ستار ئەحمەد
 
وا بڕوا من جوانتر دەبم
لەگەڵ تۆ میهرەبانتر دەبم
چونکە دەزانم نووسین باخچەیە
باخەوانی کارامەی خەیاڵی دەوێ.
ژن باخەوان بێ، تا هێزی تێدایە
زرکەتاڵ تووڕ دەدات.
خاکی بەراو، پونگەی گوێی
ئاوی بەخۆڕ، دەچنێتەوە،
ئولکەی* بەرهەمداری دەوێ.
وابڕوات باوەڕدار دەبم
لە گەشتێکدا
کەعبە دەهێنمە ژوورەکەت
بۆئەوەی نوێژێکت ببێت بە هەزار،
رۆژوویەکت ئەجری سەد ساڵی هەبێت و
لە خانەقاتا حەملەدار* دەبم
وابڕوات خەبەردار دەبم
کە ناپاکیی، پاکدەکەیت و
بریندارم دەکەیت بە دەستیکی بریندار،
کە درۆی سپیم لەبری مرواریی
دەدەیتێ و
گەمارۆم دەدەیت بە سیاهترین پرسیار،
کە جێم دەهێڵیت بە گاڵتە و
بەڕاستیی لە عەشقا
شەڵاڵ دەبێت سەرتاپات!
وابڕوات سەرگەردان دەبم
عەوداڵ و پەشێمان دەبم
ئەگەر شێتێکی بێ ماڵی
لە وێنەی تۆ, بگرم بە یار.
ئەگەر شەمێک* و تەمێکی
وەکو من بکەی بە دڵدار.
خۆ دنیا سەرەوژێر نابێت
گەر وابڕوات، ئاوا ناڕوات،
وەلێ لای ئێمە کەی بەهار
دەستی پایزی گرتووە
بەبێ تیری ژەهراویی  دارستان،
بەبێ چاوی ئیرەیی باڵندە و
مانگە دەستکردەکانی ئاسمان؟
سەرناگرێت... بێگومانم سەرناگرێت
خۆشەویستیی مەحاڵ.
وا بڕوا دەردەدار دەبم
بەم عەشقە گرفتار دەبم
دەمەوێت لەیادتبکەم، کەچی
هەر خۆم کلیلی یادەوەریمت دەدەمێ و
هەر خۆشم رێدەدەم
وەک درەخت لە رۆحما
رەگەکانت پەل بکوتن و
گەڵات بکەون لە کەنار.
وا بڕوا خەزنەدار دەبم
شیعری ژنانە دەنووسم
بێ منەتانە ئاگری ئیرەیی پێدەکەم و
باکم نییە کە بەسەری زیندوو بمنێژن
گرنگ ئەوەیە هەتاسەر
لە دنیا بێئاگا و
لە دڵم خەبەردار دەبم.
وابڕوات هەرگیز وا ناڕوات
من و تۆ نابین بە فەنار*
بەڵام چیرۆکی نێوانمان
کۆتایی دێت و سەر شانۆی
ئەم خەونەشمان
دەبێتە تارومار
کەژاڵ ئەحمەد
---*---**---

ئەم هۆنراوەیەی کەژاڵ ئەحمەد، گەشتێکی قووڵی دەروونییە لەنێوان ئارەزووی گەیشتن و دڵنیایی لە دابڕان، کە تێیدا شاعیر وێنەی ئەوینێکی ئەستەم دەخاتە ڕوو و ململانێی نێوان ویستی مانەوە و ترسی لەدەستدان پیشان دەدات. لە سەرەتادا، سۆز وەک هێزێکی پاککەرەوە دەردەکەوێت و شاعیر وا هەست دەکات بوونی دڵخوازەکەی دەبێتە هۆی جوانبوونی گیانی و میهرەبانیی زیاتر، نووسینیش وەک باخچەیەک نیشان دەدات کە پێویستی بە خەیاڵێکی کارامە هەیە. بەکارهێنانی وێنەی باخەوان بۆ ژن، نیشانەی هێزی مێینەیە لە ڕاماڵینی دڕکەزێکان و چاندنی جوانی لە خاکی تینوودا. پاشان ئەم پەیوەندییە دەچێتە خانەی پیرۆزییەوە و بە هێنانی ناوی کەعبە و خانەقا، دەردەکەوێت کە عەشق لای شاعیر جۆرێکە لە پەرستش و ئامادەیە مەودا دوورەکان کورت بکاتەوە تا سوژدەیەکی لای یار، گەورەیی و پاداشتی هەزار نوێژی هەبێت و ڕۆژوویەکت پاداشتی سەد ساڵی هەبێت، ئەمەش بەرزترین پلەی خۆبەخشینی گیانییە، کە مرۆڤێک بۆ یەکێکی تری بنوێنێت.
لەنێوەندی ئەم دەقەدا، گومان دەردەکەوێت و شاعیر باس لە ناپاکی و درۆی سپی و جێهێشتن دەکات، ئەو دەزانێت ئەم پەیوەندییە بێگرفت نییە و وێنەیەکی جیاواز دەبینین، کە ئەویش برینداربوونە بە دەستێکی بریندار، ئەمەش گوزارشتە لەوەی هەردوو لایەن قوربانیی دەستی ژیانن. شاعیر لێرەدا دوو وێنەی زۆر ناکۆک وێنا دەکات؛ یەکەمیان درۆی سپییە لەبری مرواری، کە نیشانەی ئەوەیە متمانە لەرزیوە و ڕاستگۆیی بە قسەی بریقەداری بێبنەما گۆڕدراوەتەوە، دووەمیشیان ڕەشترین پرسیارە ،کە وەک گەمارۆیەک دەوری گیانی گرتووە و ڕێگەی لێدەگرێت ڕووناکیی ڕاستی ببینێت. ئەو بە دیدێکی ڕاستبێژانە سەیری کۆتاییەکە دەکات و دەزانێت لە ژینگەیەکدا، کە پاییز دەستی بەهاری گرتووە، گەیشتن کارێکی دژوارە. دەوروبەر بە تیری ژەهراوی، چاوی ئیرەیی و مانگە دەستکردەکان پیشان دەدات کە ڕێگرن لەم پێکگەیشتنە، بۆیە بە بڕیارێکی تاڵ دەڵێ: سەرناگرێت... خۆشەویستیی مەحاڵ.
لە لایەکی ترەوە، وێنەی درەخت و ڕەگ دەبێتە بەهێزترین گوزارشت بۆ چەسپینی ئەم ئەوینە لە ناخدا، هەرچەندە شاعیر دەیەوێت لەبیری بکات، بەڵام کلیلەکانی یادەوەریی خۆی هەر دەداتەوە دەستی دڵخواز و دان بەوەدا دەنێت کە ڕەگەکانی ئەو کەسە وەک درەخت بەناو قووڵایی گیانیدا چوون، گەڵاڕێزانی سەر کەناریش هێمای ئەو یادەوەرییە خەماوییانەیە، کە تەنها وەک نیشانەیەک لە دوای کۆتایی گەشتەکە دەمێننەوە.
 لە کۆتاییدا، شاعیر دەگەڕێتەوە سەر ناسنامەی خۆی وەک ژنێکی نووسەر و باکی نییە لە ئاگری ئیرەیی یان بە زیندوویی نێژران، چونکە گرنگترین خاڵ لای ئەو ئەوەیە لە ناخی خۆی ئاگادار بێت، تەنانەت ئەگەر هەموو دنیاش لێی بێئاگا بن. بەکارهێنانی وێنەی فەنار لە کۆتایی نووسینەکەدا، لوتکەی دانپیانانە بە شکستی ئەم پەیوەندییە لە واقیعدا؛ چونکە دەڵێت ئێمە نابین بەو چراخانەی ڕێگەی ڕزگاری بە کەشتییەکان پیشان بدەین، بەڵکو چیرۆکەکەمان وەک خەونێکی سەر شانۆ کۆتایی دێت و هەموو شتێک تەفروتوونا دەبێت. ئەم هۆنراوەیە گوزارشتێکی ڕاستگۆیانەیە لە تاڵییەکانی ژیان ،کە تێیدا مرۆڤ لەنێوان ئارەزووی دڵ و توندیی ژیاندا، بە تەنیا و خاکەسار دەمێنێتەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا