
محمدی مام ڕەسوڵ
لەوێ نیم ،
تا نەهێڵم تەنیایی بە ڕوخسارتەوە بڕژێ و
بەئاشکرا غەریبیت دەنگ بداتەوە !
پێم خۆش بوو ،
ئەوگۆرانیەم بۆ تەواوکردبای
کە فوو بەفانۆسی قیامەتدا دەکا !
هەمیشە تۆ لەباڵکۆنی ترسدا ،
دەتەوێ سوێندی پایزم لێ بخۆی !
ترست هەیە ڕوبار پیر بێ و ،
جارێکی تر بەدەربەندی ئەو سەرابەدا ڕێ نەکات ؟!
یان شاعیرێک لەیادکردنەوەی گریاندا شیعرەکانی ،
لەگەڕەکی عـەزابا دەری کەن !
یان شەقامێک ،
فریای ئیملای سەماکردن لەگەڵ خەیاڵەکانی نەکەوێت !
کام لەوانە ،
لەهەیوانی سڵا ،
پەنجەدەگێڕێ بەجامەکانی عەدەم و
خۆڵەکەی دەوەرێتە سەر کێکی فەنات ؟!
تا ئێستا نازانم تەرمەکەم ،
بەدەست کام خەیاڵی تۆوەیە ؟!
لەتەنیاییەکی ڕاکشاودا ،
نازانم لەکام سوچی باراندا خۆت گرتووەو
سەلوای کام شیعرەم ڕاو دەکەی ؟!
من دەمەوێ مەفرەزەکانی وشەم
لەتاریکی شەوی ماچێکدا بشارمەوە
کەچی تۆ ،
بەدزی ئەو ڕستانەی ڕێگای سەرابیان ونکردووە
جارێکی دی خۆت بەکەلاوەکانی ڕوناکیمدا دەکەی !!