کەریم دەشتی
1
بەیروت نە دایكی هەیە نە باوك
نە كچی هەیە نە نەوە
بەیروت تەنها دەریای سپیی هەیە
ئەوە بۆ لای تۆ دێم ئەی ئاو
ئاوی سپیی
2
گیا لە ناو لیمی كەنارو تاشە بەردەكان خەوتووە
ئاسۆ شەپۆلی
لەخوێنی جەستەی وەرداوە
3
لەدرەختی ئاقیقەوە هاتووم
باوەشم پڕە لە شەوقی شكانەوە
ناو لەپم بۆنی بارانی گرتووە
تەرمی هەزاران شیوەرم
لە ڕۆحمدا هەڵگرتووە
4
مەستێكم لە ترێ‌
دەمەوێ‌ مەزارەكانت ببینم
تێنوێتی ڕۆحی نەخشاندووم
من كە بەندی ناو كتێبی وشكەڵانیم
پێویستیم بە فڕین و زێیەكانی دونیا هەیە
پێویستیم بە ڕەنگ هەیە
لە ئەتڵەسی گەورەی دونیا
زێمارێكی زۆر كزم لە ناو هاواری دارستان
5
بۆ لات دێم ئەی ئاو
مانگ لەسەر دەریا بە تەنها
بەڕووت و قووتی وەستاوە
6
بەیروت كچی تاقانەی دەریایە و لەسەلالەی مەسیحە
هەمیشەو بۆ ئەبەد لە ژێر تریفە ئەوەستێ‌
سەیری هەیبەت و جوانییەكانی خۆی ئەكات  
7
ماڵی فەیرۆز لەبەرزاییەكانەوە دیارە
نووری شیعرو مووەشەحەكانی ئەندەلووسی
لێ‌ هەڵئەسێ‌
منیش كە ئەمەوێ‌ گۆرانی بڵێم
هەورەكان دێنە خوارەوە
تەمی غوربەت ئابلۆقەم ئەدا
ناهێڵێ‌ گۆرانییەكانم تەواوكەم
دەمەوێ‌ شكاتی دڵی خۆم
بۆ دەریا بەیان كەم
هاژەی شەپۆل گەرووم دەگرێ‌
كە دەمەوێ‌ تاوێ‌ بگریم
باران دێت و لێ ناگەڕێ‌  
8
بەیروت لە ڕەنگی ئاو ده‌چێ‌
هێندە دەریای هەڵمژیوە
بۆنی گەوهەرو شەڕابی هەزار ساڵەی لێهەڵئەچێ‌
9
من تەنیاترین شاعیرم لە لێواری دەریای تۆدا
هەست ده‌كەم تۆش
تەنیاترین كچی دەریای
لەلێواری ئەم كەونەدا
بایەكانت لە مەچەكی خۆت لوولداوە
خۆت لە پڕووشە پێچاوه‌تەوە
زەیتی ئەوین بە ئاگری دەریا دادەكەی
خەمی دونیات هەڵگرتووە
ئەرگیلەی خوا بەبا دەكەی
ئەڵیی تازە لەمنداڵێتی خۆت هاتوویتەوە
هەمیشە چاوت بە ئەشكی گەرم تەڕە
جارجار ئەچیەوە لای بورجی دەریا
شیعری جوبران ئەخوێنییەوە
10
گیا هەر ئەڵێی سەرخۆشە لە لیمی كەنار كەوتووە
مانگ لە ئاسمان سەیری باخی درووز ئەكا
دەریاش لە نێو ئامێزی تۆدا خەوتووە
11
نەوڕەسەكان تا درەنگان یاری بە تیشكی مانگ ئەكەن
جار جار لە گەڵ شەپۆلەكان ئەچنەوە ناوەندی دەریا
خۆیان و كۆمەڵێ‌ ئاقیق دێنەوە لێواری دونیا
12
ماڵی فەیرووز لەناو مانگە و گیا لە كەناران خەوتووە
نوور لە زێباریا هەڵئەسێ‌
بەسەر دەریادا ئەپژێ‌
13
لە بەیروت
ئەوەی حەكایەتت بۆ ئەگێڕێتەوە شەپۆلە
14
لەكۆڕنیشی دەریای سپیی
ئافرەتەكان هەمووی كۆتری سپیین
15
گیا ورد ورد شەوقی كەشتییەكان هەڵئەمژێ‌
بەیروت لە لێواری دەریادا
دەڵێی شاژنی بابلە ڕاكشاوە
هەندێ‌ جاریش سەما ئەكا
خەون بە مەریەمەوە ئەبینێ‌
لەدەروازەی شار چاوەڕێی مەسیح ئەكا
تا خاچەكەی لێ‌ وەرگرێ‌
خۆی بە كەفچەڕی دەریا و نوور جوان ئەكا
بەڵكو- سن میناس – بێتەوەو
سواری سەرپشتی ئەسپەكەی خۆی بكات و هەڵیگرێ
16
كەس نازانێ‌
ژمارەی دانیشتوانی بەیروت چەندە
چونكە لەسەر بنەمای شەپۆلە
كەس ناتوانێ‌ شەپۆلی دەریا بژمێرێ‌
17
بەیروت جارجارە  جلوبەرگی قەددیسەكان لەبەرئەكا
مانا ئەڕژێنێتە دەریاو موریدەكانی بانگ ئەكا
جارجار تاجی سۆفیستەكان لەسەر ئەكا
تەرتیلەكانی ئەفسانە دەڵێتەوەو موناجات ئەكا
18
بەیروت بۆ ئەبەد گیرۆدەی خوداكانی دەریا بووە
لە شەقامی سوورا گۆرانییەكم بیركەوتەوە
دەریا هێندەی هەڵمژی بوو
بوو بوو بە ئاو
19
هەندێ‌ جار سپیی سپیی
دەچێتەوە كە دەریا پێئەكەنێ‌
هەندێ‌ جاریش ڕەش ڕەش ئەچێتەوە
كە دەریا ئەگریێ‌ بەیروت وەك پەپوولە ژیانی
لە نێو ئاگری توڕه‌یی دەریاو
پێكەنینی شەپۆل بەسەر ئەچێ‌
20
كچە جوانەكانی بەیروت كە گەرمایان ئەبێ‌
جلەكانیان ئەدەن بە دەریا
جەستەشیان ئەدەن بە ئاشقەكان
هەر ئەڵیی گۆڵە پونگن
كە تەنكە تیشكێ‌ لێیان ئەدا
ئاسمان پڕ ئەبێ‌ لە هەڵم 
كە دێنەوە وەكو باران
ئەپڕژێنە سەرو سیمای ئاشقەكان
21
بەیروت جگە لە زەمەنی دەریا
لە هیچ زەمەنێكی تر ناژی
بەیروت جگە لە زمانی دەریا
هیچ زمانێكی تر نازانێ‌
جگە لەكتێبی دەریا
هیچ كتێبێكی تر ناخوێنێتەوە
جگە لە ئەرگیلەی دەریا
هیچ شتێكی تر هەڵناكێشێ‌
22
بەیروت ئەی پەری دەریا
ئەوەندەی لە دڵم مابوو ئەویشت برد
23
بەسەر كۆڕنیشی دەریای سپیی وەستام
جگە لە ژیان، لە جوانی
هیچ شتێكی دیكەم نەدی


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا