نووسینی: شێنێ مشیر

 

 

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی "سەرەگێژە

نووسینی: شێنێ مشیر

ڕۆمانی "سەرەگێژە" (Stupeur) لە نووسینی نووسەری فەڕەنسی، ژۆئێل ئیگلۆفە و لەلایەن سەڵاحەدین بایەزیدییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. ساڵی ٢٠٢٢ لە دووتوێی ١٠٣ لاپەڕەدا لەلایەن دەزگەی چاپ و پەخشی چینییەوە بڵاو کراوەتەوە.

کاتێک مرۆڤەکان لەناو ژینگەیەکی پیس و ژاوەژاودا دەژین و ئەو ئاو و هەوایەی هەڵی دەمژن، هەر ڕۆژە و بۆنێکی جیاوازی لێ دێت، ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونیان دروست دەکات. کاتێک هەموو ڕۆژێک تەمێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکە دادەپۆشێت و ئاواتی بینینی تیشکی خۆر دەبێتە خۆزگەیەکی ڕۆژانە، ئایا مرۆڤەکانی ئەم ژینگەیە چ ئاواتێکیان بۆ مانەوە لە ژیاندا هەیە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە دەکەمە سەرەتای باسکردنی ئەم ڕۆمانە. نووسەر لەم بەرهەمەدا باس لە ژینگەیەکی ناتەندروست دەکات کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤەکان دروست دەکات و لە ڕێگەی کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەوە، کە ناوی ناهێنرێت، لەناو بازنەیەکدا دەمانخولێنێتەوە کە تووشی سەرگێژبوونمان دەکات.

لەگەڵ خوێندنەوەدا، دەچینە ناو ناخی مرۆڤێکەوە کە ڕۆژانە ژیانی لەناو کوشتارگەیەکی ئاژەڵاندا تێدەپەڕێنێت؛ کە دەڕوانێتە هەر ئاراستەیەکی دەوروبەری، سەری بڕاو و لاشەی خوێناوی دەبینێت. ئەو هەوایەی هەڵی دەمژێت، بۆنی لاشەی ئاژەڵەکانە و کاتێک لە کار تەواو دەبێت، ئەوەی دەستی کەوتووە، بریتییە لە ورگ، ڕیخۆڵە یان هەزارلۆغانە، کە لە نەبوونی کەسانی دیکە لە دەوروبەری، دزیویەتی و لەناو جلەکانی ژێرەوەیدا شاردوویەتییەوە. لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، خەمی ئەوەیەتی کە سەگەکانی سەر ڕێگاکەی پەلاماری نەدەن بەهۆی بۆنکردنی ئەو پاشماوانەوە.

لێرەدا ژیانی ئەو کەسانەمان بۆ دەردەکەوێت کە نەبوونی و برسێتی تەنگی پێ هەڵچنیون و ئەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت، بەشی تێرکردنی سکیان ناکات و ناچار پەنا دەبەنە بەر دزی و کاری نایاسایی. ژیانی ئەو کەسانەی کە لە ناوچە دوورەدەستەکاندا دەژین و بۆ دەسەڵاتداران گرنگ نییە چییان بەسەر دێت، بەڵکو هەندێک جار بۆ کارە نایاساییەکانی خۆشیان بەکاریان دێنن. ئەو کەسانەی لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا لەناو زبڵ و خاشاکەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خواردن یان شتێک بدۆزنەوە کە بەکەڵکی بەکارهێنان بێت، بەڵام هەموو ڕۆژێک بەخت یاوەریان نییە و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە ماڵەوە. دەبێت ناخی ئەم مرۆڤانە چۆن بێت کاتێک ئێواران بە دەستی خاڵی دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان؟

سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتیانەی ڕووبەڕووی کارەکتەری ڕۆمانەکە دەبێتەوە، بەڵام ئەو دەڵێت: "وێڕای ئەمانەش، ئەو ڕۆژەی کە لێرە دەڕۆم، باش دەزانم خەفەتێک ئەوکم دەگرێ. لێم سوورە فرمێسک لە چاوەکانمدا قەتیس دەمێنێ. هەرچی بێ، ڕەگەکانی من لێرەن."

لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە مرۆڤ تاکە بوونەوەرە سەرەڕای ئەوەی نەهامەتی نامێنێت نەیچێژێت، بە ئاواتی ئەوەیە کە ڕۆژێک لەو دەردەسەرییە ڕزگاری بێت و بچێتە ناو خۆشبەختییەوە. بەڵام بەداخەوە، کاتێک دەرگای خۆشبەختیی لێ دەکرێتەوە، لە پاش ماوەیەک ئاخ بۆ ئەو ڕۆژانە هەڵدەکێشێت کە لەناو قوڕ و خۆڵدا یاریی دەکرد. مرۆڤ ئامادە نییە کەمێک گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەیدا بکات و هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە ژیانی زۆربەی مرۆڤەکان بریتییە لە خولانەوە لەناو بازنەیەکی بەتاڵدا.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا