەتایە مەحکوومە بەوەی بەردێکی گەورە بەرەو لووتکەی چیایەک هەڵکێشێت، بەڵام هەر کاتێک لە لووتکەی چیاکە نزیک دەبێتەوە، بەردەکە دەکەوێتە خوارەوە. سیزیف دەبێت لە سەرەتاوە دەست پێ بکاتەوە، ئەم زەحمەتی و نەهامەتییانەی سیزیف بەردەوام دەبێت. بەڵام سیزیف لەپێناو مانەوەدا بەرگەی سەختترین تاقیکردنەوە دەگرێت. بەردەوامبوون لە زەحمەتییەکانیدا بە گونجاوتر دەبینێت لەوەی ڕادەست ببێت. سیزیف لە سەختییەکانی تێدەگات، ئەو ئاگادارە لە پووچی ڕۆژگار و بارودۆخەکەی. ئەم ئاگادارییە لە چارەنووسەکەی دەبێتە سەرچاوەی نیگەرانی و مەینەت و ئازار، بەڵام ئەلبێرت کامۆی نووسەری ئەفسانەی سیزیف دەڵێت: هەر ئەم ئاگادارییە لە دۆخەکەی دەبێتە بنەمای سەرکەوتنیش.
ڕێک هاوڕێ جەمال شوشە، بەناو سنوورە تەلەبەند و قایمەکانی دوژمندا دێت و دەچێت، دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە. هاوڕێ ئاگاداری قورسی و مەترسییەکانی بەردەم تێکۆشانەکەیەتی، زۆر باش دەزانێت کە ئەرکەکەی زۆر دژوارە، بەڵام مانەوەی لەناو سەختییەکاندا هەڵدەبژێرێت، ئازارەکانی ئەم مانەوەیە ناگۆڕێتەوە بە ڕادەستبوون و ژیانی ژێردەستەیی، سەرکەوتنی خۆی و هاوڕێکانیشی لە بەردەوامبووندا دەبینێتەوە. هاوڕێ جەمال شوشە، بەرگەی فشاری تینوویەتی و برسییەتی، ئازاری زامداربوون، شەڕی دەروونی لە زیندان و ئەشکەنجەدان، گەڕان و ڕۆیشتن بەناو ڕێگەی سەخت، ناسۆری مەرگی هاوڕێکانی گرتووە. خولانەوە لەناو ئەم تراژیدیا و سەختییانەدا، ڕێک خودی ململانێی هاوڕێ جەمالە لەگەڵ مەرگ. بەڵام چ ململانێیەک و چ بەرەنگارییەک و چ هێزێکی خۆڕاگری و بەرپەرچدانەوەیەک.
لە کۆی ئەم کتێبەدا، هەمیشە مەرگ تارماییەکە بەسەر زۆرینەی ڕۆژانی خەباتی هاوڕێ جەمال و هاوڕێکانی، ئەمەش لە ئاکامی سەختی و مەترسییەکانی ئەو سەردەمەیە، کە لەلایەک حیزبی شیوعی لەبەردەم مەترسیی هێزی ڕژێم و لەلایەکی تریش مەترسیی پەلامار و شەڕپێفرۆشتنی هێزە کوردییەکاندایە. وێڕای مەترسییەکانی تر کە بەردەوام ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەڵام هێشتا هاوڕێ جەمال و هاوسەنگەرەکانی کۆڵ نادەن. شەڕی مانەوە دەکەن، شەڕی مانەوە بە ئازایەتی و هێز و خۆڕاگرییەکەی، بە کۆمەک و پاڵپشتی هاوڕێکانی، نەک لەسەر حسابی پاشەکشە لە هزر و بنەماکانی و پشتکردن لە هاوڕێکانی.
نیگەرانی، تارماییەکی ترە بەسەر زۆرترین ڕۆژانی خەباتی هاوڕێ جەمال شوشە. ئەم نیگەرانییە پەیوەندییەکی قووڵی هەیە بە هۆشیاری و ئاگایی هاوڕێ جەمال شوشە. بە بڕوای کیرکەگۆری فەیلەسووفی بوونگەرایی، نیگەرانی دەرئەنجامی ئازادییە، کاتێک مرۆڤ هۆشیار دەبێت لە ئەگەرە بێسنوورەکانی هەبوون و ئەرکی هەڵبژاردن، ئەو هۆشیارییە خۆی نیگەرانی دروست دەکات. بۆیە بۆ ئەو، نیگەرانی نیشانەی نەخۆشی نییە، بەڵکوو نیشانەی هۆشیاریی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتییە. لەژێر ڕۆشنایی ڕوانگەی کیرکەگۆردا، نیگەرانیی هاوڕێ جەمال دەرئەنجامی تێگەیشتن و خوێندنەوەیەتی بۆ دۆخەکەی. ئامادەییەکی هۆشیارانە و ئاگایانەیە لەناو ڕووداوە تراژیدییەکانیدا.
لە ڕۆژانی ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا، نیگەرانییەکی تاقەتپڕووکێنەر باڵ دەکێشێت بەسەر دەروون و بیرکردنەوەی هاوڕێ جەمالدا. ئەمەش بەهۆی دڕندەیی دەسەڵاتی ئەوسای بەعس و جاشەکان، مامەڵەی نامرۆڤانەیان بەرامبەر بە گەلی کورد. بەتایبەت لە قۆناغی منداڵییەوە ئەم نیگەرانییە لە بیرکردنەوە و دەروونی هاوڕێ جەمالدا سەرهەڵدەدات کە بە بەرچاوییەوە ئازاری کوردەکان دەدرێت، ڕاپێچی زیندانەکان دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن. وەک لە لاپەڕە (١٠)ی گەڕانەوە لە مەرگدا ڕوونی دەکاتەوە.
ئەم نیگەرانییە لای هاوڕێ جەمال، بەهۆی هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول و دیمەنەکانی ڕادەستبوونەوەی پێشمەرگە بە ڕژێم، قووڵتر دەبێتەوە. دەبێتە مایەی خەم و نیگەرانییەکی بێئەندازە. هەروەها نیگەرانییەکانی تری بەهۆی لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە چیڕۆک و مەرگەساتەکانی ئەنفال، نیگەرانییە بۆ شەهیدبوونی هاوڕێکانی، نیگەرانییە بۆ قوربانیانی دەستی زوڵمی بەعس، نیگەرانییە بۆ ئەو کوردانەی کە بوونەتە چاوساغ و یارمەتیدەری ڕژێم، نیگەرانییە بۆ وێرانکردنی گوند و ئاواییە کوردنشینەکان. لە کاتێکدا خوێن لە جەستەی هاوڕێ جەمال دەچۆڕێت و زامدارە و مەرگ تینی بۆ هێناوە، بەڵام ئەو نیگەرانی چارەنووسی سێ لە هاوڕێکانیەتی، نیگەرانیی ئەو چارەنووسە تاریک و مەرگەساتەیە کە ڕووبەڕووی کورد بووەتەوە، بەتایبەت تراژیدیای ئەنفال، کە لە لاپەڕە (٨٢) ئەم نیگەرانییە بە قووڵی دەردەکەوێت.
نیگەرانیی هاوڕێ جەمال لە ساتەوەختی بینینی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس دروست دەبێت، بەڵام ئەم نیگەرانییە لە دەروون و بیرکردنەوەی هاوڕێ جەمالدا درێژ دەبێتەوە بۆ ئەم سەردەمە. ئەمەش بەهۆی باڵادەستبوونی سەرۆک جاش و ئەنفالچییەکان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا. پەراوێزخستنی شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەکان، بوونی دۆخی نادادپەروەری و خراپیی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها نیگەرانی لەوانەی لە پەنای ناوی پێشمەرگە و شۆڕش بوونەتە بزنسمان، ئەوانەی خیانەتیان لە ناوی پێشمەرگە کرد و بوون بە بارێکی گران بەسەر میللەتەوە.
ئەنجام:
١/ جەمال شوشە، وەک یەکێک لە دەرکەوتە شۆڕشگێڕەکانی حیزبی شیوعی و چەپ لە کوردستان و عێراق، مێژووەکەی شایەنی نووسینەوە و بەدۆکیومێنتکردن و لێکۆڵینەوەیە.
٢/ هاوڕێ جەمال شوشە لە پەیوەندیگرتن بە ڕێکخستنەکانی شیوعییەت و پێشمەرگایەتییەوە، بە بنەما و ئایدۆلۆژیای شیوعییەت ئاگادار بووە. شیوعییەتی وەک ئایدۆلۆژیای ئازادی و ڕزگاریی چینی هەژار و ستەملێکراو بینیوە. بەتایبەت کاتێک لەگەڵ مامۆستا بەکری ئامۆزای لە دەستپێکی مشتومڕەکانیدا لەبارەی بیری مارکسیزم و پێشکەوتنخوازی، سیاسەت و بیری شۆڕشگێڕی گفتوگۆ دەکەن، ئاڵوگۆڕی کتێب و گۆڤار و ئەدەبیاتی حیزب دەکەن، لە لاپەڕە (١١) ئاماژەی پێ کردووە. ئەمەش دەبێتە بنەما بۆ هەڵوەدابوونی هاوڕێ جەمال شوشە بۆ ژیانێکی ئازاد و سەربەست، دوور لە چەوسانەوە و ستەم و ژێردەستەیی.
٣/ ئەو سەردەمەی هاوڕێ جەمال پەیوەندی بە حیزبی شیوعییەوە دەکات، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە سەختترین ڕۆژەکانیدایە، ئا لەم کاتە سەختەدا، هاوڕێ جەمال دەچێتە ڕیزی حیزب و دەبێتە پێشمەرگە، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ سەلماندنی دیوە شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازییەکەی هاوڕێ جەمال. کاتێک دەبێتە پێشمەرگە مەترسییەکان ڕوویان لە هەڵکشان کردووە، سەرەڕای ئەوەش کە مەفرەزەی هاوڕێ ملازم هەژار پەسەندی هاوڕێ جەمال دەکەن وەک پێشمەرگە، بۆی دەبێتە یەکێک لە ڕۆژە خۆشەکانی. وەک خۆی دەڵێت: «وامزانی تازە لەدایک بووم، هەموو جەستەم لە خۆشیاندا، وەخت بوو باڵ بگرن و بفڕم بە ئاسماندا». لاپەڕە (٥٠)ی گەڕانەوە لە مەرگ.
٤/ سەرەڕای مەترسییەکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بوونی هێزی جاش و شانەی بەکرێگیراوەکانی ڕژێم، بەڵام هاوڕێ ڕوو لە هەر شارێک و گوندێک و ماڵێکی کردبێت، هەوڵی داوە باسی داگیرکاریی ڕژێم بکات، پەیامی ئازادی، چینایەتی و نیشتمانی لە بەرنامەی حیزب بڵاو کردووەتەوە. لاپەڕە (٤٥)ی گەڕانەوە لە مەرگ باسی یەکێک لە هەڵوێستەکانی دەکات پەیوەست بە بڵاوکردنەوەی سیاسەتی حیزب.
٥/ یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی کتێبی گەڕانەوە لە مەرگ بریتییە لە مامەڵەکردنێکی ڕاستگۆیانە و دادپەروەرانە لە نووسینەوەی ڕووداوەکان. هاوڕێ جەمال لەم کتێبەیدا تەنیا باسی پاڵەوانبوونی خۆی ناکات لەسەر حسابی فەرامۆشکردنی مێژووی هاوڕێکانی، بەڵکوو لە زۆرترین وشەکانی ئەو کتێبەدا بەر دەستەواژەی «هاوڕێ» و «حیزب» دەکەوین. ئەمەش بەڵگەیە بۆ خۆنەویستیی هاوڕێ جەمال، کە نەک لە ژیانی پراکتیکیدا، بەڵکوو لە نووسینیشدا هەمیشە ڕاستگۆ و پاک و خۆنەویستە، سەربازێکی ونە. ئەو کتێبە تەنیا مێژووی جەمال شوشە نییە، بەڵکوو مێژووی هاوڕێکانیەتی، مێژووی حیزبە، لەلایەکی تر پەردەهەڵماڵینێکە لەسەر سەردەمێکی تاریک کە ڕووبەڕووی گەلی کورد بووەتەوە. دواجار بەدۆکیومێنتکردنی ڕۆژە ڕەشەکانی دەسەڵاتێکی خوێنمژ و سەرکوتکارە.
٦/ کتێبی گەڕانەوە لە مەرگ، تەنیا مێژوو و گێڕانەوە و سەربوردە نییە، بەڵکوو مانیفێستی ململانێکردنی مەرگ و ڕادەستنەبوونە. مانیفێستی مانەوەی مرۆڤێکی ئازادیخوازە لەناو حەشاماتێک لە دژەئازادیدا. شەڕە لە قووڵایی سیستەمێکی ئەمنیی دژەمرۆڤدا، کە تەنیا دەیەوێت بەهێزبوونی خۆی لە تیرۆر و کۆتوبەندی ئازادیخوازان و گەلی ستەملێکراوی کورددا ببینێتەوە.
٧/ هاوڕێ جەمال شوشە، ماڵ و کەسوکار، دایک و باوک، خوشک، برا جێدەهێڵێت و دەچێت شانبەشانی هاوسەنگەرەکانی، شەڕی سوپایەکی بێشوومار دەکات. لە کۆی کتێبەکەی هاوڕێ جەمال (گەڕانەوە لە مەرگ) خەمێک، کۆستێک بەسەر ناخ و بیرکردنەوەی هاوڕێ جەمالدا بەدی دەکرێت، خەمی ئەو سیستەمە داپڵۆسێنەرەی بەعس کە دەیەوێت کورد لە نیشتمان و خاکەکەی دەربکات، خەمی نەتەوەکەی کە لەبەردەم جینۆساید و ئەنفالدایە، خەمی وێرانکردنی شارەکان و گوندەکان و سروشت و ژینگەی کوردستان. خەمی مەرگی هاوڕێکانی. خەمی دووریی ئازیزانی. خەمی ڕووداوی شەهیدبوونی هاوڕێکانی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی سەر بە ڕژێم. هەروەها گێڕانەوەی چیڕۆکی شەهیدێکی یەکێتی بە ناوی دکتۆر حەمید کە دواتر خێزانەکەی و کچەکەی و کەسوکارەکەی بە ڕووداوی جیاجیا شەهید دەبن. لاپەڕە (٥٩) بەوردی باسی چیڕۆکەکەی شەهید دکتۆر حەمید دەکات. هەڵبەت ڕووداوێکی ناخهەژێنە وەک کۆی ڕووداوەکانی تر و شەهیدانی تر.
٨/ خوێندنەوەی کتێبەکەی هاوڕێ جەمال شوشە، خوێنەر دەباتە ناو بیرکردنەوە لە کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاجیا، بەڵام لە نووسینێکی ئاوادا زەحمەتە بتوانیت لە هەموو ڕەهەندەکانیدا قووڵ ببیتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە باس بکرێت سووربوون و هەوڵەکانی هاوڕێ جەمالە بۆ داکۆکیکردن لە بەرنامەی حیزب و هاوڕێکانی، لە ڕێگەی بەرنامەی حیزبەوە خەبات بۆ مافی ڕەوای گەلی کوردستان، بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمێکی دیکتاتۆریی دژەئازادی و دژەژیان. سەرجەم ئەم بنەمایانە لە مێژووی تێکۆشانی هاوڕێ جەمال تەواوکەری یەکترن.
٩/ هاوڕێ جەمال، قۆناغی خەباتی شاخی بەوپەڕی ڕاستگۆیی و پاکی و دڵسۆزی و ئازایەتی و بێسڵەمینەوە بەجێگەیاند، ئەمەش پشتبەستنە بە چەندان نووسینی هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی کە ئاماژە بە هەڵوێستە خەباتگێڕییەکەی و چاونەترسی و لێهاتووییەکەی دەکەن.
١٠/ وەفاداری و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی هاوڕێیەتی کە بەرهەمی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزمە، لەم کتێبەیدا ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی هەیە، هەر لە ناوهێنانی زۆرینەی ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوسەنگەری بوون، یان هاوکاری بوون، یان لە کاتە سەختەکاندا چاوساغییان بۆ کردووە، یان ڕزگارییان کردووە لە نێوان شارەکان بەتایبەت لە نێوان چەمچەماڵ بۆ کەرکووک، مانەوەی لە کەرکووک، هەولێر، چوونی بۆ خەلیفان و تیمارکردنی برینەکەی لەلایەن پزیشکێکی دانیشتووی هەریرەوە. هەروەک دەڵێت لە ساڵانی دوای ڕاپەڕین بەشێکیانی بەسەرکردووەتەوە. بەتایبەت کاتێک لە زیندان ئازاد دەکرێت، یەکسەر دەڕواتە سلێمانی بۆ گەیاندنی پەیامی یەکێک لەو کەسانەی لەگەڵی زیندانی بووە. هەروەها سەردانی ئەو کەسەی کە بە برینداری هاوڕێ جەمال دەباتە چەمچەماڵ.
١١/ کتێبی گەڕانەوە لە مەرگ ئەزموونێکی دەوڵەمەندە، هۆشیاری و چاوکراوەیی هاوڕێ جەمال نیشان دەدات لە سەرجەم وێستگەکانی پێشمەرگایەتی و چوونی بۆ شارەکان، هاوکات ژیانکردنی لە ئۆردوگای کەورگۆسک، لە پیشە و کاری ڕۆژانەی، پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی ناو شار، ڕۆژانی زیندان، پاراستنی نهێنی و مامەڵەکردنێکی وریا و هۆشیارانە لە ساتە هەستیارەکاندا.
١٢/ بەپێی ئەو تایبەتمەندی و بنەمایانەی کە بۆ کەسی شۆڕشگێڕ دیاری کراون، بەتایبەت لینین زۆر جەخت لەسەر خەسڵەتەکانی کەسی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز دەکاتەوە، جێگەی خۆیەتی بڵێین هاوڕێ جەمال شایستەی نازناوی "شۆڕشگێڕ – ئازادیخواز"ە. کتێبی "گەڕانەوە لە مەرگ" شایستەیە ببێتە میراتێکی گشتی، چونکە لە کۆی ئەو کتێبەدا نەمبینی بە یەک وشە خەباتەکەی بە گەل و هاوڕێکانی بفرۆشێتەوە. نەک ئەم لایەنەی نییە، بەڵکوو هەمیشە جەختی لە ئامادەیی بۆ تێکۆشان و داکۆکی لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد و چینی کرێکار و هەژار و زەحمەتکێش کردووەتەوە، ئامادەیی هەبوو گیانفیدای ئامانجە باڵاکانی بێت.
