
چەند سەرنجێك لەبارەی كتێبی "مانفێستی دایك"ی شێرزاد حەسەن
دایكایەتی و بوون بە دایك، یەكێكە لەو گۆڕانكارییە فسیۆلۆژی، دەروونی، بایەلۆژی و پەروەردەییانەی دوای چوونە نێو ژیانی هاوسەرگیری بەسەر ژندا دێن. بێگومان بوون بە دایك و لە ئامێزگرتنی كۆرپەیەك، خەونی هەرە گەورەی هەموو ژنێكە؛ بەتایبەتیش لە كۆمەڵگەیەكی نەریتی و خێڵەکەیی وەك كۆمەڵگەی كوردی. لەم جۆرە کۆمەڵگانەدا، ئەگەر ژنێك دوای هاوسەرگیری منداڵی نەبێت و نەتوانێت ببێتە دایك، بەداخەوە تووشی چەندان تەشەر و تانەی كۆمەڵایەتی، خێزانی و پیاوسالاری دەبێتەوە. هەموو ئەمانە فشارێكی گەورە لەسەر بوون و ژیانی ژن دروست دەكەن، كە زۆرجار باجی گەورەی لەپێناودا دەدات و دەبێتە قوربانی؛ یاخود بەردەوام لەنێو ترس و فۆبیای هەوێداری و ژنهێنانی دووەم لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەژیت.
دایك زۆر پیرۆز و گەورەیە. ناپۆلیۆن دەڵێت: «گەورەترین قوتابخانەی ژیانی مرۆڤ دایكایەتییە». هاوکات ماکسیم گۆركی—سێمبۆلی ئەدەبی ڕووسی و جیهانی—ڕۆمانێكی بەناوبانگی بەناوی (دایك) هەیە، تا مرۆڤایەتی ماوە لە ڕەهەندی واتایی خۆی ناكەوێت و یەكێكە لە شاكارە هەرە دیارەكانی ئەدەبی جیهانی. بۆیە دایكایەتی، وێڕای ئەوەی ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و خێزانییە، هاوكات یەكێكیشە لە پێدراوە هەر مەزنەكان، چونكە هەموو نەوەیەك لەڕێگەی دایكەوە دێتە بوون و پەروەردە دەكرێت.
ژنان بەگشتی لە هەر شوێنێك بن، ئارەزوو دەكەن ببنە دایك و بڕوایان وایە هاوسەرگیری بەبێ ئەوەی ئەزموونی دایكایەتی تیادا تاقیبكەنەوە، كەلێنێكی گەورەیە لە ژیانیان. مەبەستی ئێمە لەم نووسینەدا ئەوە نییە كەدایكایەتی لە ژیانی ژندا پێویست نەبێت، یاخود ئەو خەونە گەورەیەی ژن نادیدە بگرین؛ بەڵكو مەبەستمان ئەوەیە: ئایا دایكایەتی لە ژیانی ژندا دوا وێستگەی ژنێتییە؟ کاتێک ژن بوو بە دایك، ئیدی لە ژیانی ئەودا هەست و شوناسێك بە ناوی «ژنێتی» نامێنێت—وەك ئەوەی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە؟ یان ژنان دەتوانن بەبێ ئەوەی دایك بن و منداڵ بخەنەوە هەر «ژن» بن؟ چونكە ئەوان ماكینەی منداڵخستنەوە نین! ئایا گەر ژنێك نەبوو بە دایك، مانای وایە چەند پلەیەك لە خوار ئەو ژنەیەکە کە دایكە؟ ئایا میهرەبانی تەنها لە دایكایەتیدایە، یان دەشێت هەموو مرۆڤێك میهرەبان بێت و هەموو دایكێكیش میهرەبان نەبێت؟
كتێبی (مانفێستی دایك) کە ستاییشنامەی دایكە و شێرزاد حەسەن نووسیویەتی، باس لە شوناسی مێ و ئەو ستەمە مێژوویی، نەریتی و كۆمەڵایەتییە دەكات كە ژن لە كۆمەڵگەی ئێمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێیدا تێپەڕ دەبێت. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە شتێكی نوێ و تازە نییە، بەڵكو دووپاتكردنەوەی هەمان ئەو باس و بابەتانەیە كە سی ساڵە ئەم نووسەرە باسیان دەكات، بێ ئەوەی ئەو هەموو گۆڕانكاری و كرانەوە ژیاری و كۆمەڵایەتییەی هاتوونەتە ئاراوە لەبەرچاو بگرێت. لە تێڕوانینی ئەم نووسەرەدا وا دەردەکەوێت ئێمە هەنگاوێكیش پێشنەنەکەوتووین؛ کچان ناتوانن ئاشقایەتی بکەن، كوڕان و كچان لە زانكۆ تێكەڵ نابن، باوكان هەموو دەسەڵاتێكیان بەسەر كوڕەكانیانەوە هەیە، و پیاوان لەسەر بازاڕكردن و چوونە پارك و سەفەر ژنەكانیان دەكوژن. ئەمانە و چەندان نەریتی دیكە كە سەردەم گۆڕیونی، بەڵام لە هزری ئەم نووسەرەدا (كە کەوتۆتە تەمەنەوە و توانستی نووسینی بەرەو لاوازی دەچێت) هەروەكو خۆیان ماونەتەوە.
بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە كە ژنكوژین بە ناوی شەڕەفەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا نەمابێت، بەڵام ناكرێت چاو لەو هەموو كرانەوە ژیاری و كۆمەڵایەتییە بپۆشین كە ڕوویان داوە. ڕەوشی كچان و كوڕان، پەیوەندی هاوسەرگیری، مافەكانی ژن و كرانەوەیان بەڕووی سەردەمدا لە ئێستادا بە شێوەیەكی بەرفراوان ڕووخساری كۆمەڵایەتیی ژیانی ئەم سەردەمەن. کەچی لە تێڕوانینی نووسەردا ئێمە هەر وەكو خۆین و هیچ نەگۆڕاوە و کوردستان «تۆرابۆرا»یە! ئەی ئەو هەموو خەباتە فێمێنیستی، چەپ و ڕێكخراوەییە لە کوێن؟ ئەی ئەو هەموو ڕێكخراوانەی ژنان و ئافرەتانی پێشكەوتووخواز كە ساڵانێكی درێژە خەبات لەپێناو مافەكانی ژنان و یەكسانییان لەگەڵ پیاواندا دەكەن، هیچیان نەكردووە؟ ئایا ئێمە هێشتا هەر لە شەستەكاندا دەژین؟ بەڕاستی ئەم تێگەیشتنەی نووسەر یەكجار هەڵەیە، چونكە تا ڕادەیەكی زۆر واقیعەكە گۆڕاوە. واقیعی ئێستای كۆمەڵگەی كوردی زۆر جیاوازە لە پێشووتر، بەڵام لەبەر هر هۆكارێك بێت، ئەم نووسەرە بەڕێزە دەقی بە ڕابردووەوە گرتووە!
سەرەتا گەر لە ناونیشانی كتێبەكە بڕوانین، دەبینین ستاییشنامەكە تەنها بۆ دایكانە. ڕوونیشە بۆ ئەوەی ژنێك ببێتە دایك، دەبێت منداڵی ببێت؛ واتا بەبێ ئەو گۆڕانكارییە جەستەیی و فسیۆلۆژییە، ژن نابێتە دایك. کەواتە دەبێت منداڵی هەبێت تا پێی بگوترێت دایك و مافی ئەوەی هەبێت لەلایەن نووسەرەوە ستاییش بكرێت! پرسیار لێرەدا ئەوەیە:
• ئەو ژنانەی لەبەر هەر هۆكارێك منداڵیان نییە و نەبوونەتە دایك، ئایا نابێت ستاییش بكرێن؟
• ئایا ژن هەر دەبێت ببێتە دایك تا پلەیەکی كۆمەڵایەتی بەرزتری پێ بدرێت؟
• ئایا ژنێك بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت بەسۆز و میهرەبانە، هەر دەبێت دایك بێت؟
لە ڕاستیدا ئەم تێگەیشتنە و ئەم ناونیشانە شایەنی ڕەخنەلێگرتن و ڕەتكردنەوەیە، چونكە ژنێتی لە پێش دایكایەتییەوەیە. ژن مرۆڤە بەر لەوەی بێتە ئافرەت، ژن، خاتوون، دایك، مێردمردوو، خاوەن بڕوانامە یان نەخوێندەوار، شوودار یان بێ شوو، ژنی ماڵ یان خاوەن پیشە. بۆیە گەر ستاییشێك هەبێت، دەبێت ستاییشی ژن بێت نەک دایك بە تەنها.
ئەم تێڕوانینەی نووسەر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە دایكان هێمای میهرەبانی و سۆز و بەزەیین؛ بەڵام ئەمەش دیسانەوە ئەو پرسیارە دروست دەكات: ئایا هەموو دایكان وان؟ بێگومان هەموو میهرەبانێك دەکرێت دایك بێت، بەڵام هەموو دایكێك میهرەبان نییە! مەرج نییە هەموو دایكێك هێمای سۆز و بەزەیییەکی بێسنوور بێت، یان قوتابخانە بێت بۆ منداڵەكانی (هەر بۆ نموونە من سەرەتاییترین بنەمای ژیانم لە دایكمەوە فێر نەبوومە؛ لێرەدا باسی بەخێوكردن ناكەم—كە گیانەوەرانیش بێچووەكانیان بەخێو دەكەن—بەڵكو باسی بە قوتابخانەبوونی دایك دەكەم). كەواتا مەرج نییە هەموو دایكێك هێمای میهرەبانی بێت و ستاییش بكرێت.لە بەرامبەردا، ئەو كچەی پارچە شكاوەكانی دڵی كوڕێك لە ئەشقێكی تێكشكاودا كۆ دەكاتەوە، لە دایكێك بۆی میهرەبانترە. ئەو پێشمەرگەیەی سنگی خۆی دەداتە بەر گولە تا بەر هاوڕێكەی نەکەوێت، لە دایكی پێشمەرگەكە میهرەبانترە. ئەو زیندانییەی دانپێدانان لەسەر هاوڕێكانی ناكات و قوربانی بە خۆی دەدات، لە دایكێك بەخشندەترە. بۆیە ناونیشانی كتێبەكە بەو شێوە گشتییە هەڵەیە و ئەوەی پێویستە ستاییش بكرێت دەبێت «ژن» بێت، چونكە هەزاران ژن هەن ژیان دەرفەتی ئەوەیان پێ نادات ببنە دایك.
هەڵبەتە دایك بۆ منداڵەكانی خاوەن سۆز و خۆشەویستییەکی بەهێزە، بەڵام ئەم پەیوەندییەش بەپێی دۆخی كۆمەڵایەتی دەگۆڕێت. بە هەزاران كوڕ هەن دوای هاوسەرگیری، ئەو دایكەیان فەرامۆش كردووە كە لایان پیرۆزترین بوونەوەر بووە! بە هەمان شێوە كەم نین ئەو دایكانەی دوای ژنهێنانی كوڕەكانیان، بە چاوێكی دوژمنكارانە سەیری بووكەكەیان دەكەن و لە ڕقی بووكەكەشیان، كوڕەكەی خۆشیان لە بەرچاو دەكەوێت. هەست و سیفەتە مرۆییەکان بەپێی گۆڕانكارییەکانی تەمەن و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. بۆیە جەختكردنەوە تەنها لە «دایك»، ڕەوایەتیدانە بەو ئەقڵە پاتریارکییەی (پیاوسالارییەی) بڕوای وایە ژن ئەگەر دایك نەبوو، هیچ شوناسێکی دیکەی نییە.
نووسەر لە درێژەی كتێبەكەیدا باس لەو نەریتە میللی و دواكەوتووانە دەكات و بڕوای وایە ئێستاش پیاوانی كورد هەموویان پاتریاركن و مێردەكان ژنەكانیان ئەتك دەكەن! (ئایا گەر ژن و مێردێك هاوسەر بن، هیچ ئەتككردنێك لە پرۆسەی سێكسیدا هەیە؟) هەروەها دەڵێت كوڕان و كچان لە زانكۆ تێكەڵ نابن و «ئێستاش پیاوەكان ئەرك و ڕۆڵی ژنەكان دیاری دەكەن».
بەڵام ئایا بە شێوەیەكی ڕەها ئەم بۆچوونانە لەجێی خۆیانن؟ ئایا هەموو پیاوان پاتریارك و ژنكوژن؟ ئەم تێڕوانینە وای لە نووسەر كردووە لە پێناو گێڕانەوەی ماف بۆ ژن، وێنەیەك بۆ پیاو دروست بكات كە گوایا دڕندە و خوێنڕێژن. ئەمەش جۆرێک لە «ژنسالاری»یە كە دەبێت ڕەتبكرێتەوە. ژنان نایانەوێت لە پێناو گێڕانەوەی مافەكانیان، مافی پیاوان پێشێل بكرێت؛ بەڵكو دەیانەوێت وەك پیاوان مرۆڤ بن و وەك مرۆڤ ببینرێن. زەقكردنەوەی ژنسالاری لە بەرامبەر پیاوسالاریدا هەڵەیە؛ ئێمە نامانەوێت بكەوینە نێوان ئەو دوو جەمسەرەوە، بەڵكو «مرۆڤسالاری» دەبێت شوێنی هەردووكیان بگرێتەوە تا مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕەگەز هەڵنەسەنگێنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، نووسەر ڕەخنە لە خەباتی چەپ و فێمێنیزمی ڕێكخراوەكانی بواری ژنان دەگرێت و بڕوای وایە شتێكی ئەوتۆیان نەكردووە. كێشەی ئەم نووسەرە لەوەدایە تووشی دۆگماتیزمی هزری بووە؛ بەو مانایەی ئەو هێشتا بە چاویلكەی سی ساڵ لەمەوبەر دنیا دەبینێت و بڕوای وایە هەمان ڕۆژگاری «حەسەن پۆلیس»ی باوكیەتی! بۆیە لە تێڕوانینی ئەودا هیچ نەگۆڕاوە، كە ئەمەش نەبینی و بێ ئاگاییە لە گۆڕانكارییەکان.
ئایا سەردەمی ئێستا وەك سەردەمی بەر لە ڕاپەڕین یان ساڵانی پەنجاكانی هەولێرە؟ ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین كەرەستە و مۆدێلە نوێیەکان بەسەر ژیاندا سەپێنراون؛ بیست ساڵ لەمەوبەر ژنان نەیاندەزانی جوانكاریی لووت، بۆتۆكس و فیلەر چییە، بەڵام ئێستا لەگەڵ مۆدێلەكان دەڕۆن و خۆیان نوێ دەكەنەوە. ئەوە نییە ئێمە لە چاخی سەهۆڵبەندان بژین وەك ئەوەی نووسەر دەیڵێت!
لە کۆتاییدا، نووسەر بەداخەوە هەموو پیاوان وەك دڕندە وێنا دەكات. بەڵام ژنان پیاو وەك دڕندە نابینن و ناشیانەوێت پیاوان لەناو بچن، بەڵكو دەیانەوێت سەرەتا وەك مرۆڤ و دواتر وەك ژن سەیر بكرێن، و پیاوانیش ژن وەک ئامێر و فابریكای منداڵخستنەوە نەبینن.
دوا قسە: ئەوەی دەبێت ستاییش بكرێت «ژن»ە نەك تەنها «دایك»، چونكە ژنێتی لە پێش دایكایەتییەوەیە. دایك هەبێت یان نا، ژن هەر هەیە؛ بۆیە پەسندکردنی ناونیشانی «کتێبی دایک» بە شێوەیەکی ڕەها، جۆرێكە لە بەكەمتەماشاكردن و بێبەهاكردنی ئەو ژنانەی كە دایك نین.
پەراوێز:
• ناوی كتێب: مانفێستی دایك (لە ستایشی دایكدا)
• نووسینی: شێرزاد حەسەن
• بڵاوكراوەی: ناوەندی غەزەلنووس (زنجیرەی ۳۹۸)
• ساڵی چاپ: ۲۰۲٦
