
محمدی مام ڕەسوڵ
لەسیلەی پایزەوە
تا ئەوسەری ڕۆژهەڵاتی سەراب
لە ئەرخەوانی سەر جۆگەکانی دڵی خۆم دەگەڕێم
چونکە ئەو نازانێت کەخودا چەند هەراسانە بەدڵی منەوە !
کە ئەو هەوارە دەنگی نووسابێ و
دەستم بەر پێستی بەیانیەک نەکەوێ
لای ماڵی کام ئێوارە ڕاوەستم ؟!
لای کام دیوارە ڕوخاوەی ژیان چەتری ئەو غوربەتە دانێم !
لەوەتەی قەتاری ژیان بەلای ئەودا تێدەپەڕێ و
لەوەتەی زستان هەیە لەژوورەکەی من دادەنیشێت
بەبێ ئەوەی شەوێک لەخەونیدا بووبم بەماچ
دێت بێ ئەوەی لەسەرکەپری دەقەکانم هەتاو هەڵکات
گەواڵەکانی عومرم لێدەکاتەوە !
پێی بڵێن :
ئەو بەئەدرێسی ماڵەکەمان دەزانێ ،
کەلەگەڵ باران دێتە ژوور
بۆنی چ ئێوارەیەکی لێ دێ و
لەپەنجەرەی کام تەرزەی غوربەت
ڕۆحم لە بیرەوەری خۆی دادەکەنێ ؟
کەچی من ئێستاش هەر سەرقاڵی ئەوەم
دیوانەکانی شیعر پڕکەم لەسێوەکانی ناوی ئەو !
بەهەموو سنەوبەرەکانی سەر ڕێگای دڵم دەڵێم :
بەئەو بڵێن :
ڕۆژی چەندجار ناسکتر لەگوڵ هەڵودەوەرێ و
بەدەم گۆرانیەکی کۆنەوە ، گریان پاڵی دەخات !
ڕۆژی چەندجار وەک شەراب لەژنیەتی خۆیدا دەڕژێ و
دەبێتە سوتووی بەرقاپی غرووری با ؟!
کەیەکتریمان دۆزییەوە بەکام گۆرانیەدا دێ و
لەکام پەنجەرەی جێهێشتنا
دەست دەخاتە سەر قافیەکانی دڵم ؟!
خۆ ئەو لەرزینەی ڕۆحم تازە بەتازە تری دەگرێت !
خۆزگە خەریتەی ئەو عیشقە وانەبا !
