له‌تیف ئه‌مین

 

فەقێیەکی فێندەمێنتالیست، ڕۆمانێکی قەبارە مامناوەندی ٣٤٠ لاپەڕەیی نووسەر(شەماڵ بارەوانی)ـیە. ئەم ڕۆمانە پڕە لە ڕووداوی خەمئامێز و خەندەئامێز، پڕە لە یاخیبوون و سەرکەشیی، پڕە لە پرسیار و گومان و گەڕان و بنکۆڵکاریی، پڕە لە ئەندێشە و دیدگای داهێنەرانە، پڕە لە پەیامی فیکریی و فەلسەفیی، پڕە لە هەنسک و گریان، لە فرمێسک و فیغان، پڕە لە دانپێدانان. پڕە لە پێکەنین و کۆمێدیا، لە نامۆیی و نهیلیست، پڕە لە دیالۆگ و مەنەلۆگ، پڕە لە بوێریی و ئازایی و ڕاستگۆیی.

 (هیوا و هێمن) دوو کارەکتەری سەرەکی نێو ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەن، کە هەردووکیان هاوڕێی قۆناغی منداڵیی یەکترن و هەمیشە پێکەوەن. ڕاستییەکەی، ئەم ڕۆمانە بایۆگرافیای نووسەرە لە بەرگی ڕۆماندا. نووسەر لە ڕێگای پاڵەوانی سەرەکی نێو ڕۆمانەکە کە (هیوا)یە، زۆر بە ڕاستگۆیی و ڕاشکاویی و بوێرییەوە ڕووداو و ئەزموونی ژیانی خۆیمان بۆ دەگێڕیتەوە. بە جۆرێک، ترس و تابو و دڵەڕاوکێ و سانسۆری کۆمەڵایەتی و ئایینی و هیچ شتێک پێنووسەکەی ڕاناگرن. ڕێژنە و ڕەهێڵەی وشەکانی لە ئاسمانی ئەندێشەیدا بە جۆرێک دادەبارن، لافاوێک ڕستەی نەگوتراو دروست دەکەن. نووسەر بە چەکووچی پرسیار و گومان و فیکر و فەلسەفە، هەموو بتە دروستکراو و بەپیرۆزکراوەکان وردوخاش دەکات. ئەو بە هزر و خەیاڵ و ئەندێشە ئەدەبییەکانی، هەموو سنوورەکان دەبڕێت. بە زمانە شیعریی و تەلیسماوییەکەی، وشەکان بە تەنافی دێڕەکاندا هەڵدەواسێت. بە ڕۆحە یاخیی و سرک و سەرکەشەکەیەوە، بەرەنگاری هەموو نۆرم و نەریت و قاڵبە قۆپاوەکانی کۆمەڵگە دەبێتەوە. سەر لە هەموو کون و کەلەبەرە تاریک و ئەنگوستەچاوەکاندا دەکێشێت. دەست بۆ هەموو بڤە و برین و پشکۆیەک دەبات.

ئەگەر محەمەد شوکری لە ڕۆمانی(نانی ڕووت)دا بارودۆخی ژیانی خۆیمان بۆ بگێڕێتەوە و باسی بەدبەختیی و چارەڕەشیی خۆی بکات لەژێر ستەمی باوکسالاریی. ئەگەر ئۆرهان پامۆک لە بیرەوەرییەکانیدا کە لە بەرگی ڕۆماندا نووسیویەتیەوە بە ناوی(ئیستەنبوڵ) زۆر نهێنی سەردەمی منداڵیی و هەرزەکاری و خێزانی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەگەر حامد عەبدولسەمەد لە ڕۆمانی(ماڵئاوا ئەی ئاسمان) باسی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی سەردەمی منداڵی خۆی بکات، کە باسی ئەوە دەکات بە منداڵی دوو جار دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر. باسی ئەوە دەکات کە سەرەتا لە ژینگەیەکی تەژی لە فیکری پەڕگیریی و توندڕەوی پەروەردە بووە، دواتر دەگۆڕێت بۆ کەسێکی کراوە و نووسەرێکی ڕۆشنگەر.

ئەوا شەماڵ بارەوانی زۆر ڕووداوی شۆکهێنەرتر و سەرسامکەرترمان بە ڕاشکاوی و ڕاستگۆیی و بوێرییەوە بۆ دەگێڕێتەوە. کە لە ئەوجی ڕادیکاڵیی و توندڕەویی و تەکفیرییەوە دەگۆڕێت بۆ مرۆڤێکی سکیۆلار، کە بڕوای بە دەنگی جیاواز و ڕەنگی جیاواز و ڕای جیاواز دەبێت و مرۆڤبوون لەپێش هەموو شتێکەوە دادەنێت.

نووسەر بێ ترس و سڵەمینەوە و سانسۆر، لەسەر زمانی هیوای کارەکتەری نێو ڕۆمانەکە، لەگەڵ(هێمن)ی هاوڕێی، باسی قۆناغی منداڵیی خۆیمان بۆ دەکات، باسی سەردەمی پاکیی و پەپوولەیی و بەرائەتیی دەکات، ئەو کاتەی کە ماڵیان لە دێ بووە. باسی ڕەفتارە بەد و خراپەکانی سەردەمی منداڵیی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە لەگەڵ هێمن. باسی عەقڵییەتی ئەوسای کۆمەڵگەی کوردی دەکات، باسی کۆمەڵێک ئەخڵاق و ئەتواری ئەو ژینگە و ژینوار و سەردەمەمان بۆ دەگێڕێتەوە. مێنتاڵێنتی ئەوسای خەڵک و کۆمەڵگە دەداتە بەر نەشتەری پێنووسەکەی. یاخیبوون لە قوتابخانە و مامۆستاکان، بە هۆی توندوتیژی و سووکایەتیی و لێدان و ئەشکەنجەدانە پڕ لە سادییەت و هۆڤییەکان، دەبێتە بەشێکی سەرەکی ڕووداوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە.

هێمن و هیوا، ئەم دوو هاوڕێیە دەبنە دوو نێچیری مامۆستایەکی خۆیان، مامۆستایەک کە هەڵگری بیری تۆندڕەویی و تەکفیریی و جیهادییە. مامۆستایەک کە منداڵییان دەڕفێنێ و سیخناخ و پڕیان دەکات لە ژەهری ئایدیۆلۆژی، پڕیان دەکات لە تاریکیی و مەرگدۆستیی. بە چەشنێک، دونیا تەنها بە ڕەش و سپی ببینن، جیهان دابەش بکەن بەسەر کوفر و ئیمان. دواتر ئەو دوو قوتابییە دەچنە شار و بەر خوێندنی ئایینی و شەریعە و دەبنە دوو فەریکە فەقێی مێشکمردوو و عەقڵداخراو و دۆگمایی و پەڕگیر. بەرەبەرە و ڕۆژ بە ڕۆژ فکر و بیرکردنەوەیان بەرەو توندڕۆیی هەڵدەکشێت، تا وای لێدێت هێمن پەیوەندی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش(دەوڵەتی ئیسلامیی)ـیەوە دەکات و کەڵکەڵەی ئەوە دەکەوێتە مێشکی کە خۆی بە پۆلێک پێشمەرگە بتەقێنێتەوە، بەو نیازەی لەو ڕێگایەوە بگاتە بەهەشتی نەبڕاوە و ئەبەدی. بەڵام هیوا بەردەوام دەبێت لە خوێندن. لەگەڵ خوێندنەکەیدا، دەست بە خوێندنەوەی کتێبە فیکریی و فەلسەفییەکان دەکات، لە ئەنجامدا تووشی گۆڕانی فیکریی دێت و لە لوتکەی توندڕەویی و دۆگمایی و داخراویی و پەڕگیرییەوە دەبێتە مرۆڤێکی کراوە و مەدەنی و مرۆڤدۆست، کە بڕوای بە پێکەوەژیان و ئازادیی بیروباوەڕ و بنەماکانی دیموکراسی و سکیۆلاریزم و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژن دەبێت. لە غەیبووبەی فیکریی و خەوی خورافە هۆشیار دەبێتەوە و لە توونێلی تاریکیی و هزری تۆتالیتاریی و ڕەهاگەرایی و زەلکاوی دواکەوتوویی ڕزگاری دەبێت. بە جۆرێک کە شتەکان بە ڕێژەیی ببینێت و هیچ شتێک بە ڕاستیی ڕەها وەرنەگرێت.

ڕۆمانی فەقێیەکی فێندەمێنتالیست، ڕۆمانێکە ناکرێ بە سادەیی و سەرپێیی بخوێنرێتەوە. ڕۆمانێکە لێوڕێژە لە ڕووداو، پڕە لە ڕچەشکێنیی و ڕاچڵەکین، تەژییە لە ئاگایی و هۆشیاریی. ئەم ڕۆمانە وشە بە وشە و ڕستە بە ڕستەی پێویستە بە تێڕامان و لێوردبوونەوە بخوێنرێتەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا