سەلما تۆما کاکۆ

جارجار لە کاتی خوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەکان دەقێکی هێندە جوان دەکەوێتە پێش چاوم کە بەردەوام لە هزروبیرمدا دەخولێتەوە و هەست دەکەم خۆم و چەندین خوێنەر و عاشقانی کتێب خۆیان لەناویدا دەبیننەوە.

لە 5ی شوباتی 2025 لە گەشتێکمدا بەناو بابەتەکانی هەفتەنامەی  (ڕێگای کوردستان)دا دەقێکی شاعیر (حەمە ئەحمەد جاف) سەرنجی ڕاکێشام کە بەزمانێکی سادە نووسراوە بەڵام گشتگیر و مرۆییە و دونیایێ وێنەی جوانی شیعر و وانەی لەخۆگرتووە بۆ هەموو شاعیر ونووسەر و کتێبدۆستان بەناوی :

 

مردن لێم گەڕێ

بابۆخۆم بمرم !

مردن لێمەگەڕێ                   

با بۆخۆم بمرم

  

شیعری:                 

حەمە ئەحمەد جاف           

ـــــــــــــــــــــــــــــــــ

لێمگەڕێ، با بۆخۆم  بمرم

من  لە تۆ باشتر دەزانم

چ بارێکی قورس و گەورە

کەوتۆتە سەرمل و شانم

***

ژوانی ژانی شیعرو خامە

چوونەتە هزرو خوێنمەوە

کتێبخانەکەم ، کۆمەڵێ کتێب

زۆرم ماوە ، بخوێنمەوە

***

لەمردن ناترسم ،  ترسی  

کتێبخانەکەم لەدڵدایە

سوور دەزانم دوای خۆم جێگای

ئەویش شۆستەی بەرقەڵایە

***

خەمی ڕەشنووسی نووسین و

شیعریشم لەوێ بوەستێ

بڕواناکەم کەسێ هەبێ

لەدوای خۆم بەو ئەرکەهەستێ

***

ئەو کەسەی ئەرکی خوێندنەوەو

نووسینەوەم دەگرێتە خۆی

کەس وەک خۆم حەق نادا بەخۆم

حورمەت و خۆشەویستیم بۆی

***

چەمی چاوی خامەو کتێب

خۆمی تێدا دەتوێنمەوە

داری ئازادی ئەوگەلەی

ئازا ژیا ، دەڕوێنمەوە

***

مردن لێمگەڕێ، دوا چامەی

خۆم بە فرمێسکی پێنووسم

لە مێژووی یاداشتەکانما

حەسرەتی ژیانم وەنووسم

***

حەسرەتی شەکوای  قەڵەمێک

بۆ نان, لەپرسگەی  جاشێ

ئەو جاشەی  پێی دەگوت،کاکە

ــ  شەکواکەت بۆ ئێرە ناشێ !؟

***

حەسرەتی ئەو ئێوارانەی

منیان دەخستە گریانێ

تەمەن بە من پێدەکەنی و

دەیدامە چنگی زریانێ

***

پیریی گەنجیمی ڕاماڵی و

شکاندی قەڵەمی هەستم

چی خوادابووی ، لێی سەندمەوەو

گۆچانێکی دایە دەستم

***

گۆچان پێکیکی لە گەنجیم 

فڕکرد لە کێکی تەمەندا

خامەیەکی خەڵەفاوی

کرد بە گیرفانی زەمەندا

***

گیرفانێکی بێ زرینگەی

بەتاڵی مات و گۆشەگیر

گیرفانێک لە خەندە خاڵیی و

لە هەڵوێستی قەڵەم زویر

***

  ئەوگیرفانەی بە منداڵییش

لە کاڵای بەرم هەڵدەهات

چی لەو گیرفانە کەم ، دڵ و

کەسایەتی خامەم ببات ؟

***

لەوڕۆژەوەی گیرفان ، من و

شیعرمی لە بیرچۆتەوە

تەئریخ جوانترین قەڵەمی

بە گیرفانما کردۆتەوە

***

قەڵەمی گیرفان و کتێبی

بنهەنگڵی شاعیرێکی پیر

قەڵەمێک وەک چیا ژیا و

هیچ کورسییەک  نەیکرد ئەسیر

***

قەڵەمی بیرو هەڵوێستی

نەتەوەیی و کوردستانی

ئەو قەڵەمەی  تامرد نووسی :

نیشتیمانی کتێب و جوانی

***

1ـ7ـ 2024

هەولێر

 

لەم  ڕۆژگارەی ئێستا کە بەشێکی زۆری خەڵک لە خوێندنەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی کتێب بێزارە و قەیرانی خوێنەری کتێبە، شاعیرێکی بەتەمەن لەجاران زیاتر عەشقی کتێبە نوقمی نێو کتێبان بووە و خۆی و هاوشاریەکی دێرینی بەناوی مامۆستا( عەبدولقادرعەزیز سەعید) سەرەڕای بێ مووچەیی سەر بە هەر کتێبخانەو پێشانگایەکی کتێبدابگرن بەدەستی بەتاڵ نایەنە دەرێ و هەمیشە هەگبەیان پڕە لە کتێب.

نموونەی ئەو خوێنەر و شاعیرە و هاوشێوەکانی هەموو ئەو شتانە پشتڕاستدەکەنەوە کە دەربارەی کتێب دەنووسرێ وەك چۆن عەبدولمتەلیب عەبدوڵڵای نووسەر دەڵێت:

کتێب ئازادی تاک دەچەسپێنێ و  دەسەڵات رەتدەکاتەوە.

یەکەمیان هەر تەنها پەیوەندی بەوەوە نییە کتێب تەنیامان دەکات، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەرگا و پەنجەرەکانی مێشکمان بەسەر  ئەویدیکەی جیاواز و هەمەڕەنگدا دەکاتەوە.

دووەمیان مەبەست دەسەڵاتی رەهایە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کتێب وزەیەکمان پێدەبەخشێت کە بە مەعریفەوە بەندە، هەمیشە لە نێوان وزەی مەعریفی و تەنیاییدا دیکتاتۆرییەت هەرەس دێنێ! لە پانتایی مەعریفەدا ژیان بە رەنگە جیاوازەکانی دەجولێتەوە. لە تەنیاییدا دەسەڵات بێ کەس دەمێنێتەوە... دنیای کتێب و خەیاڵی خوێندنەوە، دنیای رامان و هەڵوێست و بیرکردنەوەیە. هەمیشە ژیان بابەتێکە مرۆڤ بەر لەوەی مامەڵەی لە تەکدا بکات و هاوژیانی بکات، دەبێ بیخوێنێتەوە، دەبێ تێیبگات و دووبارە راڤەی بکاتەوە.

  لە خوێندنەوەی ئەو شیعرەش دەردەکەوێت کە ئەو شاعیرە چۆن بۆنی کتێبی گرتووە و خەمی کتێبەکانی لە کۆڵ ناوە و تا چەند پەرێشانە بۆیان کاتێك بیر لە بێهێزیی و نەمانی خۆی دەکاتەوە.

ڕاستیەکەی تا ئێستا نموونەی ئەو شیعرە

پڕ بایەخەم لەو بوارە نەخوێندۆتەوە کە  تێیدا شاعیر بە شێوەیەکی هونەری و قووڵ باسی مردن و بەجێمانی کتێب و ڕەشنووسەکانی شیعر و بەرهەمە ئەدەبیەکانی تری خۆی دەکات.

تایبەتمەندی جوانی ئەم شیعرە لەوەدایە کە شاعیر نەک لە مردن دەترسێت، بەڵکو لە نەمانی پیرۆزیی کتێب و کارە ئەدەبیەکانی تر و کەلتوورەکەی دەترسێت کە ئەمە نیشانەی خۆشەویستی و بیرکردنەوەیەکی قووڵ و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی شاعیرە بەرامبەر کتێب و بە دڵەوە لە گەلەکەی و کەلتوورەکەی خۆی دەدوێت.

ئەم شیعرە گەشتێکی دەروونی و فکریی و فەلسەفییە لەترسی مردن و نیگەرانی بۆ  چارەنووسی بەرهەمە ئەدەبیەکان،شاعیر بە جوانی توانیویەتی تابلۆی ڕیالیستی لەژیان و کێشەکانی ڕۆشنبیری کورد بکێشێت و ڕاشکاوانە باس لە( ئازار و خەمەکانی بۆ ئێستای کتێب و نیگەرانی لە داهاتوو ، پیری و تەمەن و نیشتمانپەروەری و سەردەمی منداڵیی و پەیوەندی نێوان "کتێب وکەلتوور"و "شیعر و شاعیر ")دەکات.

لەڕووی تەکنیکییەوە ئەو هێمایانە لەشیعرەکە بەدی دەکرێن:

١ـ کتێبخانە کە نیشانەی زانست و کەلتوورە، گیرفان کە نیشانەی منداڵی و سەرەتای ژیانە، قەڵەم نیشانەی نووسین و داهێنانە،چیا نیشانەی بەرزی و جێگیرییە.

٢ـ وێنەسازی لەم شیعرەدا بریتیە لە (وێنەی گیرفانی بێ زرینگە ، وێنەی قەڵەم وەك چیا).

لەم شیعرەدا دەبینرێ کە شاعیر: لەسەرەتاوە خۆی بە مردن دەناسێنێت و دەڵێت من  لە تۆ باشتر دەزانم چ بارێکی قورس لەسەرشانمە، کە ئاماژەیە بۆ ئەو بەرپرسیارێتیە گەورەیەی کە هەستی پێدەکات و باسی دونیای فکری خۆی و خولیاو حەزی بۆ خوێندنەوە و جوانیی

شیعر و قەڵەم دەکات کە چوونەتە ناو هزر و خوێنیەوە و ترسی لەوەیە کە ژیان دەرفەتی ئەوەی پێنەدات ئەو کتێبە زۆرانەی ماون بۆ خوێندنەوە بیانخوێنێتەوە کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی کتێبخانەیەکی گەورە و تژی لە کتێب لە ماڵەکەی خۆیدا و بۆیە ڕاشکاوانە دەڵێت: ترسم لە مردن نیە و خەمی کتێبەکانیەتی کە دەبنە شۆستەی بەر قەڵا کە ئاماژەیە بۆ فەرامۆش کردن و لەناوچوونی کتێبەکانی، هەروەها خەمی ڕەشنووسی نووسین و شیعرەکانی دەخاتە ڕوو کە لەو بڕوایە دایە کەسێك نیە لەدوای خۆی ئەو ئەرکە  بگرێتە ئەستۆ، وەئەگەر کەسێکیش ببێتە وارسی کارەکانی،ئەوا وەك خۆی هەقیان پێنادات.

شاعیر درێژە بە وەسفکردن دەدات و خۆی وەك چەمی چاوی کتێب دەناسێنێت کە چۆن  لە نووسین و کتێبدا تواوەتەوە و ئەگەر مردن ڕێگەی پێنەگرێت ئەوا دوا چامەی خۆی بە فرمێسك دەنووسێت و لەیاداشتەکانیدا حەسرەتی ژیانی دەنووسێتەوە کە سەبارەت بە خامەکەی چەند سەخت ژیاوە و بۆ نان ‌شەکوای بردۆتە پرسگەی ئەوانەی هیچ لە بەهای قەڵەم تێناگەن و بێئومێدیان کردووە.

جگە لە مەش تەمەن و پیری تەنگیان بە شاعیر هەڵچنیوە و گۆچان دەکاتە سیمبولی پیری و لاوازیی فیزیکی و ئاماژە دەکات بە پێکی فڕین  بۆ لە دەستدانی توانا و خامەی خەڵەفاو وەك پێنووسێکی کۆنی پاڵپشتی پیریی.

لێرەدا ڕاستگۆیی لەشیعرو قەڵەمی گیرفان و کتێبی بنباڵی  شیعرو هەڵوێستی تۆکمەی نەتەوەیی شاعیرمان بۆ  دەردەکەوێ  کە وەک خۆی لە کۆپلەی پێش کۆتایی شیعرەکەیدا کە دەڵێ قەڵەمێک وەک چیا ژیاو هیچ کورسییەک دەستەمۆی نەکرد:

 قەڵەمی گیرفان و کتێبی

بنهەنگڵی شاعیرێکی پیر

قەڵەمێک وەک چیا ژیا و

هیچ کورسییەک  نەیکرد ئەسیر

***

هەڵبەتا شاعیر لەکۆتا کۆپلەی شیعرەکەیدا  دەڵێ, قەڵەمێک کە ئایدیایەکی نەتەوەیی و کوردستانی لەنەزەر گرتبێ،

دەبێ لەنیشتیمانی کتێب و جوانی  ئیستاتیکا دانەبڕێ و تێیدا سەربنێتەوە 

وەک دەڵێت :

قەڵەمی بیرو هەڵوێستی

نەتەوەیی و کوردستانی

ئەو قەڵەمەی  تامرد نووسی :

نیشتیمانی کتێب و جوانی

***

بۆیە لێرەوە، لەکۆتایی ئەو نووسینەمدا بەشاعیر دەڵێم ، شاعیران نامرن  ..شاعیران  لەدڵی نەتەوەکەیاندا زیندوون و لەگەڵ کتێب و جوانی شیعرەکانیاندا هەڵدەکشنە لوتکەو بە نەمریی دەمێننەوە ..

***

کۆتایی تەمموزی 2025

ئەڵمانیا        


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا