
هەمزە گوڵانی
بە تەنیشت یاسەمینەوە،
سەیرێکی زەیتوونم کرد
داخی گرانم
ئیستا وەک جاران بەڕستەی سەوز
قسە لەگەڵ شیعرمدا ناکات.
لە تەنیشت باشووری نیشتمانەوە،
ڕۆخ مەزارستانی دڵ،
ڕوانیمە کۆبانێی چاوم
چوار چرای خامۆشم
دیار بەکری نادیار...
نەسەر دیار بوو نەسەروەری
زۆر دەترسم ئەمجارەشیان
مێژوو
بیژوو دەربچێت و
زەمەن زمانمان بگۆڕێ.
بەو حاڵەشەوە هێشتا بە تەنیشت خۆمەوە
گوێم لە دڵم ڕاگرتووە پێم دەڵێ:
خێرا بڕۆ،
تا سەر لووتکەی خۆشەویستی ڕامەوەستە!
