
محمدی مام ڕەسووڵ
هەموو کات نـا
بەڵام ڕووباریش دڵی ڕەق دەبێ ،ئەو دەمەی
بەردەکانی ئاهی من ،
بەرشەونمی ڕێحانەکانی یاد و
بەر هەنارەکانی دڵی ئەو دەکەون !
تەئویلـی ئەو یەڵدایە بەمن دەکرێ ؟!
کەنەزانم چەتری ئەو سەفەرەت
قوڵپی ئومێدو قەتاری ،
شەونمی کام ئازاری منی پێدا دێتەخوار ؟!
هەموو ساڵێک ،
لەدیسەمبەری عیشقەوە
تۆ بەدیار عاقیبەتی خۆتەوە دەسووتێی و
من بەدیار جادەکانی ژیان !!
نازانم ئێستا لە کوێی خۆتدا هەڵمدەگریت ؟!
لەکوێی تۆدا خێوەتێک هەیە بۆ شیعر ؟!
ئەی وێرانتر لەماڵەکانی وەفا ،
بهێڵە باروناک ببمەوە !
بۆ زستانی ئەو سەفەرە ،
با چاکەتی قەسیدەیەکی منت لابێ
تا سەرمای ئەو دڵهێشانەت ،
پەنجەکانت نەخاتە ناو قژی گریانەوە !
لەو کەرنەڤاڵی ونبوونە
کە گۆرانی بۆ ئێوارە دەڵێی
دەستێکی خۆتم بدەرێ
من دەزانم لەسارای ئەو سەفەرە بزر دەبین !
دەزانم جارێکی دی ،
فریای خڕکردنەوەی فەریکە سێوەکانی پێکەنینت ناکەوم !
دەسکاری ڕۆحم کە
لەهەڵکردنی " بـا" دا ،
کەڕێت کەوتە سەر سیلەی شیعرێکم و
فریای شکاندنی گوناهەکانی خۆم نەکەوتم
بەخەتی هەتاو ،
لەسەر دیواری عەدەم بنووسە :
پیاوێک هەبوو :
وویستی فۆڕمی گریان ڕێکخاتەوە
باران ،
فێری گۆرانی گیا بکاو ،بۆ یەکەم جار شەلالەی
بەنێوان حەسرەتەکانی ئێمەدا بێتەخوار !
ئەو بەدەم خونچەکردنی بێدەنگیمەوە
پڕی دەکردم لەمۆسیقا ،لەغەزەل
ئێواران ،جادەکانی شادبوونەوەی دەدایەوە بە حەووا و لەمندا پیاسەی دەکرد
کەفانۆسی وشەکانی لەسەر ڕۆخی شەقامم دادەنا
تا ئەوسەری تەنیایی منی دادەگیرساند !
پیاوێک هەبوو :
خواشاهیدەبەدەستی خۆی ،
کۆترەشینەکانی دەخستنە ناو داڵانەکانی عیشقەوە !
بەدەستی خۆی مردنی خۆی دەنووسیەوەو
لەسەری خاچی ئەو لیقایە نەهاتەخوار !
بەدەم ئاوی ژیانەوە ،
کۆڵانەکانی ئازاری منی دەکردە گوڵ
کە کاڵ دەبۆوە نوری دەکردە پەنجەم
کەدەنگی دەڕژایە سینەمەوە ، تریفەی دەکردە ملم !
کە ئاگر لە شەوەکانی مەولانا بەردەبوو
ئەو شیعری بزێوی دەکردە گوارەم !
پیاوێک هەبوو :
هەربۆ ئەوەی لەدەلاقەی ژیانەوە من بگرێتەوە و
کتێبێک پڕنەکا لەخوێن
باکی نەبوو
تا هەتایە بۆنی تەنیایی بکاو
سێوەکانی خۆی بکوژێت !
ئێستا ئەو لەو شارەدا ،
کە ژمارەی ئێوارەکان دێنێتەوە سەری دێڕ
لە کەنیسەکانی دڵدانەوە وێران ترەو
لە ماڵەکانی پایز چۆڵتر !!
×××××× ××××××× ×××××××
6:41 AM
Farman