کە دارێك دەشکێ
خەڵکانێك بۆ
سێبەرەکەی دەگرین
کە گیا شین دەبن
ئێمە ناوێکی تریان لێدەنێین
بەیانیانی زوو
خونا و دەبنەوە ھەڵم و
سپێدان دەنیشنەوە
من بەیانی باشی تۆ
نابیستم
ھۆکار گوێچکەکانی منن
کەم دەبیستن
چاوەکانیشم کەم بینا بوونە
ئەمڕۆ تیڵم بۆ کردی
کاتێکم بۆ دیاری بکە
تا توانای بینینم
لەدەست نەداوە
پێیەکانم وەك جاران نین
دەزانی ئێستا زیاتر ئاو دەخۆمەوە
بۆ پارستنی گورچیلەکانم
ئێوارانی ئێستام
وەك جاران نین
ناتوانم نە شەراب و
نەجگەرە و نە تەلەفۆنەکەم
بەکار بێنم بۆ دۆزینەوەی
خۆشبەختی تۆ
ئێستا باخچەو سەفەریش
لە من نامۆن
چونکە رۆژنامە و ھەواڵی تازە
زووتر دەگەن
وەك جارانی من نین
درەنگ بگەم و
ھیچ ھەوالێکم لانەبێ ،
رێك لەمردوێکی زیندوو دەچم
ئەمڕۆ لەبەردەمم
دارێکی گەورە کەوت
لە پایزدا بێ گەڵابوو
یەك یەك لکەکانیان بڕی و
منداڵان یاریان لەسەر دەکرد و
منیش تادێ یاریم بەژیان دێ
من قەت وانەبووە واژیانم
خۆش بوێت
کە دارێك دەشکێت من
بەردەبمەوە