
ئازاد جۆڵا / هەولێر
نهێنییەکانی دادگای ئەنفال و پیلانە شاراوەکان) کە لەلایەن پارێزەر (ژیان عەزیز گەردی) نووسراوەو ئامادەکراوەو بڵاوکراوەتەوە،
لەپێشەکی کتێبەکەدا نووسەر ئاماژە بەوەدەکات ئەم ئەرکە زۆر قورس و پڕلە مەترسی بووە، کە چۆن لەنێو دڵی ئەوکەشە پڕلەمەترسییەدا، بەرگری لە دۆسیەی ئەنفال کردووە و بەهێزەوە ڕووبەڕووی سەدام و تیمەکەی بۆتەوە. وەک خۆی ئاماژەیپێدا ئەم کارەی ئەو تەنها کارێکی یاسایی نەبووە هێندەی ئەرکێکی ویژدانی بووە بۆ بەدەمەوەچوونی ئازارەکانی قوربانیانی گەلەکەی و دەڵێت، دادگاییکردنی سەدام حسێن و دارودەستەکانی تەنها ڕێکارێکی یاسایی ئاسایی نەبوو، بەڵکو سەکۆیەک بوو بۆ ئەوەی تاوانەکانی ئەنفال کەبەرامبەر بە 182 هەزار مرۆڤی کورد ئەنجامدراون، هەوڵێک بووە بۆئەوەی ئەم کارەساتە تراژیدیاو کەم وێنەیە بەفەرمی لەمێژوودا وەک (جینۆساید) بناسێندرێت.
وەک ئەوەی کەلەناوەڕۆکی کتێبەکەدا دەردەکەوێ، ئەم کتێبە تەنها تۆمارکردنی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی زیندووە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات مێژووی ئەو تاوانە گەورەیە بە فەرامۆشی بسپێردرێرت، بەڵکو بەرگرییەکی بوێرانەیە لە مافی قوربانیان، کە پارێزەرەکە تێیدا دادگاییکردنی سەدام بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی ئازاری قوربانیان لە سنووری کەسییەوە بۆ ئاستی دۆسیەیەکی نێودەوڵەتی و مێژوویی، کە چەندین بەڵگەو دیکومێنتی گرنگی لەکتێبەکەدا خستۆتەڕوو و بڵاویکردۆتەوە.
لێرەدا دوای دەستخۆشی و بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی (نووسەری پارێزەر)، پێویستە ئەم ڕاستییەش بڵێین کە بەجینۆساید ناساندنی دۆسیەیەکی وەک (ئەنفال) لەئاستی نێودەوڵەتیدا پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزە، چونکە ئەوە تەنها کارێکی یاسایی نییە، بەڵکو بابەتێکی سیاسی و دیپلۆماسیی فراوانە، جا بۆ ئەوەی ئەم کەیسە لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەک (جینۆساید) بناسرێت، پێویستە کار لەسەر چەندین تەوەرو لایەنی گرنگ و سەرەکی کەیسەکە بکرێت بۆ ئەوەی بەم ئامانجە و بەم مافە ڕەوایە بگەین، پێویستە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و لەسەر ئاستی دەرەکی و نێودەوڵەتی کاری پێویستی لەسەربکرێ و هەوڵەکان چڕبکرێنەوە ،
لێرەدا بەکورتی لەسەر هەردوو ئاست ئەوەی کەپێویستە ئەنجامبدرێ و هەوڵی بۆ بدرێ دەیخەینەڕوو، بەجۆرێک لەسەر ئاستی نێوخۆیی پێویستە ئەمانە ئەنجام بدرێت
یەکخستنی هەوڵ و توانای خەڵک و حکومەت، بەشێوەیەک وەک یەک تیم کار لەسەر ئەم کەیسە بکرێت و ببێتە ئەرک و خەمی گشتی نەتەوەیی.
حکومەتی هەرێم گوتارێکی یەکگرتوو و بەهێزی هەبێت لە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بە جۆرێک ئەنفال وەک برینێکی نەتەوەیی و بابەتی سەرەکی لە هەر دانوستان و پەیوەندییەکی دبلۆماسیدا ئاماژەی پێبکات و بیخاتەڕوو.
دۆکیومێنتکردنی بەردەوام و پاراستنی بەڵگەنامەکان و گێڕانەوەی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و یاساییەوە، ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە. چونکە بۆ ئەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (نەتەوە یەکگرتووەکان) دان بە جینۆسایددا بنێن دەبێت بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەبەردەستدابێت.
بەشداریی چالاکانەی تاکەکەسی و ڕێکخراوەکان، هەر تاکێکی کورد، بەتایبەت ئەوانەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زیانمەند بوون، بە بەشداریکردن لە چالاکییە مەدەنییەکاندا، ببنە بەشێک لەو فشارە نێودەوڵەتییەی کە بۆ ناساندنی جینۆسایدەکە پێویستە.
هەروەک چۆن کۆکردنەوە و دۆکیومێنتکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە پێوانەی زانستیی نێودەوڵەتی بۆ سەلماندنی ناسنامەی قوربانیان کارێکی پێویست و پڕبایەخە، لەهەمانكاتدا هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی زیاتری بەڵگەنامە نهێنییەکانی ڕژێمی پێشوو کە پلانی (پاکتاوکردنی ڕەگەزی) پشتڕاست دەکەنەوە، دۆسییەکە بەهێزتردەکات.
دانیشتنێکی فەرمی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، حکومەتی فیدراڵی عێراق ناچاربکرێت بە فەرمی و بە شێوەیەکی فراوان دان بەو تاوانە گەورەو کۆمەڵکوژییەدا بنێت کە ئەنفال (جینۆسایدە)، ئەمەش کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بەشەکانی تری جیهان....
لەلایەکیترەوە لەسەر ئاستی دەرەوەو وڵاتانی جیهان، پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێنەبەرو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بەئاڕاستەی:
- جوڵەی سیاسی و دروستکردنی لۆبی لە پەرلەمانە جیهانییەکان، کارکردن لەگەڵ پەرلەمانتارانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ ئەوەی لە پەرلەمانەکانی خۆیاندا بڕیاری فەرمی (بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال) دەربکەن. وەک چۆن هەندێک لەوڵاتان بەفەرمی ئەنفالیان بە جینۆساید ناساندووە.
- بەشداریکردنی چالاکانە لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و گواستنەوەی چیرۆکی قوربانیان بۆ ناوەندی بڕیارە جیهانییەکان لە ڕێگەی نواندنی بەڵگەنامەیی و سیمیناری ئەکادیمی.
- بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لەگۆڤارە زانستییە نێودەوڵەتییەکاندا سەبارەت بە ئەنفال، بۆ ئەوەی وەک بەشێک لە مێژووی جینۆسایدەکان لە زانکۆ و ناوەندە توێژینەوەییەکاندا بخوێنرێت.
- سکاڵای یاسایی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان، هەرچەندە دادگاییکردنی سەدام لە ناوخۆی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام دەکرێت بەدواداچوون بکرێت بۆ دۆسیەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە، یان ئەو لایەنانەی کەهاوکار بوون، ئەمەش لە ڕێگەی دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە وەک دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC).
- بەکارهێنانی میدیای دیجیتاڵی و بەرهەمهێنانی دۆکیومێنتاری کوالێتی بەرز، بەزمانە زیندووەکانی جیهان (ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی) بۆ ئەوەی ڕای گشتی جیهان لە ئاستی ئازارەکانی کوردو ئەم تاوانە گەورەیە تێبگەن..
لێرەدا ئەوەی نووسەر لەم کتێبەدا وەک ئەزموون و هەوڵێکی (تاک) وەک پارێزەرێک کردوویەتی و باسی دەکات، تەنها بەشێکە لە خەباتێکی گەورەتر کە پێویستی بە پشتیوانیی تەواوی دامەزراوەکان و هۆشیاریی نیشتمانیی تەواوی گەلی کورد هەیە. ئەم ئەرکەو ئەم کارە گرنگە نەتەوەییە پێویستە لەسەر ئاستی دوو هێڵی هاوتەریب کاری لەسەربکرێت، ئەوانیش (یاسایی و دیپلۆماسی)یە، کەهەردووکیان بۆ کەیسێکی لەم جۆرە تەواوکەری یەکترین، بەجۆرێک کاری یاسایی (بناغەی بەڵگەنامەیی) بەبێ دۆکیومێنتکردنی وردوبەهێزی یاسایی (کەیسی جینۆساید) لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا پێگەی نابێت.
سەبارەت بەکاری دیپلۆماسیش (کەرەستەی گەیاندن)، دیارە کاری دیپلۆماسی ئەو ئامرازەیە کە بەڵگە یاساییەکان دەباتە بەردەم ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا. بێ هەوڵی دیپلۆماسی، دۆسیە یاساییەکان لە ناوخۆدا دەمێننەوە و ناتوانن ئەو فشارە نێودەوڵەتییە دروست بکەن کە پێویستە بۆ دانپێدانانی جیهانی بەجینۆساید. بۆیە کاتێک ئەم دووانە بەیەکەوە دەڕۆن، ئەوکات دەتوانرێت چیرۆکی قوربانیان لە ئازارێکی کەسییەوە بگوازرێتەوە بۆ دۆسیەیەکی دادپەروەریی نێودەوڵەتی.
