
حەمەسەعید حەسەن
بۆ ئەوەی خۆت ببینیت و بناسیت، هانا بۆ ئاوێنە مەبە، ئاوێنە تەنیا ئەوە پیشان دەدات کە کەسانی تریش دەیبینن، ئاوێنە تۆی ڕاستەقینە پیشان نادات، تەنیا ئەوە خۆتیت، دەتوانیت حەقیقەتی خۆت ببینیت و بناسیت. ئاوێنە شێوە پیشان دەدات، توانای پیشاندانی ناشێوەی نییە، توانای پیشاندانی دیوی دەرەوەی هەیە، کرۆکی تۆ کە دەکاتە خودی تۆ پیشان نادات. بۆ ئەوەی خۆت ببینیت، نە بڕوا بە چاوی یار بکە، نە بە چاوی نەیار، چاوی خۆت دابخە لە ناوەوەی خۆت ڕابمێنە! بڕوا بە چاوی خەڵک مەکە، ئەوە خەڵک بوون، حەللاجیان کوشت، تەنیا لەبەر ئەوەی حەقیقەتی گوتبوو، گوتبووی: من حەقم. براهما بە مانای حەق دێت، لە هیندستان بێڕێزی بە براهما ناکەن، بە خوای دەزانن و دەیپەرستن. ئەوەی کە مەسیح لە خاچ درا، هیچی وا نەبوو لەچاو ئەو ستەمەدا لە حەللاج کرا. حەللاج لە خاچ درا، مێگەل بەردبارانی کرد، بە زیندوویی قاچ و دەستیان بڕییەوە، هەردوو چاویان کوێر کرد، سەریان بڕی، ئینجا سووتاندیان و خۆڵەمێشەکەیان دا بەدەم باوە. بۆچی (ڕۆشنبیران) وەک حەللاجیان بەسەر نایەت؟ چونکە هەم بۆ مێگەل دەنووشتێنەوە و هەم بۆ دەسەڵاتیش.
ئەوی هیچی گرنگی پێ نەبێت بۆ گوتن، بۆ شاردنەوەی فەقیرخەیاڵیی خۆی، هانا بۆ تەمومژی خەست، ئاڵۆزی، دژواری و درێژدادڕی دەبات. دەچێت بە ڕستەی درێژ و سەخت و ئاڵۆز و تەمومژاوی دەنووسێت، بۆ ئەوەی خەڵکی پێ فریو بدات، گوایە ئاستێکی بڵندی هەیە و تێگەییشتنی خۆ ماندووکردنێکی زۆری دەوێت. نووسەر هەیە بۆ ئەوەی لێی حاڵیی نەبین و وای بۆ بچین، شتێکی باڵای نووسیوە، دەچێت ئەوەی بە ڕستەیەکی ساکار دەگوترێت، بە لاپەڕەیەکی ئاڵۆز و سەخت و تەمومژاوی دەیڵێت. حەکیم کەسێکی ئاڵۆز و تەمومژاوی نییە، بە ڕستەی کورت و ساکار، باسی ئاڵۆزترین مەسەلە دەکات، قووڵ بیر دەکاتەوە، بەڵام ڕوون دەنووسێت، بۆ ئەوەی ئەگەر بڕێک لە زیرەکی شک ببەین، لێی تێبگەین.
کە لە ئەبووبەکری شەبلی (٨٦١ - ٩٤٦) دەپرسن: کێ ڕێی پیشان دایت، دەڵێت: سەگێک! سەگێکی تینوو لە قەراغی ئاوێکی ڕوون وەستابوو، چونکە وێنەی خۆی لە ئاوەکەدا دەبینی و پێی وابوو ئەوە سەگێكی ترە لەناو ئاوەکەدا، نەیدەوێرا لە ئاوەکە بخواتەوە. خۆی کۆسپ بوو لەنێوان خۆی و ئامانجەکەیدا، دوا جار کە شەقێکی لە ترس هەڵدا و خۆی فڕێ دایە ئاوەکەوە، وێنەکەی خۆی دیار نەما و تێر ئاوی خواردەوە. هەمووتان لە ڕۆخی ئاوەکە وەستاون، هەمووتان خەریکە لە تینوواندا دەخنکێن، خۆتان کۆسپن لەبەردەم خواستی خۆتاندا، مەترسن خۆتان هەڵدەنە نێو ئاوەکەوە! کەسێک عەوداڵی فێربوون بێت، دەتوانێت لە سەگێکیشەوە فێر ببێت.
زانراو شتێکی مردووە وەک ڕۆخی ئاوەکە، نەزانراو ڕووبارێکە خوڕەی دێت. ترس: هۆگربوونە بە شتگەلی زانراوەوە، ئەوە ترسە وای لێ کردوویت لە بازنەیەکدا خول بخۆیت و لێ ناگەڕێت لە بازنەی کوێرەوەری دەرباز ببیت. تۆ کە ئامادە نەبیت دەستبەرداری کوێروەری ببیت، چونکە خووت پێوە گرتووە، بە هیوای ئەوە مەبە دەرگای بەختەوەریت بە ڕوودا بکرێتەوە. تۆ تەنیایت، بەوانە فریو مەخۆ کە دەوریان داویت، ئاخر هەموویان وەک تۆ وان، هەموویان ڕەنگدانەوەی تۆن لە ئاوەکەدا، کە قسەیان لەگەڵ دەکەیت، وەک ئەوە وایە خۆت بدوێنیت. مەترسە خۆت فڕێ بدە نێو ئاوەکەوە، وەک چۆن سەگەکە شەقێکی لە تۆپی ترس هەڵدا و خۆی هەڵدایە نێو ئاوەکەوە.
کە دەکەوییە نێو گۆمی خۆشەویستیی ژنێکەوە، ئەوە یەک ژن نییە، لای کەم دوو ژنە، ژنێک وەک لە خەیاڵی تۆدا هەیە و ژنێکیش وەک لە واقیعدا هەیە. زۆری پێ ناچێت حەقیقەتی ژنەت بۆ دەردەکەوێت، کە هیچ لەگەڵ ئەو ژنەدا کۆی ناکاتەوە کە تۆ خەونت پێوە دەبینی. دەتوانین لەبری ژن، پیاو بنووسین، ئاخر ژنیش هەر زوو لەو پیاوە نائومێد دەبێت کە لە سەرەتاوە پێی وابووە شاسواری خەونەکانییەتی. سەرنجی ژن و مێرد بدە، هێندە لە یەکدی بێزارن، دەڵێیت بە ناچاری پێکەوە دەژین. لە سەرەتاوە لە زەریاچەی چاوی یەکتریدا نوقوم دەبن، دواتر سەرنجێکی چاوی یەکدی ناکەن. ژن و مێرد کە یەکتری لە ئامێز دەگرن و یەکدی ڕادەمووسن، ئەوە خۆشەویستی نییە، مانۆڕە! ئاخر نەک هەر یەکیان خۆش ناوێت، بەڵکوو ڕقیشیان لە یەکترییە. خۆت کۆسپیت لەبەردەم خۆتدا، مەترسە! خۆت هەڵدە نێو ئاوەکەوە، وەک چۆن سەگەکە ترسی وەلاوە نا و خۆی هەڵدایە نێو ئاوەکەوە.