محمدی مام ڕەسوڵ
وەکو پایز
بەکزەبایەکەوە دێم
لەگەڵ باران
دەستە ساردەکانت دەگرمەوە
گەر شنەیەکت ،
بەر تەرمیناڵی ئەو حەنینەم دەکەوێت
وەک لێکردنەوەی گێلاسی ماچە بەبڕکی شیعرێکەوە !
تۆ لە کێ دەتۆرێ ی
ئەی ڕاکردوو لەسێبەرەکانی شێتیم
ئەی بزر تر لەماچەکانی زەمەن
بۆ ئەوقیامەتە
کاممان ڕستەیەکی داوە لەیەخەی خۆی ؟!
من بەر پرسیارم لەوشەوەی لەباوەشتا
سەری کاسم خستە بەر سەناریەکانی هەناسەت و
ئەستێرەیەکم لێکردەوە
ئاگرێک بەدەستمەوە بوو بەسروود
ڕوبارێک لە کەمیندا لرفەی دێ
تێگەیشتم عیشق نەبێ ،
چۆن پێکەنین لەڕەگی شیعرێک بەردەبێتەوە
چۆن نەخشەی ئەو کیشوەرە دەگۆڕێ ؟!
بۆئەوەی ئەوەندە بیرت نەکەم
هەموو شەوێک
پێش ئەوەی دەواری ناڵینم کۆکەمەوە
پێش ئەوەی لە قیامەتی خۆما
شیعرێک لەسووتانی شەراب وەردەم
شەڕ بەو قەڵەمە دەفرۆشم
تا مەست بوون
ئاگر ناخاتە ناو پەرداخێکەوە !!
چۆن دەتەوێ ئاوا لەمەراقی خۆتدا ڕەنگم کە !
بەقسەی من مەکە
بمدوێنە تا لەکەلی ئێوارەیەکی ئاڵ عەتر هەڵدێ
ئەوەندە لە مەرکانەی عیشقا جێم بهێڵە
تا پەرداخێک دڵی دەشکێ،
تا چرچی سێبەرێک بە پێستی مانگەوە نامێنێ
ئەوەندە بانگت دەکەم
تا وەک چەمێکی پیر دەنگی جۆگەلەم بیردەچێتەوە !!
خۆت دەزانی !
چەند حەزم لە روبارە
تا شل دەبی بەڕۆخی لەنجەکانیا ڕاوم بنــێ
ڕاوم بنێ تا شارێکم لە قەسیدە وێران دەکەی
تا تریفە لە گۆلمی نیوەشەودا ڕادەچەنێ !!
وەرە با پێکەوە بەهار بەشکەین
قەسیدەیەک بکەین بەماڵ ،
پایز بکەین بەدوو لەتەوە
بۆ ئەوەی ئەوەندە بیرت نەکەم
پارچەکانی بیرەوەریم لەت و پەت کە !
فێرم کە ،
من فێری لای نازنازەکانی ئێوارەی تۆم
هەموو کتێبەکانم هەڵدەرە ناو قیامەت
لەشیعرم کە !!