
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی دەربارەی دامەزراندنی یەکەمین کتێبخانەی کوردی لە بەغدا
ئا / حسێن نەجار .. لە ڕۆژنامەی تەریق ئەلشەعب
لە دڵی ناوەندی ڕۆشنبیری عێراق و لە شەقامی ناسراوی موتەنەبی، پڕۆژەیەکی نوێ و گرنگی ڕۆشنبیری سەری هەڵداوە کە ئامانجی پردسازی و ناساندنی زیاتری کولتووری کوردییە بە ناوەندی ڕۆشنبیری عەرەبی. بۆ تیشکخستنە سەر وردەکارییەکانی ئەم پڕۆژەیە، بەباشمان زانی لە نزیکەوە پرۆفیسۆر د . حسێن ئەلفەیلی، پرۆفیسۆری ئەدەبیاتی فارسی لە زانکۆی بەغدا و دامەزرێنەری کتێبخانەکە بدوێنین.
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی سەرەتای پەیوەندییەکەی بە کتێب و فەرهەنگی کوردییەوە، پرۆفیسۆر حسێن فەیلی، کە وەک پرۆفیسۆری ئەدەبیاتی فارسی لە زانکۆی بەغدا کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پەیوەندییە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە باوکی کۆچکردووی و بنەماڵەکەی گرنگیەکی قووڵی بە تایبەتی بەئەدەبی کوردی داوە .
سەبارەت بەوەی بیرۆکەی دامەزراندنی کتێبخانەی تایبەت بە ڕۆشنبیری کوردی لە بەغدا چۆن هاتە ئاراوە و چی پاڵنەرێک بوو، ناوبراو ووتی: بیرۆکەکە تازە نییە، بەڵام بەهۆی کەمیی کتێب و سەرچاوەی کوردی لە کتێبفرۆشەکانی بەغدا، بڕیارمدا کتێبخانەی تایبەت بە کتێب و کولتووری کوردی لە شەقامی ئەلموتەنەبی بکەمەوە، بە ئامانجی ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیاری بۆ توێژەران. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دامەزراندنی ئەم کتێبخانەیە لە بەغدا بۆ ئەوان مانایەکی گەورەی هەیە، لەوانە دابینکردنی سەرچاوە بۆ خوێنەران و ئاشناکردنیان بە کولتوور و دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردی.
سەبارەت بە سروشتی ئەو بڵاوکراوە و کتێبانەی پێشکەش دەکرێن، پرۆفیسۆر فەیلی دەڵێت کە کتێبخانەکە فرەچەشنی کولتووری کوردی پیشان دەدات و بەرەوپێشی دەبات، و هەموو بوارەکانی ئەدەب، مێژوو، هونەر، سیاسەت و بوارەکانی تری مەعریفە لەخۆ دەگرێت. لە وەڵامی پرسیارێکیشدا کە ئایا کتێبخانەکە تەنها کتێبی کوردی تێدایە یان کتێب بە زمانەکانی تریش لەخۆدەگرێت، ئاماژە بەوە دەکات کە کتێبخانەکە کتێبەکانی تایبەت بە کولتووری کوردی بە زمانە جۆراوجۆرەکانیش، وەک عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگليزی، فەرەنسی و ئەڵمانی لەخۆدەگرێت.
لەبارەی پێشوازیی خەڵک و سروشتی ئەو کەسانەی سەردانی کتێبخانەکە دەکەن، دەردەکەوێت کە کتێبخانەکە پێشوازییەکی باشی لێکراوە، بەتایبەتی لەلایەن خوێندکارانی پۆست گریجوەیتەوە کە لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر پرس، کەسایەتی، مێژوو و ئەدەبی کوردە. کاتێک پرسیار دەکرێت کە کێن ئەوانەی زۆرترین سەردانی کتێبخانەکە دەکەن (خوێنەری کورد، توێژەر و خوێندکار، یان خوێنەری عەرەب)، د . حسێن دەڵێ: زۆربەی پاترۆنەکانی کتێبخانەکە بە پلەی یەکەم خوێنەری عەرەب بوون و زۆربەیان توێژەر بوون.
لەگەڵ ئەوەشدا د. حسێن فەیلی لە بارەی بەوەی ئایا کتێبخانەکە تەنها شوێنێکە بۆ فرۆشتن و نمایشکردنی کتێب یان دەگۆڕدرێت بۆ فەزایەکی کولتووری، جەخت دەکاتەوە کە بەدڵنیاییەوە هەوڵ دەدرێت کتێبخانەکە بگۆڕرێت بۆ ناوەندێکی ڕۆشنبیری بۆ میوانداریکردنی سیمینار و ئاشناکردنی کۆمەڵگەی بەغدا بە ڕۆشنبیری کوردی. هەروەها لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر بوونی پلان بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان، دەڵێت کە لەلایەن دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئێرانی و کەسانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان پێوە کراوە، و هەوڵ دەدەن بەشداریی پێشانگاکانی کتێب بکەن، بە جۆرێک کە ئاواتەخوازین لە ساڵانی داهاتوودا دامەزراوەیەکی گەورەی ڕۆشنبیری دابمەزرێنن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، کاتێک پرسیار لەبارەی گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەکە دەکرێت، د. فەیلی وتی: بەرچاوترین ئاستەنگەکان بریتین لە گرانیی تێچووی چاپکردنی کتێب و تێچووی هاوردەکردنی. لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە کاریگەریی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی و سۆشیال میدیا لەسەر دۆخی کتێبی چاپکراو، پێیوایە کە کتێبی چاپکراو لە مەترسیدایە، چونکە تەنها خوێنەرانی بەتەمەن هێشتا چێژی لێ وەردەگرن، بە پێچەوانەی نەوەی نوێ و نەوەکانی داهاتووەوە کە تادێت ڕوو لە تەکنەلۆژیای خوێندنەوەی ئەلیکترۆنی دەکەن و دووردەکەونەوە لە کتێبی چاپکراو.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا کە پێویستییەکانی ئەمڕۆی کەلتووری کوردی بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە دیمەنی کولتووری عێراقدا چین، پرۆفیسۆر فەیلی هەڵوێستی خۆی بەم شێوەیە دەردەبڕێت:
"کولتووری کوردی پێویستی بەوەیە که بە بەکارهێنانی هەموو ئامراز و میتۆدێکی زانستی، زەینی ڕۆشنبیرانی عەرەب بگوازێتەوە و تەنانەت دەرگاشیان بۆ بکاتەوە."
لە کۆتایشدا د. فەیلی وتی: داواکارم ڕۆشنبیرانی عەرەب: سەردانی کتێبخانەکەمان بکەن تا کولتووری یەکتر بناسین و ببێتە پردێک بۆ خۆشەویستی و برایەتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی
