
ناو
هانا ڕەحیمی - ڕۆژهەڵات
لە سەر درگای ماڵە کەیان ناوی خۆی نووسی، نە جارێک بەڵکوو چەن جار، بە جۆرێک کە درگای ماڵە کەیان پڕ بوو لە ناوی خۆی! تازە هاتبوون بۆ ئەو گەڕەکە بە ناو شەهرەکی ناو بوو بەڵام زۆرتر نزیک بوو لە گەڕەکێک کەپێیان دەوت ماڵە گووڵان. گوایە زەمانێک کە کەس جوان بیری نیە گوولە کان واتە جۆزامیە کانی سەقز لەوێ بوون. ئەوانەی بوونیان لەوێ لە بیر کرا بوو، ئەوانەی کە رەنگە خزم و کەس کاری کەسێک بووبێتن بەڵام خۆیان هەر وەکوو برینە کانیان لە بیر کرا بوون و تەنیا ناوێکی بە کۆمەڵ یان بۆ ئەو گەڕەکە جێ هێشتبوو.
پێموا لای نیوەڕۆ بوو و ئەم سەرەخۆش بە ناوی خۆی بەردەوام دەینووسی ، باشە چی دەویست لەو نووسینە؟ ئەو پەیوەندیەکی سەیری لە گەڵ ناوە کەی هەبوو، ناوە کەی خۆی پێ خۆشتر بوو تا ناوی کچەکانی هاوتەمەنی، ناوێک کە نە تەنیا واتا کەی بە ڵکوو نەوا کەیشی زۆر پێ خۆش بوو. بۆیەجاروبار بیرۆکەی سەیر بە مێشکیدا دەهات، بۆ نمونە چەن جار ناوی خۆی لە مێشکیدا دووپات دەکردەوە، بۆ ئەوەی جیا لە واتاکەی کە بەردەوام دەیزانی تێبگا دەنگە کان بۆ خۆیان چ واتایێکیان هەیە؟ زۆر جار ئەوەندە دووپاتی ئەکردەوە تا وەکوو شێتی لێ دەهات. دواتر کە فێری نووسین بوو ئەمجار دەینووسی، هەر وەکوو ئەمجارە بەڵام ئەمجار لە سەر درگاکە نووسیبووی واتە جێگەیەک کە خەڵکی تر دەیانبینی و بێ ئەوەی کە ئەم ناوی کەس بزانێت تەواوی گەڕەک ناوی ئەو فێر بووبوون.
مانگێک دواتر کە پاش ماوەیەک لەو نیگا سەیرانەی کچانی گەڕەکی تازە تێپەڕیبوو، و توانیبووی کە لە گەڵیان ببێت بە هاوڕێ، بەڵێ ئەو کچانەی کە بەردەوام بە غەزەبەوە سەیری دوچەرخەسواری کردنی ئەویان دەکرد. هەر ئەوان بوون کە ڕۆژێکی چاوەڕوان نەکراو، کە ساتە وەختێکی یەکجار گەرمی هاوین بوو پێیان وت کە چیتر سواری دووچەرخە مەبە! کامیان بوو پێموا سنوور بوو کە بەو ناوچاوانەی کە هەمیشە تێکدراو بوو چوون ئەوە نیشانەی سەرەکی کچانی ماقووڵی وەک ئەو بوو. پێی وت:
-چوون... دەزانی' چرۆ ' بۆ ناوی خۆت لە سەر درگاکەتان نووسی؟ ئەو کوڕە ناوت فێربووە و بە هەموو کەسی وتووە کە من ئاشقی چڕۆ بووم!
چاوی زیت کردبووە و دڵی ڕاچڵەکا بوو، پرسیبوو ئەو کوڕە کێیە؟وتی ناوی لوقمانە. ئەمجارلە خۆی پرسیبوو خۆ من هەر نایناسم. دوای ئەوەش عاشق بوون چ واتایەکی هەبوو بۆ مناڵێکی یانزە ساڵە کە هێشتا تووشی بلووغ و ژن بوون نە بوو بوو . بەڵێ مووچڕکە یەک بە یەکجاری بە لەشی دا هات. بەڵام هی خۆشی نەبوو بەڵکوو هی ترس بوو. ترسێکی نائاشنا بۆ ئەو و ئاشنا بۆ هەموو ژنەکان. چوون ئەو کوڕە هاتبوو بەیەکجاری مناڵیەکەی لێ بستێنێت.
بەڕاستیش وابوو. ئەو کوڕە بوو بە دێوەزمەی ژیانی، چوون بۆ هەر کوێ دەڕۆشت ئەو لەوێ بوو. ئەمجارەیان باش دەیناسی چوون بوو بە هەڵامەتی گەورەی ژیانی. نەی دەوێرا بە تەنیایی بڕواتە دەرەوە، ئەو هاتبوو شەقامەکان و کۆڵانە کانی گەڕەکی لێ قەدەغە بکات. ئەو هاتبوو بە دڵەڕاوکەی ژن بوون ئاشنای کات.
جارێکیان کە لە بەردرگا دانیشتبوو خۆی سەر قاڵی ئەو پادەریە کرد بوو کە دایکی دەیچنی. سنور لەوێ بوو، هەر ئەو هاوڕییەی کە جارێکی تر وتبووی
- بۆ ڕووسەری نادەی بە سەرتا،ئیتر گەورە بوویت .
کەی گەورە بوو؟! بیری نەبوو. دوو ساڵ بوو کە دو گۆی وەکوو تۆپێکی بچووک لە سەر سینەی دەرهێنا بوو، کە جارێکیان پوری پێی وتبوو کە مەمکت دەرهێناوە و ئەم شەرمێکی نائاشنا دایگرتبوو. هەر بۆیە خۆی گێل کردبوو و لە تەرێقی ڕای کردبوو و لە دیوەکە چووبووە دەرێ . ئەمە واتای گەورەبوون بوو؟ ئەی بۆ هەر خەیاڵی لە لای کایەکانی پێشووتری بوو؟ بۆ هەر پی خۆش بوو ئەو جلانە لە بەر بکات؟ جارێکیان ئاشنایەک کە ئەمی لە گەڵ دایکی لە نێو بازاڕ دیتبوو بە باوکی وتبوو کە مانتۆیەک بکڕن بۆ چرۆ نەکا پۆلیس بیگرێت. ئەو کەی ئەوەندە گەورە بوو کە دەبوو مانتۆ لە بەر بکات بۆ دەرەوە؟!
دانیشتبوون کە لە پڕ لوقمان پەیا بوو، نەیزانی چی بکات، ئەو کوڕە هاتبوو سەیری ناو چاوانی بکات، هاتبوو لە گەڵی قسە بکات. پاتۆڵێکی بۆشی بۆری لە پێ بوو و تیشێرتێکی شین، شینێکی دێزی چڵکن، ئەو شینەی کە ئەم بەردەوام ڕقی لێبوو. تەنانەت جارێکیان لە دایکی پرسیبوو کە
- بۆچی کوڕان هێندە حەزیان لەو شینە ناشرینەیە؟ بۆ مەگەر ڕەنگە کانی تر چیانە؟
بە سەرێکی تاشراوەوە بە هەیبەتێک کە یەکجار دوور بوو لە جوانی وتی:
-چرۆ...
وەلام دانەوە کارێکی بەس ئەستەم بوو. بۆیە سەری داخست تا نەبینێ، گوێی کپ کرد بۆ ئەوەی نەیبیستێ، هەر بۆیەش شتە کانی دایکی بە جێهێشت و هەڵات بۆ ماڵەوە. بەڵام لە پشت درگای ماڵیان گوێی لێ بوو کە سنوری هاوڕێی زۆر ئاسایی لە گەڵ لوقمان دا قسەی دەکرد، لە گەڵ ئەو کوڕەی کە ببوو بە دێو لە ئەم. ئەی بۆ ڕوبەڕو بوون لە گەڵی بۆ ئەم یەکجار دژوار بوو ، نەکا پیلانیان بۆی کردبێت ؟ پیلانێکی سەخت، کە ژن بوونی لێ بڕوخێنن.
دایکی لە ماڵەوە لێی پرسی
کوا قوولاب و کامواکە؟
لە ترسی ئەو کوڕە بە جێم هێشت!
- کام کوڕ؟بۆ ترس؟
ویستی بڵێ ترسی ژن بوون دایکە، ترسی ئەو داوەی بە ناوی خۆشەویستی بۆیان درووس کردووم؛ ئەو داوەی کە هاتبوو ئاسوودەیی پیاسە لە کۆڵانەکانی لێ بستێنێت؛ هات بپرسێ، ئەو عەشقەی ئەیانوت هەروا ترسناک بوو دایە؟ ئەی ئەو شتە جوانانە چی بوو کە سەبارەت بە خۆشەویستی وتبوویان؟ بۆ نەیانوتبوو کە عەشق دێت تاکوو باڵەکانی ئازادی لێ بستێنێت! نەیپرسیبوو؛ بۆیە دایکی بە شۆخیەوە وتبووی
جا چیە کچم پێی بڵێ کە بڕوات بۆ دەبێ لە کوڕێکی مناڵ وەکوو خۆت بترسی؟
مناڵ؟.. وەکوو خۆم؟.. لوقمان لە ژیانی نەڕۆشت. تا ئەو دەمەی کە دوای دوو ساڵ بیستنی ماڵیان لەو گەڕەکە ڕۆشتووە. بیری نەبوو کە بە بیستنی هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵکێشابێت. چوون چیتر مناڵ نەبوو، سووری مانگانەی دیتبوو . ئیتر سواری دوچەرخە نەدەبوو ، تەنانەت بە ئەستەم دەڕۆشتە دەرەوە مەگەر بۆ خوێندنگا، کە لە ڕێگا بەردەوام کوڕانێکی دەدی کە لێیان دەترسا،چوون زانیبووی لوقمانەکان زۆرن! بۆیە زۆربەی کات لە ماڵەوە دادەنیشت سەیری تەلڤیزیۆنی دەکرد.
خەریک بوو قەڵەو دەبوو چوون چیتر کچە چالاکەکەی جاران نەبوو. تەنانەت کە دەیویست هەڵبێت قاچی چەپی لە گەڵیدا نەدەهات دێشا، قاچێکی ساغی دەشەڵی...
بە ڵام هەڵەن گەر بزانن چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی پێ هات، چەن ساڵ دواتر لە ڕێگای خوێندنگا دیتی، لوقمانی دیت کە هەر وەک خۆی وابوو، زلتر و ناشرینتر بوو بوو. ڕەنگە ئەوەندەیش ناشرین نەبووبێت و کوڕێکی ئاسایی بووبێت، چوون دەموچاوی لە بیر نەمابوو. بەڵام دەیزانی گەر قۆزترین کوڕی دونیایش بووبێت، بۆ ئەو ناشرینترین بوو، تەواوی کوڕە ڕاستەقینە کان ناشرین بوون، تەنیا' ماریووس' ناو ڕۆمانەکەی 'ویکتۆر هۆگۆ' نەبێت یا ' دەیڤید بێکام' ئەوانەی وا دوور بوون یا دەستکردی خەیاڵ بوون، دەیانتوانی جوان بن.
ئەمجارە لوقمان هەموو ڕۆژێک لەوێ لە بەر دەرگەی خوێندنگا ماتڵی بوو ، سنور چەن جار جوێنی پێدا کاریگەر نەبوو، بۆیە ناچار بوون لە ڕێگایەکی ترەوە بڕۆن، تا ئیتر نە یبینێت...
بەڵام بۆ لای کەس دەنگی ناکرد؟ بۆچی بە تەنیا هەڵ دەهات؟ ترسابوو بڵێن تاوانی خۆتە؟ ڕەنگە تاوانێکی کردبێت، بە بیری هاتەوە کە کچانی گەڕەک پیان وتبوو کە خۆت تاوانبار بووی کە ناوی خۆتت لە سەر درگاکەتان نووسیبوو. وایە ئەو تاوانبار بوو چوون لە وڵاتی ژنانی بێ ناو، ناوی خۆی خۆش ویستبوو...