
كارەكتەر، بە یەكێك لە ڕەگەزە سەرەكییەكانی بونیادی هونەری دەقی چیڕۆك و ڕۆمان دا ئەنرێت و ڕۆڵێكی سەرەكی و تەوەرەیی لە وازیكردنی ڕووداوەكاندا هەیە. كەسایەتی زۆرجار ڕەنگدانەوەی واقیعی نێو كۆمەڵگەیەو گەلێك جاریش دروستكراوە، وەك كەسیكی خەیاڵی و سەرووی واقیع دەردەكەوێت(هەر ڕووداوێك یان كردەوەیەك بە بێ كەسیەتی، نابێتە كردەوەیەكی مرۆیی، چونكە كەسایەتی لەگەڵ ڕووداو، بڕبڕەی پشتی چیڕۆك و ڕۆمانە) (1) بێگومان پەیوەندی كارەكتەر لە دەقی چیڕۆكدا، هەر تەنها ڕووكەشی و جەستەیی نییە، بەڵكو دەروونیشە، چونكە ڕووداوەكان كاریگەریەتیان بە سەر بیر و تێڕوانینی كارەكتەر دەبێت. ئەمەش لە میانەی پەیوەندی لەگەڵ ڕووداودا دەردەكەوێت، كە كارەكتەر هەیە وەستاو، واتا تا كۆتایی دەقەكە، بەشێوەیەكی گشتی ڕۆڵێكی ئەكتیڤ وجمۆجۆڵی نابینێت و ڕووداوەكان كار لە هەست و نەستی ناكەن، بە پێچەوانەی كارەكتەری گۆڕاو كە لەگەڵ ڕووداو، زەمەن و شوێندا، گۆڕانكاریی بە سەر بیركردنەوە و هەست و تێڕوانینی دادێت و پەیوەندییەكی دیكەی لە میانەی ڕووداوەكانەوە بۆ دروست دەبێت. ( كارەكتەری سادە هەر لە سەرەتاوە گۆڕانی بەسەر دانایەت)(2) پێچەوانەی كارەكتەری گۆڕاو و ئاڵۆز، كە بێگومان ڕووداوەكان و دیالۆگ، بەرە و ئاراستەیەكی دیكەی دەبەن، چونكە لە بنەڕەتدا، كارەكتەرەكە وەستاو نییە. لە كۆچیڕۆكی (چیڕۆكی چیڕۆكنووسێك) بە گشتی هەست بەوە دەكەین كە كارەكتەر لە كۆی چیڕۆكەكاندا، وەستاوە و گۆڕانكاریەكی ئەو تۆی بەسەر دانایەت، وێرای ئەوەی ڕووداوی چیڕۆكەكان دەگۆڕێن. كارەكتەرەكان گەرچی لە پەیوەندی دانە لەگەڵ ڕووداودا، بەڵام كردەی ڕووداو بە شێوەیەكی گشتی كار ناكەنە سەر سایكۆلۆژیاو بیرو هەڵسوكەوتی كارەكتەرەكان. لێرەدا دەكرێ ئەمە ڕوونتر بكەینەوە، كاتێ مرۆڤێك ڕووبەڕووی دۆخێكی پڕ لە ترس و هەڕەشە دەبێتەوە، ئەوا مێشك دەكەوێتە حاڵەتێكی نائاسیی و مرۆڤ دەشۆكێت و ترس دایدەگرێت، ئەم گۆڕانكارییە دەروونییە بە پێی بارو دۆخەكەیە، بەڵام لەو چیڕۆكانەدا، هەست بەو گۆڕانكارییە ناكەین. لە چیڕۆكی (بەدحاڵیبوون)دا، پاڵەوانی چیڕۆكەكە هەموو ڕۆژێك لە پەنجەرەی ژوورەكەی سەیری كوڕێكی تەنها دەكات، كە یاری بەگەڵا وەریوەكانی درەختەكان دەكات. ئەم دیمەنە ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە، تا كارەكتەری چیڕۆكەكە، ڕۆژێك دەچێتە لای بەمەبەستی ئەوەی بیدوێنێت، بەڵام ئەو هیچ قسەیەكی لەگەڵ ناكات. ئەم دیمەنە نابێتە مایەی پرسیار و گومان بۆ كارەكتەرەكە، بەو مانایەی بێدەنگی كوڕەكە، وەك بێ دەنگی هەر كەسێكی دیكە، ئاسایی تێ دەپەڕێت و نابێتە مایەی پرسیار و بیركردنەوە. لە چیڕۆكی (بووكی دەریا)دا، پاڵەوانی چیڕۆكەكە لە بارێكی خەواڵوویی و دوودڵی دایە، لە پڕ مرۆڤێكی پەری ئاسا و سەیر و سەمەرە دێتە ژوورەكەی، ئەم هاتنە ژوورە لەناكاو و كتو پڕە، هاوكات كەسێكی نامۆ و جیاواز لە مرۆڤی ئاسایی، هیچ هەستێكی پڕ لە ترس لای پاڵەوانی چیڕۆكەكە دروست ناكات، بەڵكو وەك ئەوەی هەر ڕووداوێكی ئاسایی ڕوویدابێت، مامەڵەی لەگەڵ دەكات كە ئەمەش نەگونجاوە چونكە هەم مرۆڤەكە ئاسایی نییە و جیایە لە مرۆڤی ئاسایی، هەم كاتی هاتنی نەگونجاوە، هەمیش پاڵەوانی چیڕۆكەكە لە بارێكی خەوتوو خەواڵوودایە كە هەموو ئەم حاڵەتانە لە ڕووی كات و شوێن و دەروونی پاڵەوانەوە، دەبێ كاریگەریەتییەك لە سەر كەسەكە و بارە دەروونییەكەی دروست بكەن، كە من لە چیڕۆكەكەدا هەستم پێ نەكرد. لە یەكەم چیڕۆكدا بە ناوی (شێت و شاعیر)دا، پاڵەوانی چیڕۆكەكە كە ناوی ئارامە، كاتێ شەو خەون بەدایكییەوە دەبینێت كە بچێتە شوێنێك و ڕاسپاردەیەكی بۆی هەیە، ئەویش دەچێت لە بن وێنەی سەرۆك دەوەستێت، لەو كاتەدا سێ چەكدار دێنە لای و گومانی لێ دەكەنكە بەمەبەست لەوێ وەستابێت و پیلانێكی هەبێت هاتنی چەكدارەكان نەك ئارام ناترسێنێت، بەڵكو بەلایەوە زۆر ئاساییە، كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە لەو كاتەدا كە پێ دەچێ مەبەستی پێش ڕاپەڕین بێت، چەكدار هەمیشە هێمای ترس و تۆقین بووە، كاتێكیش ئارام دەگرن و لە نێو مسەلەحەیەكی عەسكەری دەنێن، وەك ئەوەی ئەو نەبێت گیرابێت! دەكەوێتە قسە و گفتوگۆ و لە گەڵ چەكدارەكان و بیری دەچێتەوە كە ئەو بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەچێت و دەبێ بكەوێتە حاڵەتێكی فۆبیا ئامێزەوە، كەچی لە بارێكی زۆر ئاسایی دایە كە دەبوو نەك توانای قسەكردنی نەبێت، بەڵكو بشڵەژێت زۆر بترسێت و پەشۆكاو بێت، چونكە كەس نەبووە لەو سەردەمەدا لەلایەن چەكداری دەسلاتێكی فاشییەوە بگیرێتن بەڵام ئەو بە خەیاڵی دانەیەت. لە چیڕۆكەكە، هەم ڕووداوەكە، هەم كات و شوێنەكەش ئاسایی نین، بۆیە دەبوو ئارامیش پەیوەست بەو بارودۆخە بكەوێتە حاڵەتێكی دەروونی جیاوازەوە، نەك وەك هەر مرۆڤێكی دیكە، ئاسایی ڕەفتار بكات. لە چیڕۆكی (چیڕۆكنووسێك)دا، كاتێ كارەكتەرەكە وەك عاشقێك سەری خۆی هەڵدەگرێت و بە نێو دۆڵێكی بەردین و ترسناكدا دەڕوات، لە پڕ لە نیوەی ڕێگەدا بەردێك بە زمان دێت و لەگەڵی دەكەوێتە گفتوگۆ و باسی عشق دەكەن. لەو كاتانەدا كارەكتەرەكە زۆر ئاسایی دێتە بەرچاو، لە میانەی گێڕانەوەكەدا، هیچ جۆرە ترس و دوودڵی و پەشۆكاویەكی پێوە نابینرێت لە كاتێكدا لە بارێكی وادا مرۆڤ دەتۆقێت، چونكە هەم بە قسە هاتنی بەرد، جۆرێكە لە مەحاڵبوون، هەمیش شوێن و جێگەكە، كە دۆڵێكی ترسناكی بەردینە، كاریگەریەتی لە سەر كەسیەتی مرۆڤ دروست دەكەن. دیسانەوە لە چیڕۆكێكی دیكەدا كاتێ دایكی كاروان دەكوژن، كاروان تەمەنی چوار ساڵە، ڕووداوەكە دەبینێت، كەچی هیچ جۆرە ترس و تۆقینێك نایگرێت! لەكاتێكدا، ئەم جۆرە ڕووداوە لەو تەمەنەدا، منداڵ نەك هەر دەترسێنێت، بەڵكو دەیتۆقێنێت. لە چیڕۆكی (بۆق)دا كە چیڕۆكێكی سادەیە، باس لە بێدەنگی وەك حاڵەتێكی دەروونی كەسەكان دەكات، تا ڕۆژێك بڕیار دەدەن گفتوگۆ بكەن و پلانێك دابنێن، كەچی بكەن بۆ ئەوەی لەو بێ دەنگییە ڕزگاریان بێت، بەڵام لەو كاتەدا بۆقێك دەقیڕێنێ و ئیدی ئەوانیش لە ترسان هەموویان ڕادەكەن! چیڕۆكەكە سادەیە، وێنەیەكی هونەری ئەوتۆی تێدا نییە خوێنەر ڕابگرێت، وێرای ئەمەش دەنگی بۆق هی ئەوە نییە مرۆڤ بترسێنێت. لە كورتە چیڕۆكی (خاڵ)دا باس لە گەنجێك دەكات، كە ساڵانێكی زۆرو دوور وەك ئەوەی چیڕۆكنووس نووسیویەتی، كچێكی خۆشدەوێت، كە ئەوكات لەتەمەنی هەرزەكاریدایە، ڕۆژێك بەڕێكەوت دوای ئەو هەموو ساڵە دوورو درێژانە، لە دابڕانی یەكتر دەیبێنێتەوە و دەیناسێتەوە. ناسینەوەكە لێرەدا وەك ئەوە وایە، تەنها دوو ساڵێك بێت لە یەكتری دابڕابن، لە كاتێكدا ساڵانێكی زۆرو درێژە، كەواتا كوڕەكە چۆن بە ئاسانی ئەوی ناسییەوە؟ ئایا هەر تەنها ئاوڕدانەوەو سەرنجدانێك بە تەنها بەسە بۆ ئەوەی ئێمە دوای ساڵانێكی زۆر كەسێك بناسینەوە؟ بۆیە دەبوو چیڕۆكنووس لەو حاڵەتەدا، وردتر گوزارشتی لەو دۆخە كردبایە. لە چیڕۆكی (ماچی سوێر)، كارەكتەری چیڕۆكەكە لە پشتەوەی حەوشەی ماڵێك، دەچێتە ژووانی دەشنێ و ڕێی پێ دەگرێت. دەشنێ تازە دایكی مردووە، لە نێو گریان و كۆستی لەدەستدانی دایكی دایە، كەچی كارەكتەرەكە دەچێت دەست لە ملانێی دەبێت و ماچی دەكات و ئاوێزانی یەكتری دەبن، تا خوشكە گەورەكەی بانگی دەشنێ دەكات و كۆتایی بە ژووانەكەیان دێت. لێرەدا دەشنێ وەك كارەكتەرێكی وەستاو لە چیڕۆكەكە دەردەكەوێت، چونكە ئەو لە ڕاستیدا دایكی مردووە، مردنی دایكیش بۆ كچ، زۆر ئەژنۆ شكێنە، وەك ئەوەی كارەكتەری چیڕۆكەكە باسی دەكات، كەواتا دەشنێ چۆن حەوسەڵەی ئەوەی هەبوو ئەو ژووانە بكات؟ بە ئاسانی لە نێو ماچ و مورچدا ون ببێت؟ بۆیە وێناكردنەكە نەگونجاوە لە پەیوەندی بە باری دەروونی كارەكتەرەكەوە. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم كە ئەم كۆچیڕۆكە، بە زمانێكی ئەدەبی و كوردی جوان نووسراون، لە ڕووی تەكنیكەوە، تەكنیكی مۆنتاژی سینەمایی تێدا بەكار هاتووە و دیمەنەكان وەك كۆلاژكردنێك و لۆكێیشنێكی سینەمایی یەكتریی تەواو دەكەن و هێڵێكی دڕامی لە شێوەی زنجیرە، چیڕۆكەكان بە یەكتری دەبەستێتەوە، جگە لە ڕۆژانە چیڕۆكەكان نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، كارەكتەر و پاڵەوانی چیڕۆكەكان، لە پەیوەندی بە ڕووداوەكاندا، وەك كارەكتەری نەگۆڕو چەسپاو دێنە بەرچاو. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، چێژم لە خوێنەوەی چیڕۆكەكان وەرگرت و ئەم كۆچیڕۆكە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا مامۆستا ڕەئوف بێگەرد لە تین و تاو و وزەی چیڕۆكنووسین نەكەوتووە و بەردەوامە.
سەرچاوە و پەراوێزەكان:
1- فەنتازیاو ئەدەبی فەنتازیا، سابیر ڕەشید ، بڵاوكراوەی دەزگای سەردەم زنجیرە 1330، ساڵی چاپ _ 2025، ل 311.
2- ه _ س _ پ ، ل 312.
3- چیڕۆكی چیڕۆكنووسێك، ڕەئوف بێگەرد، بڵاوكراوەی دەزگای سەردەم، ساڵی چاپ _ 2021 ، زنجیرە 993.
