م، علی حەمەد عوسمان/سۆران
خولانەوە لە دەریای خەمدا !
دەریای خەم، سێیەمین بەرهەمی شاعیری پێشمەرگە و کرێکار
فارس دژەباوە، سادەیی و ساکاری وشەکان و
ناسکی و ئاوداری هەستەکان، خوێنەر بۆ خەمستانێکی
پڕ لە نادادی پەلکێش دەکات و دێراوی دەربڕینەکان
نەخشەی مەیدانێکی دووبەرەیی دەکێشێت.
نادادی لە بەرەیەکی باو و (فارس)ی شاعیریش
لە بەرەیەکی دژەباو.
ئێمە هەموومان لەم دەریای خەمەدا دەخولێنەوە،
بەڵام هەریەکەمان بە شێوازی تایبەتی خۆمان
سەمای مەلەوانی تێدا دەکەین، هەریەکەمان لەگۆشەنیگای خۆمانەوە
لە سروشتی دەریاکە دەڕوانین و هەر لەم ڕوانگەیەشەوە،
کەڵەکەبووی هەست و ناخمان بە ئاخ و داخ بەرهەست دەکەین،
شاعیر لەم بەرهەمەیدا،
خەمەکانی خۆی بەشێوازی سێ فۆڕمە شیعر،
خستوونەتە ناو ئەم دەریایە، کە بەشی هەرەزۆری چوارینەن،
بەڵام بەکێشی جیاواز داڕێژراون.
ڕازەکانیش، ڕازی دڵی زۆربەمانە،
بەزمانی ئەو دەربڕاون.
لەڕووی زمانەوە،
خوێنەر بەباشی لێیان تێدەگات و لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە،
پڕ بەپێستی ناوەکەی، دەریایەکە پڕ لەخەم،
خەمی مرۆڤ و نیشتمان، خەمی نادادی و ناشادی،
خەمی عیشق و دڵشکان، بەکورتییەکەی خەمی تەواوی ژیان،
بەڵام چ خەمێک ؟ خەمێکی بوێرانەی پڕ بەرگری،
خەمێکی ئومێد بەخشی پڕ لە نەخش،
بەپەرۆشی بۆ ژیانخۆشی، خەمێک خەمان بکاتە خەندە.
ئەم چەند وشەیە، تەنیا وەسفێکی سەرپێیی بەرهەمەکەن،
هەڵسەنگاندنی بۆ ڕەخنەگرانی ئەدەب جێدەهێڵم،
چونکە ڕەخنە زیاتر پێگەی ئەدەب بەهێز دەکات،
لە کۆتاییدا، دەستخۆشی لە شاعیر دەکەم و
هیوادارم لە هەوڵی خۆپێگەیاندن بەردەوام بێت،
تاکوو بەو هەستە ناسکەی هەیەتی، مەلەوانانە،
بەناخی دەریای شیعرستاندا شۆڕبێتەوە و
لەوێ بەو گەوهەرە ڕاستەقینەیەی شیعر بگات،
کە دونیای سەردەم دەی خوازێت.
تێبینی:
"دەریای خەم "نوێترین بەرهەمی شیعری(فارس دژەباو)ە.کەلەسەرەتای ئەمساڵ، کەوتەبەردیدەی خوێنەران.کتێبەکەش .سێ بەشی لەخۆگرتووە.هۆنراوە،چوارینە،ڕازی دڵ.
نووسەر ئەم بەرهەمەمەی پێشکەشی ئه و مرۆڤانە کردوە کەلەعیشق وخۆشەویستی تێدەگەن،لەبەرەی خەڵکی هەژاروچەوساوەی ستەمدیدەی گەلەکەمانن.وئەوانەی بڕوای پتەوییان بەڕاستگۆیی مرۆڤبوونە،دژی مرۆڤ کوژی ونادادیین ."