
حەمەسەعید حەسەن
(هه‌موو شیعرێکی جوان دوو شیعره،
ئه‌وەی دووه‌میان زمانه‌که‌یه‌تی.)
تزڤێتان تۆدۆرۆڤ که له ١٩٣٩دا له سۆفیا چاوی به ژیاندا هه‌ڵێناوه، له (١٩٦٣)ه‌وه له فه‌ره‌نسا ده‌ژی، نووسه‌ر نییه، بیرمه‌ند و ته‌نانه‌ت فه‌یله‌سووفیشه، له بواره‌کانی مێژووی فیکر، تیۆریی ئه‌ده‌ب و دیرۆکی کو‌لتووردا به‌رهه‌می گرنگی هه‌یه و تا هه‌نووکه بیست و یه‌ک کتێبی بڵاو کردووه‌ته‌وه. لای عه‌ره‌ب هه‌م نووسه‌ر هه‌یه و هه‌م موئه‌لیفیش، هه‌موو موئه‌لیفێک نووسه‌ره، وه‌لێ هه‌موو نووسه‌رێک موئه‌لیف نییه. نووسه‌ر که‌سێکه ته‌نیا توانای نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی هه‌یه، به‌ڵام موئه‌لیف، که‌سێکی داهێنه‌ری خه‌یاڵفراوانه، توانای داهێنانی دنیای تازه‌ی هه‌یه و وه‌ک نه‌جیب مه‌حفووز سه‌دان کاره‌کته‌ر ده‌خوڵقێنیت.
که ژێرار دو نێرڤال درامای(فاوست) ده‌کاته فه‌ره‌نسایی و گۆته ده‌یخوێنێته‌وه، هێنده پێی سه‌رسام ده‌بێت، ده‌ڵێت: وه‌رگێڕانه‌که‌ی نێرڤال ئه‌وه‌نده له ئۆرگیناڵه‌که‌ی من جوانتره، ئیدی ناخوازم فاوست به ئه‌ڵمانی بخوێنمه‌وه. خوێنه‌ر که سه‌رنجی یه‌که‌مین بابه‌تی، ژماره (٦٣)ی گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق ده‌دات، سه‌ره‌تا وا ده‌زانێت، باسی (ئێمه و ئه‌وانی دیکه) به‌رهه‌می (که‌ریم ده‌شتی)ی شاعیره، ئاخر به ناو و به وێنه‌ی خۆیه‌وه بڵاوی کردووه‌ته‌وه، که‌چی پاش هه‌ڵدانه‌وه‌ی پێنج په‌ڕه که ده‌کاته ده لاپه‌ڕه، له په‌راوێزدا نووسراوه: (ئه‌م نووسینه هی تودوروفه، هه‌ر چیم لێ به باش زانی، کردم به کوردی و شته زیاده‌کانیشم لێ وه‌ده‌ر نا.)(١)
ئه‌و بلیمه‌ته ناوی تودوروف نییه، (تۆدۆرۆڤ)ی ناوه و بیرمه‌ندێکه له ئاستی (ڕۆمان یاکۆبسۆن و ڕۆڵاند بارت)دا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نووسه‌رێکی ناوداریش نه‌بێت، که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه، بێ مۆڵه‌تی خۆی، کلک و گوێی تێکستێکی بکات و (چاک)ی له عه‌ره‌بییه‌وه بکات به کوردی و (خراپ)ی لێ وه‌ده‌ر نێت! ناوی (تۆدۆرۆڤ) له حه‌وت حه‌رف پێک هاتووه، ئاخۆ وه‌رگێڕی کورد، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، چواریان به هه‌ڵه بنووسێت؟ به مه‌رجێک هیچ کام له حه‌رفه‌کانی ناوی تۆدۆرۆڤ به ئه‌لفوبێی کوردی نامۆ نین! له ئه‌ورووپا هیچ وه‌شانخانه‌یه‌ک، بێ مۆڵه‌تی نووسه‌ری ئۆرجیناڵ، کتێبێکی وه‌رگێڕدراو بڵاو ناکاته‌وه، با وه‌رگێڕ به‌وپه‌ڕی ده‌ستپاکیشه‌وه، تێکسته‌که‌ی وه‌رگێڕابێت. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ناوی وه‌رگێڕ به وردی له ناوه‌وه ده‌نووسرێت. من نووسینی تۆدۆرۆڤم هه‌م به عه‌ره‌بی و هه‌م به سوێدییش خوێندووه‌ته‌وه و لێی تێگه‌ییشتووم و وه‌ک سه‌رچاوه‌یش که‌ڵکم لێ وه‌رگرتووه، وه‌لێ وه‌رگێڕانه‌که‌ی که‌ریم ده‌شتی هێنده سه‌رپێییه، خوێنه‌ر نزیکه‌ی هیچی لێ حاڵی نابێت و ده‌شێت گریانیشی بۆ تۆدۆرۆڤ بێت.
(وه‌رزێک له دۆزه‌خدا) به‌رهه‌مێکی ناوداری ڕامبۆیه، به مانای وه‌رزێک له‌ناو دۆزه‌خدا، دێت، که‌چی که که‌ریم ده‌شتیی شاعیر له عه‌ره‌بییه‌وه کردوویه به کوردی، هه‌ر له ناونیشانی نامیلکه‌که‌وه سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه، ئاخر له‌بری ئه‌وه‌ی بنووسێت: وه‌رزێک له دۆزه‌خدا، یان: وه‌رزێک له‌ناو دۆزه‌خدا، نووسیویه‌تی: وه‌رزێک له دۆزه‌خ!(٢) جیاوازیی نێوان وه‌رزێک له دۆزه‌خ و وه‌رزێک له دۆزه‌خدا، ته‌واو وه‌ک جیاوازیی نێوان ژنێک له ئاگر و ژنێک له ئاگردا وایه، که یه‌که‌میان به مانای ژنێکی گه‌رموگوڕ و دووه‌میشیان به مانای ژنێکی کڵۆڵ و لێقه‌وماو دێت.
که‌ریم ده‌شتی خه‌ریکی له فارسییه‌وه وه‌رگێڕانی ڕۆمانی (دایک)ی (پێرڵ باک)ه (١٨٩٢ - ١٩٧٣) که له ١٩٣٤دا خه‌ڵاتی نۆبڵی له ئه‌ده‌بدا وه‌رگرتووه، وه‌لێ وا پێ ده‌چێت، ستەم له‌و ڕۆمانه بکات، ئاخر ئه‌وه‌تا نووسیویه‌تی: (ژنێکی میهره‌بان و نازه‌نین بوو، ڕووخسارێکی خڕکه‌لانه و که‌سکوونی هه‌بوو،)(٣) که‌سکوون، بۆ باسکردنی بۆنی توند و تیژ ده‌ست ده‌دات، نه‌ک بۆ ڕووخساری ژنێکی میهره‌بان و نازه‌نین. یان: (کورسییه‌کی هه‌ڵگرت و به سه‌ریا ڕۆ نیشت.) له‌سه‌ری بۆ ئه‌و جێیه دروسته. یان: (پیرێژن که‌وته ده‌نگه‌وه و گوتی.) هاته ده‌نگ، ڕاسته. وه‌رگێڕان بریتییه له ڕۆنانی پرد له نێوان دوو کو‌لتووردا، هه‌قه ئه‌و شاعیره‌ی توانای ڕۆنانی ئه‌و پرده‌ی نییه، توخنی وه‌رگێڕان نه‌که‌وێت، ئه‌گه‌رنا مێژووی ئه‌ده‌بیی خۆی بریندار ده‌کات، ئاخر مه‌رج نییه هه‌موو شاعیرێک له بواری گه‌مه‌ی وه‌رگێڕانیشدا، یاریزانێکی لێهاتوو بێت.
ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی ده‌ڵێت:
به‌ڵام که ده‌گه‌یته دوا ئۆرگازم
ژووانم زاخاو ئه‌ده‌ی
به نهێنی کاتژمێر له سێداره ده‌ده‌ی.(٤)
دوا، هه‌ڵه‌یه، لوتکه‌ی، دروسته. زاخاو ئه‌ده‌ی، هه‌ڵه‌یه، زاخاو ئه‌ده‌یته‌وه، دروسته، ئه‌مانه وێڕای ئه‌وه‌ی، ناکرێت له ڕسته‌ی یه‌که‌مدا، کرداری ڕانه‌بردوو به (ئه) و له ڕسته‌ی دووه‌مدا به (ده) بنووسین. یان: (من له‌م سه‌ری ته‌نیایییه‌وه ده‌گه‌مه ئه‌و سه‌ری ته‌نهایی. ل٧٢) ئاخۆ ئه‌وه ده‌کرێت له هه‌مان ڕسته‌دا، ته‌نیایی به دوو شێوه بنووسین؟
(که‌چی نه‌وتوانی بگه‌ڕێیته‌وه،
که‌چی نه‌وتوانی تا سه‌ر عاشق بی. ل٥)
نه‌وتوانی، زۆر لۆکاڵییه، نه‌تتوانی، دروسته. یان ده‌ڵێت:
(نه‌یتوانی گوێ له چرکه‌چرکی دڵێک بگرێ. ل٧) چرکه‌چرک، بۆ ئامێر ده‌ست ده‌دات نه‌ک بۆ دڵ.
دڵشاد عه‌بدوڵڵا که ڕامانێکی نزیک له فه‌لسه‌فه له شیعریدا هه‌یه، ده‌ڵێت:
(ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی داویه‌تییه پێشه‌خۆی.)(٥)
داویه‌تییه، له‌سه‌ر زار زۆر ناخۆشه و ڕیتمی دێڕه‌که‌شی شێواندووه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی کردار ده‌بێت بکه‌وێته کۆتایی ڕسته‌وه. پێشه‌خۆی، ناوچه‌یییه، وا جوانتربوو، بڵێت: ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی وه‌پێش خۆی داوه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
له جیهانێکدا که توندوتیژی ڕکێفی کردووه
هێمنترین شه‌قامی به ناوی خۆم ناو ده‌نێم. ل٢٣
دووباره‌کردنه‌وه ناو، له هه‌مان ڕسته‌دا، شاعیرانه نییه، ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی (به ناوی خۆمه‌وه،) دروسته، (به ناوی خۆم) ڕاست نییه. بریا گوتبای: (ناوی خۆم له هێمنترین شه‌قامی ده‌نێم.)
بانگی ئێواره
کۆتره‌کانی سه‌ر دیواری مزگه‌وتی هه‌ڵفڕاند
کۆنسێرتی بازاڕ
به شه‌ققه‌ی باڵیان ته‌واو بوو. ل ١٦
به‌و چه‌ند وشه که‌مه، به زمانێکی ستانداردی پاراوی تژی له میوزیک، دڵشاد عه‌بدوڵڵا وێنه‌یه‌کی شیعریی چه‌ند جوانی کێشاوه، وێنه‌یه‌ک که تێیدا چاومان له فڕینی کۆتر و گوێمان له شه‌ققه‌ی باڵی ده‌بێت. ئه‌وێک که توانای نووسینی به زمانێکی ڕه‌وانی ستاندارد هه‌یه، هه‌ق نه‌بوو بڵێت:
(تاریکیم بۆ چییه؟ له کێی دانێم؟ ل١٠١) کوێ بۆ ئه‌و جێیه دروسته، کێ، بۆ که‌س ده‌بێت نه‌ک بۆ شوێن. ده‌زانم شاعیر له‌وه تێده‌گات، وه‌لێ ئه‌وه پێبه‌ندبوونه به دیالێکتی هه‌ولێره‌وه، ئه‌وی دووچاری ئه‌و ته‌ڵزگه‌یه کردووه. که (نوستووه، کردووه و دۆڕاندووه) هه‌بن، شاعیرێکی وه‌ک دڵشاد عه‌بدوڵڵا نه‌ده‌بوو بنووسێت:
دنیا بێباک نوستییه،
خه‌و چوارچێوه‌ی بۆ دروست کردییه،
ئه‌وان به خه‌و جه‌نگیان دۆڕاندییه. ل١٤٧
له دیوانی سارا فه‌قێ خدردا گه‌لێک ڕسته‌ی وه‌ها شیعری و سه‌رنجڕاکێش هه‌یه:
(ئازارێک به کۆڵانه‌کانی جه‌سته‌مدا پیاسه ده‌کات
غوربه‌تێک له چیمه‌نی ڕۆحمدا پاڵ که‌وتووه.)(٦)
ئه‌وێک که له‌سه‌ر وشه‌ی کوردی په‌کی ناکه‌وێت، هه‌ق نه‌بوو ڕسته شیعرییه‌که‌ی ئاراگۆن به عه‌ره‌بی بنووسێته‌وه، ئاخر خۆ ئه‌و شاعیره، به فه‌ره‌نسایی نووسیویه‌تی نه‌ک به عه‌ره‌بی. باشتر وابوو له‌بری: (إغلقی الأبواب و النوافذ، سأبوح بسر عظیم،) نووسیبای: (ده‌رگە و په‌نجه‌ره‌کان دابخه! نهێنییه‌کی مه‌زن ده‌درکێنم.)
مه‌مک له تیرانا
بوومه‌له‌رزه‌یه‌که نه‌سره‌وت
که‌چی نه کڵێسایه‌ک به لادا دێ
نه مناره‌یه‌ک لار ده‌بێته‌وه
نه له‌ناو ده‌ستی سه‌رخۆشێکدا
په‌رداخێک وردوخاش ده‌بێت.(٧)
یان شیعر مه‌نووسه، یان که نووسیت، شتێکی جیاواز له‌وه‌ی باوه، بنووسه. قوبادی جه‌لیزاده یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ی جیاواز ده‌نووسێت و زمانی هێنده خاوێنه، هه‌ر ده‌ڵێیت به تریفه‌ی مانگ پاکژی کردووه‌ته‌وه. هیچ له‌وه ناچێت کۆتری شیعری ئه‌و له هێلانه‌ی ده‌مییه‌وه له شه‌ققه‌ی باڵ بدات، ئاخر وشه‌کانی هه‌ر له کڵپه‌ی ئاگرێک ده‌چن که کوانوویان دڵێکی ئه‌ڤیندار بێت، ئه‌وه بۆیه شیعره‌کانی به‌رده‌وام تووشی شۆکمان ده‌که‌ن و هانمان ده‌ده‌ن له‌نێوان ئه‌ڤین و قیندا، هه‌میشه یه‌که‌میان و له‌نێوان شه‌ڕ و ئاشتیدا، به‌رده‌وام دووه‌میان په‌سه‌ند بکه‌ین.
گۆ، قوفڵی مه‌مکه
کلیله‌که‌ی، لێوه. ل٢٥٧
*
(١) که‌ریم ده‌شتی، ئێمه و ئه‌وانی دیکه، نه‌وشه‌فه‌ق، ژماره ٦٣ کانوونی یه‌که‌می ٢٠٠٨ ل١٤ ده‌زگای شه‌فه‌ق، که‌رکووک.
(٢) ئارسه‌ر ڕامبۆ، وه‌رزێک له دۆزه‌خ، وه‌رگێڕانی که‌ریم ده‌شتی، کتێبی گیرفان ٩١ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ٢٠٠٧ سلێمانی.
(٣) پێڕل باک، دایک، وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: که‌ریم ده‌شتی، نووسه‌ری نوێ. ژماره ٤٤ ل٩٨ کانوونی دووه‌می ٢٠٠٩ هه‌ولێر.
(٤) ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، پاییزێک به پاڵتۆی کانوونێکه‌وه، ل١٠ له بڵاوکراوه‌کانی یه‌کیه‌تیی ژنانی کوردستان ٢٠٠٨ چاپخانه‌ی ته‌وار، سلێمانی.
(٥) دڵشاد عه‌بدوڵڵا، گه‌یشتن به ئاگر، ل١١ ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٨ هه‌ولێر.
(٦) سارا فه‌قێ خدر، سروودی فڕین، ل٦٧ چاپخانه‌ی مناره ٢٠٠٨ هه‌ولێر.
(٧) قوبادی جه‌لیزاده، خۆر له‌ناو په‌رداخێکی شکاودا، ل٢٧ ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٨ هه‌ولێر.