بەهرە هەولێری
کە بەیانی
بە ماچ لەخەو هەڵمدەستێنی
نەک هەر بەیانی
تەواوی ڕۆژەکە
خۆم لێ دەبێتە شاژنێک
شا بە سەپان نازانێ!!
کە پێمدەڵێی
سپێدە باش
واهەستدەکەم خوداوەند
لەبەر خاتری من
خۆری نارد و
کۆتایی بە شەو هێنا!!
کاتێک
دەمخەیە باوەشت
وەکو نازناز*
دەگەشێمەوە و حەزدەکەم
هەمیشە
هەر سپێدە بێت!!
هەر کاتێکیش
دەست لە ملم دەئاڵێنی
پڕ بە سییەکانم
بۆنیان پێوەدەکەم
هەروەک
ئەو خەناوکە قەنەفرەی
چەند ساڵێک بەر لە کۆچی
دایکم بەدیاری بۆی هێنام....
*نازناز (جۆرە گوڵێکی ناسکە لە بەیانیاندا دەگەشێتەوە )
6/8/2025