
ـــــــــــــ 19 ــــــــــــ
گۆڕان ناواخن ده‌پێچێته‌وه
ڕووكه‌ش ڕووگه‌ی زاری ناخه
پاڵای ده‌شتی سه‌ر فه‌رازی
بۆ هاتنه‌وه.. مه‌لی شادی چڵی باخه
دوێنی زاری گڕ به‌ڕوو بوو
ڕابردوومان پانۆرامای
ده‌قی مرۆڤی دوو ڕوو بوو
ئه‌مڕۆ كه‌س گوێی له درۆی ده‌نگ و باس نییه
ئه‌مڕۆ كه‌س له به‌های وه‌رس نی یه
بیانه‌وێ سه‌رچاوه‌ی تاڤگه‌یه‌ك بگۆڕن
خاك وروژمی قین به‌ڕوویانا به‌ڕێده‌خا
سنووره‌كان ناسنامه‌ی سه‌ربه‌ستی
له‌سه‌ر جه‌سته‌یان ڕاده‌خا
وڵات ده‌رگای شكۆمه‌ندی
له ڕووی حه‌زیانا داده‌خا
جاران ترس.. وێردی زار‌و سایه‌ی دڵبوو
جاران سه‌نگه‌ری قوربانی
دوور له ژه‌م و بێشه‌ی گڕبوو
ئه‌مڕۆ خانه‌ی سه‌رفه‌رازی
نه‌عره‌ته‌ی بڕوا‌و ویژدانه
ئه‌مڕۆ توێشووی سواڵكه‌ره‌كان
پڕ له سۆز‌و ورده نانه
وه‌رنه‌وه.. له‌م دیوی ڕووداوه‌كانه‌وه
له‌سه‌ر شۆڕی جه‌ندرمەكان ئاوڕ بده‌نه‌وه
وه‌رنه‌وه ئه‌مساڵ
فرمێسك له فرمێسك ده‌پرسێ
گلێنه‌مان بۆچی جاران..؟
به ده‌ریای ئه‌شك پاك نه‌بووه‌وه
بۆچی جاران
هه‌نسك باخچه‌ی شه‌ونمه گوڵ نه‌بوو
بۆچی لوتكه‌ی هه‌نگاوه‌كان
له خوێن كاڵنه‌بوونه‌ته‌وه
ڕێوی ئه‌گه‌ر له ته‌ڵه‌كه‌بازی خۆی
ته‌ڵه‌و داوی بۆ دانه‌نێن
له درۆی خۆی
به پیلان و ته‌فره‌ی سه‌رده‌م ڕاوی نه‌نێن
له ژێر ده‌ستی ڕاوچیانا ملكه‌چ نابێ
هه‌موو ڕۆژێك
دیواری ماڵه‌كانتان ڕانه‌مووسن
ئه‌م كۆچباره ته‌واو نابێ
ستار ئەحمەد