بەرزان عەلی

کۆڵەپشت 18
بۆ ئەوەی شادەماری هەناسەم دووکەڵاوی نەبێت، ماسکێکی ڕەش دەپۆشم.
گلۆر دەبمەوە تا بگەمە چەمەکە.
مافیاکە لە پێشمەوە دەڕوات.
تەجیلەکەم زمانی پاک دەکاتەوە،
کامێراکەم ڕووخساری دەشوا،
بە زمانێکی شێواو هاوار دەکات:
«وێنەی ئێمە مەگرن!»
سەرۆکی مافیاکە تووڕە دەبێت.
چاوبچووکێک کە پەناهەندە بوو، لە هەرێمی 
دووکەڵدا دەیکێشا.
بە ئاوازێکی غەمگینەوە گوتی:
«وێنەم بگرە تا دونیا تێ بگات چەندین حیکایەت لە ڕۆحما ڕاکشاوە.»
دەغیلەکەی شکاند تا تۆزێک بکێشێ:
«دایکە بکێشە تا ئازارەکانت هەڵوەرێن.»
مردن لێرەوە دەست پێ دەکات،
یادی لەدایکبوونی دووکەڵە.
گڵۆزی سیگار دەکڕم تا دووکەڵ تەنیا نەبێ،
پاکەتێ شیرینی دەکڕم تا لێوی ڕەشیان جوان دەرکەوێ.
لەگەڵیاندا هەڵدەپەڕم تا مەرگی دووکەڵیان 
بیر بچێتەوە.
قلیانێک دەکێشم لەپێناو ماچکردنی دووکەڵدا.
کات لای ئەوان دوانزەی شەوە،
تاریکی پاسەوانی ئازارەکانە.
برین دەگری،
پێدەچێت باوکی مردبێت.
قیژەی ئازار دێت، چەشنی بوومەلەرزە خۆی 
دەکێشێ بە ڕۆحیاندا.
دەکێشێ تا خوماری پڕ بکات لە خەیاڵ.
لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەکەوە دەفڕێت، 
بەڵام نامرێت.
ساتوورەکەی دەردێنێ و سەرانە لە ترۆمبیلەکان وەردەگرێت.
لە باوەشی دووکەڵدا سەرخەوێک دەشکێنێ 
تا کاژی ڕۆژ فڕێ بدات.
زەوی تارای سپی پۆشیوە،
قاچەکانی بە زنجیر بەستراونەتەوە تا نەبێتە 
هاوڕێی دووکەڵ.
خوماری زۆری بۆ دێنێت و خۆی دەگەیەنێتە چەمەکە.
ڕیشی سپی بووە و ماندووێتی هەر ڕۆژە و پارچەیەک لە جەستەی دەفڕێنێ.
شوێنپێکانی هەڵدەگرێت و دەگاتە چەمەکە 
تا ڕزگاری بکات لە دووکەڵ.
بۆ ئەوەی خوماریی نەشێوێت هاوار دەکات:
«دەیەوێت گورچیلەم بفرۆشێت!»
لەشکری دڵڕەقی دووکەڵ پەلاماری دەدەن، لێوی 
سوور دەکەن.
حەزم دەکرد دڵی خوماری دەربێنم و بیخۆم کاتێک گوێم لەم چیرۆکە بوو.
بەو هەموو برینەوە باوەشی پێدا دەکات تا لە 
خوماری ڕزگاری بکات.
سەریان ئاڵاندووە لە یەکتری، دووکەڵ چەشنی مزراح دەخولێتەوە.
حیکایەتێکی زەبەلاح لەنێو ڕۆحیانەوە دەردەپەڕێت، چەشنی با نابینرێت.
کامێراکەم دەستی کرد بە گریان.
تەجیلەکەم تووشی کۆکە بوو، خەریک بوو بخنکێت، کێشام بە پشتیدا.
دەنگی پۆستاڵ دێت.
دەنگی پێم خەوی مردووەکان دەزڕێنێ.
لە دوامەوە چەشنی کیسەڵ ڕادەکات و هاوار دەکات:
«جانتاکەم! جانتاکەم!»
سەیرم کرد،
پڕ بوو لە پشقڵ.
پێدەچوو شوانی دووکەڵ بێت،
ڕووخساری تاریک دیار بوو.
لە ناوەڕاستی دارستانەکەدا کوخێکی هەتیو دیارە، 
بەڵام شپرز و ترسناکە.
خانمی ئیمانی خەریکی تیمارکردنی برینی دووکەڵە، دۆزەخ لێرەیە.
خودایەتی لێ دەچۆڕێت،
پێدەچێت وەکوو حەلاج خودا هاتبێتە خەوییەوە.
لە قووڵاییی دڵی تاریکیدا دەگەڕێت تا دووکەڵ بدۆزێتەوە و ماچی بکات.
چەند پارچە سەوزەیەک بە تامی ناز دەخاتە ژێر زمانی،
ماندووێتی تەڵاق دەدات لە چاڵێکی قووڵدا.
دەڵێن خەڵکی وڵاتێکی داعشییە.
غەریب بووین لە شارێکی گەورەدا،
شەوان کارتۆنمان ڕادەخست و ڕۆژنامەمان دەدا 
بە خۆماندا.
ڕووناکی خۆی دەکێشێ بە ڕووخسارماندا.
هاوڕێکەم مرد لە شەڕێکی دووکەڵدا،
بەڵام بەرزان بوو بە ڕۆژنامەنووس.
بۆ ئەوەی ئەم حیکایەتانە لەبیر بکەم،
دەگەڕێمەوە ئەو ژوورەی کە ئیماندارەکە پڕی کرد لە قاپەویسکی.
قاپێک ویسکی دەخەمە نێو کۆڵەپشتەکەم، دەچمە لای خانمی شیرینپوور.
دڵم لای ئەو ڕووناکییەیە کە خۆی دەکێشا بە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکەدا.
ملی بووتڵەکە دەشکێنم،
مەستیم لێ دەچۆڕێت.
بیر دەکەمەوە،
لەنێو بیابانێکی چۆڵدا سەیری تەنیایی خۆم دەکەم، چەشنی سێبەر لێم نابنەوە ئەم برینانە.
سێ ئیمانداری ئێکسپایەر دەبینم،
خەریکن ڕەحمی کچێکی دووکەڵاوی دەشێوێنن لە تاریکی بیابانەکەدا.
کەتەرەکەم زمانی درێژ کرد،
ئەبوئەڵقەکەم چەشنی چنار دەرکەوت و پیاوانی 
خودا هەڵهاتن.  

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا