
بەرزان عەلی
بەشی ۱
دەنگێک لەنێو درزی تاشەبەردەکانەوە گلۆر دەبێتەوە
خۆی دەکێشێ بە کەمەری شارێکی خامۆشدا
دەنگێکی نەبینراوی بینراو
سوور سوور دەڕژێت چەشنی شاتوویەک
هاوارێک لەنێو تارمایدا دەقیژێنێ
بێدەنگی شەپۆل دەدات لەنێو دڵی ماتەمینیدا
دەنگی ڕەشی قەلەڕەشەکان سیمای ئاسمانیان وێران کرد
بۆگەنی کەللەسەریان تا دامێنی ئەودیوی چیاکە دەڕوات
کۆمەڵێک کەمتیار دەڕژێنە نێو کوچە و شەقامەکان کۆڵبەرەکان لەنێو تاریکیدا سوور هەڵدەگەڕێن وەکوو ئەوەی داگیرسا بن
چەشنی ئەو منداڵانەی لەنێو یارییەکدا زەردەواڵە پێوەیی داین
عەمامەکان ڕاوەستاون
سپی چەشنی تاریکی شەپۆل دەدات و ڕایدەماڵێت
لەگەڵ تەقینی خونچەی هەر گوڵێک ڕەنگی سوور لەدایک دەبێت
عەمامەیەک لەژێر ئەم هێڵانەدا خۆی مەڵاس داوە چەشنی زەردەواڵەیەکی وێڵ بۆ چزینی کۆڵبەرێک
ڕەش چەشنی دڵتەنگی باوەش بە هێمایەکی سووردا دەکات پێدەچێت ڕەش نوێنەری خودا بێت لەنێو کەللەسەرێکی ڕەشتردا
ڕۆژگارێک لەخۆدان هێمای شاردنەوەی نیگەرانی بوو
دەنگ دێت و تێ ناپەڕێت
تک تک خوێن دەچۆڕێت،
ڕۆحێک باوەش بەکانیاوێکی منداڵی چیاکەدا دەکات
دەچەمێتەوە چەشنی گۆچانێک دەم دەنێتە نێو ڕۆحی ئاوێکی بێگوناهـ
پێدەچێت لە خەیاڵدانی بێهۆشی ئەم کۆڵبەرەدا ماچی برینی جەستەی نانی ڕەقی پشتی بکات
هیواش هێواش، ڕەنگی سوور دڵی نان دادەپۆشێت
نان لەنێو مەتۆلکەی کۆڵەپشتێکدا گلۆر دەبێتەوە و دەخنکێت
قەلەڕەشێک لەودیو کانیاوەکەوە خۆی دەشوات.