
لەوێ، تەمەن لەکاتژمێرێکی دیوار دەچێ، بەدرێژایی ڕۆژ میلەکانی
بە دەوری بۆشاییدا دەخولێنەوە
کات بەشی سێ ژەمی برسێتی ناکات
لێرەش زەمەن وەک تەمێکی چڕی سەر شەقام ڕووەو سەراب دەروات
من لەنێوان نیشتمان و تاراوەگەدا
لە پێنج پیتی بێدەگ دەچم
لە ناو ڕستەیەکی نامۆدا ون دەبم
ئەوێ پانتاییەک نییە،
بۆ فڕین !
دەراوێک نییە،
بۆگۆڕینەوەی ڕازو نیاز
ئەوێ ئەو باخچە لاپەڕگەیە،
کە بۆنی گوڵەکانی
ناچنەوە سەر پێخوستی منداڵیم
ئەو شەستە بارانەیە کە بەخوڕ دادەکات
لێ هەرگیز تینوێتی دڵم ناشکێنێ
چاوەڕان نیم خەونەکانمان،
لە غوربەتدا چرۆ بکەن
لەوێ وێنەکانمان لەناو ئاوێنەدا
شێوەو ڕۆخساریان گۆڕاوە
تێکهەڵەیەکن لە ڕەنگی،
غوربەت و نامۆیی
زۆر جار پرسیار لە خۆم دەکەم
ئێمە دڵمان لە نیشتمان شکا؟
بۆیە وەکو تەمی هەناسەمان،
لەدوای خۆمان بەجێمان هێشت!!
یان پەیکەرە بێزراوەکان
بوونە سێبەری بێزاریی،
شەقامەکانی شاری خەونەکان ؟
خدر گوڵانی
You sent