
كە لەنێو لانكێدا بووم بەدەسرازەیەكی توند دەیانبەستمەوە و لە جوڵەیان دەخستم، ئەو جوڵانەی دەبێت هەموو كەس هەیبێ و ئازادیت تێدا دەدی، جوڵەیەك دەتتوانی وەك ئەوانیدی لاق و دەستی خۆت ببینی، وەلێ دەسرازەكە هێندە مەلعون بوو بەخۆوەی شەتەك دەدام و روی پێ لە عاسمانێ دەكردم، خۆ سەرلانكەكەش ئەوە دنیای لێ دەشاردمەوەو جگە لە دارێك و یەك دوو گوڵینگە هیچم نەدەدی، بەمساواییەم هەستم بەجیاوازی خۆم و ئەوانیدی دەكرد، ئاخر تەواوی خێزانەكەمان بەلاقی خۆیان دەڕۆشتن و بەدەستەكانیان نانیان دەخوارد و كوێیان حەز لێبا دەچوون، كەچی ئەمن لەنێو لانكەیەكدا دیل كرابووم بەستبوویانمەوەو جگە لەشیری دایەی هیچی دیان نەدەدامێ، هەر لەدرزی سەرلانكەكەوە دەمدی هەموو خێزانەكەم پێدەكەنن و منیش تا نەگریابام نەدەهاتنە سەرم، گەمەی زۆریان لەگەڵ دەكردم و شینە ماچی وایان لێدەكردم تەواوی كوڵمەم دەكەوتە نێو دەمیانەوە، ریشی باب و مام و بابەگەورەی هێندە زبر بوون ناچار دەگریام و ئەوانیش وازیان لێدێنام، وەلێ دایكم چونكە دەیزانی ناسكم و بەچ عەزابێكیش منی بووە زۆر بە نەرم و نیانی لەگەڵم دەجوڵایەوەو تەنانەت ماچیشی نەدەكردم تەنیا بۆنی دەكردم، ئەوەی كە زۆر زۆری عەزێتی دەدام هەر داكم بوو، كاتێك بە دەسرازەكە دەیبەستمەوە و لە جوڵەی دەخستم، وەلێ بەشیرە نایابەكەی هەموو شتم بیر دەچۆوە و دەچوومە خەوێكی قوڵەوە وەك ئەو خەوەی دوای گەورە بوونم بەجۆرە شیرێكی دی خەوتم و ئاودیوی سنووریان كردم.
خۆ بۆڕیەكیان بەنێو گەڵمدا رەوانە كردبوو دەتگوت ستوونە زۆری ئازار دەدام و هیچ دەسەڵاتیشم نەبوو، بۆیە ئەو سەردەمەی ساوایم زۆر قورس بوو، هەم شوێنم تەسك و هەم هیچ شتێ لە دەسەڵاتی خۆم نەبوو، خۆ كە لەكۆڵ لانكەش بوومەوەو هاویشتیانمە سەر دۆشەگان باشتر بووم، بەكەیفی خۆم لاق و دەستم دەجوڵاندن، ئەمما لەنێوان دایەو بابە دەنووستم ئەوانیش زۆرجاران جیقوفلیقیان دەكردمەوە هەتا واقەواقم نەكردبا لێم نەدەكشانەوە، دواتر دایە قومێك شیری دەدامێ و ژیر دەبوومەوە، بەو منداڵیەی خۆم هەستم بە زوڵم دەكرد و هەر بەگریان داوای ئازادیم دەكرد، داوای جێگەی تەنیا و ئازادی قسەكردن و سەربەخۆیی خۆم دەكرد.
*********
رۆژان رۆیشتن و پارچەڵە بووم، شیر خواردنم بیرچۆوە و هیوایەتم سواربوونی پشتی پیكاب بوو، دەمگوت لەوێدا ئازادی هەیە و بام وێدەكەوێ و چواردەوری خۆم بەجوانی دەبینم، دەتوانم شوێنی خۆم بگۆڕم و ئاوڕ لە دواوە بدەمەوەو بەهەموو منداڵان بڵێم ئەها سواری ئۆتۆمبێل بووم، هەروابێتەوە شوێنەكەی فراوانەو دەتوانم لاقانیش راكێشم، ئاخر بە منداڵی هەركات دایكم سواری پیكابەكە بووبا، ئەو پیكابەی بابم بۆ كاروبارەكانی خۆی كڕیبووی منی لەسەر كۆشیدادەنا، دەچووە كێڵگەی مەڕەكان و چەند سەتڵێك شیری لە پشتی پیكابەكە سوار دەكردو لە ماڵێ هەندێكی دەكردە ماست و هەندێكی دەكوڵاند و بەنانی گەرم دەمانخوارد، ئەمما تامی شیری دایەی نەدەدا، خۆ كەتۆزێك گەورەتریش بووم دەیانخستمە بەینی خۆیانەوە و لاقم سڕ دەبوون و شوێنەكە هێندە تەسك بوو وەك بەندیخانە دەهاتە بەرچاو، جیاوازیەكی لەگەڵ ئەورۆژانە نەبوو كە لە لانكێدابووم.
هێندە حەزم لە پشتی پیكاب بوو ئیرەیم بەئاژەڵەكانیشدا دەهات كەبۆ قوربانی یان گواستنەوە لەوێیان دەبەستنەوە، پێموابوو ئەوێ شوێنێكی ئازادترە لە پێشەوەی پیكاب كە هەمیشە بۆمن وەك بەندیخانە وابوو.
ئەو حەزەم هێندە لاشیرین بوو ناچار بووم ڕۆژێك لە گەڕەكی خۆمان بەدوای پیكابێك بكەوم تا سواری پشتەوەی بم، بەغاردان بەدووی دەكەوتم و شوفێرەكەش لە ئاوێنەكەوە چاوی لەمن بوو، نەیدەتوانی هێواشی كاتەوە یان ئیستۆپ بگرێ نەبا خۆی پێدادەم و شتێكم بەسەر بێ، منیش تینم دایە خۆم و دەستێكم گەیاندە پاشكۆی پیكابەكە شوفێرەكەش تا شتێكم بەسەر نەیا پێیلێنا لەو كاتەدا دەستم لەپشتی پیكابەكە بەر بوو، زۆر بەخراپی بەربوومەوە دەست و ئەژنۆكانم رووشان و پیكابی تاین رایگرت و بەشوفێرو جیرانەكەمان كەچاوی لە كەوتنی من بوو هەڵیانگرتمەوەو چاوەڕێی ئەوە بووم بمخەنە پشتی پیكابەكە و بمبەنەوە ماڵێ كەچی لەپێشێیان سوار كردم و بردیانمە نەخۆشخانە دوای تیمار كردنی برینەكانم بابم و كەسەكانم پەیدا بوون و جارێكی دی ئەمنیان سواری پێشەوەی پیكابەكەی بابم كردەوەو هێنایانمەوە ماڵێ، ئەوجارەش ئەو خەونەی یان ئەو حەزەی هەم بوو نەك نەهاتە دی بەڵكو دیسانەوە لە ماڵێیان عاسێ كردمەوەو نەیاندەهێشت بچمەوە كۆڵانێ.
***********
هەتا گەیشتمە تەمەنی هەرزەیش پیكابەكەمان مابوو كەچی ئەو خەونەم نەهاتە دی و هەرگیز نەیانهێشت سواری پشتەوەی پیكاب بم بەو بیانوەی هاوسەنگی لەدەست دەدەم و نەبا بپەڕم یان بكەومە خوارەوەو شتێكم بەسەر بێ.
ساڵ هاتوچوون و سمێڵم گوگرە بوون، تێكەڵی خەڵكی سیاسی و نیشتمان پەروەر بووم و زۆر جاران سواری جێب و كۆستەرانیش بووم، كەچی پشتی پیكابم هەر نەدی، هەتا جەلێكی لەگەڵ دوو لە هاوڕێكانم هەر بەپیاسە چووینە دەرەوەی شار و لەسەر چۆمی و لەبن سێبەری دارێك خەریكی قسە كردن بووین لەسەر سیاسەت و ئەوشتانەی زۆر كەممان لێدەزانی و كەوتبووینە ناوی، لێتان ناشارمەوە یەك لە برادەرەكان جۆرە خواردنەوەیەكی هێنابوو ئاوت تێكردبا وەك شیری لێدەهات، ئەمەش خەریكی خواردنەوەی ئەو شتە بووین، بۆن رازیانە ئەوناوەی داگرتبوو، راستی خەیاڵێكی زۆر خۆشی هەبوو، هەركە قومم لێدەدا شیرە نایابەكەی دایەم بیر دەهاتەوە، ئێمە لەو كەشە خۆشەدابووین كەچی هەموومان لێتێك چوو، لەپڕ شلەخەجێیەكی پڕ لە چەكدار پەیابوون و هەرچواردەوریان گرتین، تفەنگیان راكێشاو پێش ئەوەی تەقە بكەن ئەمە دەستمان بەرز كردەوەو ئەوانیش ئەفسەرێكی شەللاتیان لەگەڵ بوو لێمان هاتە پێش و فەرمانی پشكنینی جەستەمانی بە پاسەوانەكانی گەیاند، چی كاغەزی نێو باغەڵ و شتومەكی پێمان بوو لێیان ستاندین، ئەفسەرەكە تەماشایەكی خوانەكەی كردو شووشە عارەقەكەی هەڵگرت لە بەركی خۆی نا، ئیدی بەبێ دەست و چاو بەستنەوە سواری پشتی شلەخەجێیەكەیان كردین، لەوێ لەنێو ئەو شلەخەجێیە لە لایەك شەرمم دەكرد و لەلایەك دەترسام و لەلاكەی تریشەوە هاتنە دی خەونەكەم بوو، ئەمما ئازادیم نەدی و نەشمدەوێرا تەماشای چواردەورم بكەم تەنیا بام وێدەكەوت، كە گەیشتینە نێو شار سەرمان نەوی كرد و هەستمان بەشەرمەزاری دەكرد، چونكە گومانمان هەبوو هەندێك بە سیخوڕمان تێبگەن و هەندێكی دیش بە ترسنۆك، ئەمەیان بردە نێو فەرمانگەیەكی سەربازی لە ژوورێكیان هاویشتین دوای كاتژمێرێك لێپێچینەوە دەستی پێكرد و یەك یەك بانگیان كردین، تەواوی كاغەزەكانی نێو بەركیان خوێندبۆوەو جگە لە پەخشانی دڵداری و وەرەقەی تاقیكردنەوەی مانگانەی قوتابخانە هیچی دیان بەرچاو نەكەوتبوو، دوای ئەوەش هەرسێكمان هەمان قسەمان كردبوو كە تەنیا بۆ خواردنەوەو خۆشی چوینەتە سەر چۆمی، بۆیە كاغەز و شتەكانی نێو بەركیان داینەوە تەنیا ئەو چەقۆیە نەبێت كە لە باغەڵی هاوڕێیەكمدا بوو، ئەویشیان جیاكردبۆوەو گوتیان قوتابی نابێت چەقۆ هەڵگرێ، ئیدی ئەمەیان ئازاد كرد، بەڵام نەیانبردینەوە شوێنی خۆمان هەر لەدەركەیان وەدەرناین و گوتیان بچنەوە ماڵێ، كە هاتینە دەرێ چی كەسوكارمانە لەوێ بوون، هەبوو گوتبووی لەسەر دزی گیراون، هەش بوو گوتبوویان نا خوێڕیەتیان كردووە، هەشبوون بەسیاسی لەقەڵەمیان دابووین و دواتر بۆمان روونكردنەوە كە تەنیا لەسەر گومان گیراوین، ئیدی هاتینەوە ماڵ و بۆ یەكەمجار پشتی جۆرە پیكابێكم دی ئەمما بە دەستبەسەری و جگە لەبا كە پرچی ئاڵۆز كردم هیوایەتەكەم نەهاتە دی.
***********
رۆژەكان بەخێرایی گوللە دەڕۆیشتن و هەفتەو مانگەكانی ئاودیو دەكرد، ئەو رۆژگارە هێندە ناخۆش بوو لاو لەخۆی بێزار دەبوو، دوای تەواو كردنی خوێندن دەبوو بچێتە سەربازی و ئایندەمان دەكەوتە نادیارەوە، ئێمەش سێ چوار هاوڕێ بووین بڕیارمان دا نەچینە سەربازی و تا ماوەیەك هەر لەشار بین و خۆ بشارینەوە، هەندێ لە رۆژەكانیش بۆ مەست بوون دەچووینە نێو باخچەكانی رۆخ شاری و تا تاریك بوون نەدەگەڕاینەوە، هەركاتێكیش كە یەكەم پێكم تێدەكرد شیری دایەم بیردەهاتەوە و دواتر هەڵمدەدا باسی پشتی پیكابم دەكرد و لەلای هاوڕێكانم ببوە شتێكی ئاسایی هەموان تێگەیشتبوون كە سواربوونی پشتی پیكاب بۆمن خەونێكی لەمێژینەیە وەلێ ریكناكەوێ و ناكەوێ، یەك لە ئێوارەكان كە بڕیار بوو بچینە نێو باخچەكان و بخۆینەوە، تەواوی پێداویستیەكانمان لەنێو هەگبەكانمان بوو، هێشتا نەگەیشتبووینە شوێنی دیاریكراو دنیا تاریك دانەهاتبوو، كەچی چەكدارانی چیا خۆیان بەشاردا كرد و ئێمەیان لە پشتەوەی خۆیان بەجێهێشت و لەنێو شار و سەربازگە و مۆڵگەكانی دووژمن بووە ئاگر باران، كەپێشتر تەنیا دەنگی گوللەكان بوو ئەوجارەیان برووسكەی تۆپ و هاوەن و چەكی قورسیش شاری دە لەراندەوە، بەكونفەیەكونێك هەواڵی ئازاد بوونی ئەو شارۆچكەیە هەموو دنیای تەنی، هێشتا تەواو مەست نەبووبووین كە هاتینەوە نێو شار و دیتمان كەسەكانمان خۆیان كۆدەكەنەوە، ئەوەی پێویست بوو باریان دەكرد و دەنگۆی بۆردومانی سەخت و رژاندنی كیمیایی بەسەر شارۆچكەكەدا ترسێكی گەورەی خستبووە نێو دانیشتوانی شارەوە.
كە گەیشتمەوە بەردەمی ماڵەوەمان پشتی پیكابەكە پڕ بوو لە پێداویستی هەڵاتن و بابم بەتوڕەیی گوتی دیسان لە قولزەرقوت خواردنەوەی بووی؟ یەك كاتژمێرە لەسەرت راوەستاوین دەی سواری پشتی پیكابەكەی بە تا بەڕێكەوین، منیش زۆر زۆر بەو بارودۆخە دڵتەنگ بووم، لە هەمان كاتیش دنیایەك بەختەوەر بووم كە بابم بەدەمی خۆی گوتی سواری پشتی پیكابەكەبە و دەست بە شیشەكانەوە بگرە ئاگاداربە نەكەوی، چونكە پێشەوە داكم و خوشكم و یەك دوو منداڵی دی تێدا بوون، بەبێ دوودڵی سواری پشتەوەی پیكابەكە بووم و هەگبەكەشم كە هێشتا بەشی رۆژێكی دی عارەقی تێدا بوو لەگەڵ خۆم برد، سەرەتا زۆر زۆر بەكەیف بووم، پیكاب رۆیشت و منیش لەنێو كەلوپەلەكانی پشتەوەی پیكاب بەمەستی جێیەكی باشم بۆخۆم كردبۆوە، بام وێدەكەوت و تەواو ئازاد بووم هەڵبەز و دابەزی پیكابەكەشم پێخۆش بوو، بەڵام كە هەڵاتنی شارێكم دەدی مەستیم خاو دەبۆوەو حەزەكانم كاڵ، رێك لەوكاتەی كە زۆر برسیم بوو رانم بە پرێسكەیەكی گەرم كەوت، كە كردمەوە یەك مەنجەڵ قاورمە بوو، تومەز ماڵێ فریای خواردنی نەكەتبوون بۆیە نەمكردە دوودڵی دەستم بەخواردنی كرد، ئەتۆ وەرە بیهێنە بەرچاوی خۆت لە پشتی پیكاب كە هیوایەتەكەت دێتە دی، دواتر خوانی چەور و خواردنەوە، دەبێت چ لەزەتێكی تێدابێ؟
هێشتا سەرم دەسوڕا كە لەشار دەرچووین، لەرێیە تووشی یەك لە برادەرەكانی خۆم بووین كە تازە لە باخچەكە یەكتریمان جێهێشتبوو ، بابم ناسیەوەو ئەویشی هەڵدایە پشتی پیكابەكە، سەركەوت و گوتی: ماڵێ جێیان هێشتووم، باشە لێرە یەكتریمان گرتەوە، ئەویش هەگبەكەی خۆی پێبوو، فەرمووم لێكرد و دەستی بە قاورمە خواردن كرد، كاتێك لەشار دەرچووین دیتمان نەتەوەیەك روویان لە چیا كردووە، ئەوەی ئۆتۆمبێلیشی نییە بە هەگبەیەكەوەو بەپێیان شار جێدێڵێ، من و هاوڕێیەكەشم بە مەستی فرمێسكمان دەڕشت، من هەستابوومە سەرپێ و لە دڵی خۆمدا دەمگوت ئەو ئاواتەی هەم بوو لە نێو جەنگ و بارینی كیمیادا بەریەك كەوتن، شار ئازاد بوو، وەك چۆن من ئازادیم لە پشتی پیكابدا دی، ئێستا ئازادی شار و ئازادی نێو لانك و ئازادی خۆم جێدەهێلێن و شار بە خنكان دەسپێرین، شار دەدەینە دەست دوكەڵێكی سپی و خەریكی دواین هەناسەكانیەتی، باخچەكان دەترسن و ئاوی كانیەكان بەترسەوە دێنە دەرێ، لە پشتەوەی پیكابێكدا بەپێوە وەستاوم و با لە پرچی دەدام و مەستیەكەی كاڵ دەكردمەوە، بابیشم بەجۆرێك دەیهاژۆشت وەك ئەوەی سەدان فرۆكە بەدوایەوە بن، ئێمەش لە دواوە چی لە هەگبەكەماندا بوو لەنێو ئەو تاسە و ترس و تۆقینەدا پێك لەدوای پێك بەتاڵمان دەكردەوە، هەندێ جاریش بە لاملماندا دەڕژا، ئەو پێكانەی هەروەك شیری دایە بوون، وەك شیری ئەو مەڕانەی جێمان هێشتن و بە كەڵبەی گورگمان سپارد، دەڕۆیشتین و شاری ئازاد كراومان بۆ سەگ و پشیلە بەڕەڵڵاكان جێهێشت، هێندەی چاومان لە ئاسمان بوو هێندە تەماشای شارمان نەدەكرد، ئاخر هەموو فرۆكەكان هەموو بەڵایەكان بەوێدا دەهاتن و ئێمەیان دەكردە نیشانە.
پێشتر نەماندەتوانی تەنیا یەك كاتژمێر بچینە بازاڕو لە پیاوانی دووژمن دەترساین، كەچی ئێستا شار ئازادە و جێیدەهێڵێن، بەجۆرێك مەست ببووین وامهەست دەكرد كۆلارەین و بەئاسمانەوەین، دەفڕین و ئەو ئازادیەی تەمەنێكە داوای دەكەین بە راكردن دێتە دی، شارۆچكەكەمان تا دەهات بچوكتر و ترسناكتر دەبۆوە، یادگاریەكانمان جێدەهێڵین و منداڵیمان بەقەدەر دەسپێرین، هەرچەندی پێكمان هەڵدەدا، هێندە بۆنی رازیانەمان لە دوای خۆمان جێدەهێشت، بۆنێك پێموانیە بۆنی كیمیایش ئەوی پێ بشاردرێتەوە، هێندە مەست بووین لەنێو پشتی پیكابێك كە خەونی دەیان ساڵەم بوو هاتەدی، وەلێ خەونە گەورەكەم بزر كرد، ئازادییمان لێ بەردەبۆوە و ئاوارەیمان هەڵبژارد.
تا ئەو شوێنە ئاگام لەخۆم بوو كە لە مەستیان لار بوومەوە و برادەرەكەم توند منی گرتەوەو لەنێو پیكابەكەدا و هەر بەسەر نوێن و شتومەكدا درێژی كردم، دواتر كە چاوم كردەوە، سەرلانكەیەكی بۆریان بەسەردادابووم و وەك تەمەنی منداڵی دەتگوت لەنێو لانكەدام، كە باشتر بەهۆش خۆم هاتمەوە بۆنی شیری دایكم بۆ هات، هاتە لام و ماچی كردم، گوتی كوڕم زۆرت خواردبۆوە شەو و رۆژێكە لە پشتی پیكابەكەیدا نووستووی، ئێستا ئەوا لە ئۆردووگایەك ئاوارەین و لەسەر ئەو هەموو ماڵوحاڵەی خۆمان یەك خەیمەیان داوینێ، خەیمەیەك وەك سەرلانكەكەی ساوایت.
2025
لە گۆڤاری رامان ژمارە 346 بڵاوبۆتەوە
