
قاچاخچییە زۆڵەکان دەبنە میوانم
لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکەم
بیابانێک چڵک دایپۆشیوە
خەیاڵم لەنێو خەیاڵدا دەسوڕێتەوە
حەز دەکەم غەریبیم چەشنی بۆشایی پڕ بکەمەوە لە تەنهایی
چاوەڕێم تاریکیم ببڕێت
چەند خۆشە کرێکار بیت و خەونێکی زەبەلاحت هەبێت لەنێو ژوورێکدا
کاژێر حەوتی سپێدەیە
دەردەکەوێت
ئاسکئاسا لارولەنجە دەکات،
بەڵام ورچێکی پیر لە ڕۆحیدا نووستووە
مانتۆکەی لەسەر ئەژنۆی سەما دەکات
مەچەکی هەڵکردووە
هەموو سپێدەیەک بەخەیاڵی بینینی
دەچمە سەرکار بە جلێکی شڕەوە
لە ڕووخساریدا هەزاران چیرۆک پاڵکەوتوون و بێدەنگن
پێدەچێت زمانی دڵی لاڵ بووبێت
بۆ ئەوەی بگەم بە پایتەختی گوندەکە
ناچارم سۆنەری ئەو ژینگەیە بکەم کە ئەو تێیدا بە نامۆیی دەژی
خەڵکانێکی هەژارن
پینەی کوخەکانیان بە بەرزان دەسپێرن
دەڕژێمە سووچێکی ژیانیانەوە
چەند لاوێکی چەقۆکێش دەبنە هاوڕێم
عارەقی سەگیم پێ دەناسێنن
کاتێک نۆشی دەکەم وەکوو ئەژدیها گڕ فڕێ دەدەم
خەریکە غەریبیم پڕ دەکاتەوە لە ژەهرێکی خۆش
خانمی شیرینپوور دەبێتە هاوڕێم
گەیشتن بەو یانی پڕکردنەوەی بۆشایی خەیاڵێکی نێو باڵەخانەکە
بەتەنها دەژی و منداڵێکی دوکەڵاوی هەڵگرتووە تا نەخنکێت
ماڵێکی چەپەکی هەیە بەڵام بەدڵی خۆی قاقا پێدەکەنێت
دەچم و دەمبینن، ناوێڕن هیچ بڵێن
هێشتا بیر لەو ڕووناکییە دەکەمەوە کە دەڕژێتە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە
پێدەچێت لە مرۆڤێکی چەقۆکێشی سەرسەریی ناسراو بم
نازانن کە بەرزان لەنێو دێڕەکانی فەرووغ فەروخزاددا دەژی
لە ئێوارەیەکی مەستیدا چاوم پڕ بوو
دەیەوێت بە کارۆموگناتیسی بمخەوێنێت
عەرەقەسەگی ناهێڵێت یاریم پێ بکەن
لەشکرێک پەنابەر دێنە نێو باڵەخانەکە هیلاک دیارن
دێت بۆلام
چەشنی گورگ چاوەکانی تووڕەیی و میهرەبانیی لێ دەبارێت
خەون بەوەوە دەبینێ دوو شەش بتۆپێنێ و قاقا پێکەنێت
حەز بە چارەی ناکەن
دەیهێنمە ژوورەکەی سەرۆک
هیچ کام لە کرێکارەکان ناوێرن لێو بجوڵێنن
قاچاخچییە زوڵەکان دەبنە میوانم
سفرەی غەریبی بە تامی خواردنەوە دەڕازێنمەوە
پۆستەچییەکان بە دیلیڤەری عەرەقم بۆ دێنن
مەستیمان تا قووڵایی بەهەشت هەنگاو دەنێت و ناگەڕێتەوە،
پێک چەشنی کۆڕەو خۆی دەکرد بە سنووری ڕۆحماندا
کاتی ئەوەیە بە کەتەر قاژ بکەینە غەریبیمان تا خوێن فیشقە بکات
گوێزانێکی نەرمی دەرهێنا:
«سەرۆک ئەوەی لە خۆی بدات!»
شادەماری ملم دەقرتێنم
بێدەنگیی مەستیمانی دەشۆری
بە خەستی پێکێک هەڵدەدەم
تۆزێک مەزەی دووکەڵ دەکەم بە شوێنیدا
پێدەچێت لە سەرەتاوە دەست پێ بکەینەوە!
بەرزان عەلی
