
12
بەرزان عەلی
هەنگاو دەنێم و ماندوو نابم.
گەڕان بەناو قەدپاڵی دارستانەکەدا
چەشنی لێزەر چاوم ڕووناک دەکاتەوە.
پڕبووە لە ژاوەژاو، دەبێت خاڵیی بکەم.
پاڵ دەکەوم لەژێر پیرەدارێکدا؛
دەڕشێمەوە، وەک ئەوەی لە ڕۆژێکی گەرمدا ئارەق سەگیم خواردبێتەوە.
دەگەڕێم تا بەرزان بدۆزمەوە،
گیانم پێوەند بە دڵی هەورێک دەکەم.
بە تۆپەڵ خوێ دەکێشێت بە ڕووخسارمدا،
دەیگوشم و لێوم تەڕتەڕ دەبێت،
زمانم لەناو شادەماریدا ڕادەوەشێنم،
دەم دەخەمە ناو دەمی کانییەکەوە.
چەند حۆرییەک لە باڵکۆنی ڤێلایەکی قاجاریدا شەراب دەنۆشن،
هیچ گوناهـ و تاوانێک ناکێشێت بە خەیاڵمدا.
کەمتیارەکان لەبری شەڕ و جەنگ، خەریکی سیخووڕی و ئاگادارییانن؛
پاسەوانی لەو قەلەڕەشانە دەکەن
کە لە باوەشی لەشفرۆشەکاندا بوونەتە گەشتیار و جڕت بۆ حۆرییەکان لێ دەدەن.
دۆزەخ لەو دیوی چیاکەوە خێوەتی هەڵداوە و هیچ گەشتیارێک ناڕوات،
ڕووخساریان داپۆشیوە و بۆگەنییان تا ئەو دیوی بیابان دەڕوات.
بۆ ئەوەی بگەیت بە بەهەشت، دەبێت سواری حوشتر ببیت و بیابانەکە تێپەڕێنیت.
ڕۆژێک ژیان لە مۆناکۆ، سەد ساڵ تەمەنی دۆزەخ پووچەڵ دەکاتەوە.
کوخێک بە جلی کۆنەوە، یادەوەریی نوێگەرانە بە بێدەنگی دەفرۆشێت.
حەزم دەکرد ماڵەکەی لەناو ئەم دارستانەدا بووایە و جلی سەوزی بپۆشیایە؛
سوێند دەخۆم، دەبوومە پاسەوانی و بەرگەکانیم دەشۆرد.
گوناهی من نییە کە خۆی حەزی لە بیابان و ڕەشپۆشییە
چەند وێنەیەک بۆ هاوڕێ کچەکەم دەنێرم تا بزانێت هێڵکاری و بژاری گیانم دەکەم.
لەنێو تەنیایی خۆمدا لەدایک دەبمەوە؛
نیگەران نیم کاتێک دەبینم شیعر چێژ لەم گەشتەم وەردەگرێت و پێدەکەنێت.
بێکەسیی من، تەنیا بە شیعر پڕ دەبێتەوە.
دوایەمین پێک نۆش دەکەم بەخۆشیی دەریا و نەورەسەکان. لەناو بەلەمێکدا پاڵ دەکەوم تا خەیاڵدانم پڕ بکەمەوە.
هاوڕێکەم بە هێواشی بەخەبەرم دێنێتەوە تا خەوی ناخۆش نەبینم. کاژێر چواری ئێوارەیە؛ دەڕۆین بەرەو دڵی دارستانەکە.
پیاوێکی میهرەبانی سمێڵدرێژ دێت بەپیریمانەوە، ناهێڵێت سەرکێشی بکەم و بێدەنگیی دارستانەکە تێک بدەم.
هاوڕێکەم پرخەی خەوی دێت؛ کۆڵەپشتەکەم لە باوەشی جۆگەیەکدا پاڵ کەوتووە و یاری بە ئاو دەکات. هاژەی دێت چەشنی ئۆرکێسترا. نێرگەلەیەک لە باڵکۆنی ڤێلاکەدا پاڵکەوتووە.
لە ڕووخساری ڤێلاکەوە دڵی دارەکان دەبینم کە چۆن دەلەرێنەوە و سەمادەکەن بۆ دڵخۆشیی من. دڵخۆشیی خۆم بە گەڵایەکدا هەڵدەواسم، هەڵدەزنێم بە قەدپاڵی چیاکەدا؛ نەرمەهەوایەکی سەوز هەڵدەمیژم.
تەزوویەک لە نوکی پێمەوە دەردەپەڕێت—پێدەچێت ئازار بێت. غلۆر دەبمەوە بەر لە تاریکی. هاوڕێکانم خۆیان دەکەن بە ڤێلاکەدا، پیکنیکێکی قەزەم و پیر دادەگیرسێنن. سیغێک دەکەن بە دڵی پشقلێکی ئەفریقیدا و چێژ لە سووتانی دەبینن؛ قیژەی دڵی دەنگ دەداتەوە. جۆرێک پێدەکەنن، وەک ئەوەی بە سووتانی دڵی ئەو، ژیانیان دۆزیبێتەوە؛ تەنهایی خۆیان بە دووکەڵ دەسپێرن...
— «ئاغا بەرزان! نەختێک بکێشە تا ماندوویەتیی ژیانت دەرچێت.» — کۆڵەپشتەکەم خەریکە تووڕە دەبێت! — «نا ئازیزم، بەرزان لە کوتلەی ئارەقە، خیانەت لە ڕۆحیدا نییە...»
پێدەچێت ئەم شیعرە لە تاران پیاسەیەک بکات بەیادی کرێکارێکەوە.
