
ــــــــــــ17ــــــــــــــــ
خاكمان دووسه‌ری لێڕووا
یه‌كێكیان بۆ ڕۆژ هه‌ڵات و
ئه‌وی دیكه‌یان بۆ خۆرئاوا
كه‌وتنه پاڕانه‌وه له خوا
ئه‌ی ئه‌م خاكە به‌فرستانه
ئه‌ی ئه‌م خەڵكە به‌فرستانه
ده‌زگیرانی كام ڕووته‌ڵه‌ی
هه‌ردوو كێ‌و بێ
خه‌نه‌ی په‌نجه‌ی كام نه‌وبووك و
خوێنی لێو بێ
نه‌خشه‌یان كێشا بۆ داد‌و
ناویان لێنا ته‌رازووی ماف
نیگای خۆریان كرد به ته‌ناف
گیانی چه‌ندان
بێ‌تاوانیان پێیهه‌ڵواسی
مرۆڤ خۆی و گێتی ناسی
سه‌دای ڕاستی به‌رز بووه‌وه
چوون به‌پیری ئابڕووه‌وه
كام ده‌ست ڕێگایان ده‌ته‌نێ
په‌نجه‌كانی به‌شه‌خته‌ی
چاوانی خاك هه‌ڵبوه‌رێ
كام دڵ گۆشه‌ی نابینایه
ببێته مۆڵگه‌ی مۆرانه‌و ژانه‌سه‌رێ
په‌تی ڕیسوایی له گه‌ردنبێ
له خوانی باوان ده‌ریبێ
له خاك و خۆڵی به‌ریبێ
ناوبژیوان به‌رژه‌وه‌ندی شه‌قوه‌ستانه
ته‌ماشاكه‌ر حه‌زی له به‌زم و سه‌یرانه
ئه‌م هه‌واره له داخی كاری ئه‌مانه
بووه‌ته ماكی شێر په‌نجه‌و
هه‌ر ڕۆژه‌ی چیایه‌كی شیرین له خزانه
پێنووس ئه‌شكی(با) ده‌ڕێژێ
په‌ڕه زامی زه‌مین ده‌سڕێ
وشه‌ی ڕه‌نگین له دڵمانا هه‌ڵقرچاوه
خوێنمان نابێته شه‌ونمێك
به‌سته‌ی شادی به‌هار بچڕێ
بۆیه گزنگ
حه‌زی له كۆچبارێك دییه
چاوه‌ڕوانی
بارانی خۆشه‌ویستییه
تۆ بڵێ ی خۆزگه‌ی نه‌ڕۆیشتن
بناره‌كان جارێكیدی ڕووتكه‌نه‌وه
تۆ بڵێی چیای نێرگزه‌جاڕ
جارێكی‌تر ببڕنه‌وه
ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره نه‌یارێك
ده‌ست بۆ به‌ڕوویه‌كمان به‌رێ
خۆی بداته به‌ر سێبه‌ری
ڕه‌قه به‌ردێ یان په‌یكه‌رێ
به‌رد باران
شیعر باران
ڕقبارانی بكه‌ن
ئه‌مجاره‌یان
ده‌ست بۆ ده‌می ناكه‌س مه‌به‌ن
ئه‌وه‌تا خۆر ئاسووده‌یه
قژی چیا به گزنگ ئه‌كاته شانه
گه‌ڵای دار ئه‌رخه‌وان
بۆ به‌فری به‌هاری پێرار
بووه‌ته گۆشه‌ی هێلانه
(باوه) ئاده‌م كاتێك كه مرد
نه‌یووت ئێوه یه‌كبكوژن
نه‌یووت ئێوه بێ پاڵپشتن
(قابیل) هابیلی سه‌ربڕی
زامێك له زه‌مین ده‌په‌ڕی
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه له ژانی برا بگه‌ین
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه له ژه‌هری تاوان بگه‌ین
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه چیدی
ڕووی خاك به‌نینۆك هه‌ڵنه‌دڕین
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه
سه‌رێك بۆ یه‌زدان هه‌ڵبڕین
ستار ئەحمەد